بەداخەوە تائێستا ئەو ئومێدە جێبەجێ نەبووە، لەماوەی کەمی حوکمدارێتیدا، بە ناوی "کار و کۆبوونەوە" زۆرکات لە دەرەوەی وڵات بووە، بەتایبەتی لە تورکیا، گرنگتر لەوە دوو هەنگاوی پەلە و نابەرپرسانەی نواند کە کاردانەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەورەی لێکەوتەوە.
یەکەم: بازرگانیکردن بە ناسنامەی شارەکە لە دەرەوە:
سەرۆکی شارەوانی کەرکوکی لەگەڵ خۆی بردە تورکیا و لەوێ واژۆی ئەوەی پێکرد کە کەرکوک بخرێتە ناو "جیهانی شارەکانی تورکی". بیانوەکەش دابینکردنی هاوکاری بوو، دواتر لە تورکیاوە سوپاسی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد، کە بە هیمەتی ئەو دوای ١٠٢ ساڵ تورکمان گەیشتووەتە ئەم پۆستە.
لە ڕووی ڕاستگۆییەوە قسەکەی تەواوە، بەڵام لە عورفی سیاسی و دیپلۆماسی هەڵەیەکی گەورەیە، پارێزگار نوێنەری دەوڵەتی عێراقە لە پارێزگایەکدا، نەک نوێنەری هیچ دەوڵەتێکی دیکە، ئەم لێدوانە ناڕەزایەتی گشتی عێراقییەکانی لێکەوتەوە و بووە مایەی ڕەخنەی توند لە گۆڕەپانی سیاسی و دەستبەژێری عێراقدا، دواتر هەوڵیدا قەرەبووی بکاتەوە و گوتی "قسەکەم بە هەڵە وەرگێڕدرا".
دووەم: لێدانی ناوەکی دەستوور
لێدوانی دووەمیش مادەی ١٤٠ـێ دەستووری عێراقی بوو. ناوبردنی بە "گەورەترین هەڵەی سیاسی دوای ڕژێمی بەعس" و ڕاگەیاندنی "کۆتایی هاتنی" بریندارکردنی ڕاستەوخۆی هەستی شەقامی کوردی بوو، نەک تەنها لە کەرکوک بەڵکو لە سەرانسەری کوردستان، لەکاتێکدا مادەی ١٤٠ مادەیەکی دەستوریە و دادگای فیدراڵی چەندین جار جەختی لە زیندوویی و پێویستی جێبەجێکردنی کردووەتەوە، هەرچەندە کوردیش دەزانێت ئەم مادەیە کەموکوڕی زۆری هەیە و لە ماوەی ٢٢ ساڵدا بووەتە قوربانی ئاستەنگسازی سیاسی، و پرسی کەرکوکی لە پرسێکی سیاسیەوە گۆڕیوە بۆ دۆسیەیەکی یاسایی ڕاوەستاو، بەڵام لای کورد ئەم مادەیە هێمای بەشداریکردنە لە دروستکردنی عێراقی نوێی دوای ٢٠٠٣.
جێگەی ئاماژەیە کە کورد دوای ڕووخانی بەعس و لە ماوەی ١٤ ساڵ حوکمڕانی کەرکووکدا، دەستی بۆ پەیکەر و هێماکانی تورکمان نەبرد، کە لەلایەن عەلی حەسەن مەجیدەوە بۆ چاندنی دووبەرەکی لەشارەکەدا دروستکرابوون. چونکە لای گەلی تورکمان وەک هێمای نەتەوەیی بوون.
کێشەکە لە کوێدایە؟
کێشەکە ئەوەیە کە جەنابی پارێزگار هێشتا خۆی بە سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەبینێت، نەک پارێزگاری کەرکوکی هەمووان، هەر زوو ڕووی ڕاستی خۆی ئاشکرا کرد، لە لێدوانی یەکەمدا بە ساویلکانە و لە دووەمیدا بە قینەوە. ئەوەی دژی مادەی ١٤٠ دەوەستێتەوە تەنها دژی کورد نییە، بەڵکو دژی دەستوور و سەقامگیریی دەوڵەت دەوەستێتەوە، ئەمەش بەرپرسیارێتی سیاسی و یاسایی دەخاتە ئەستۆی.
سیاسەت ئارامگری دەوێت، هەموو ڕاستییەک لە هەر کاتێکدا ناوترێت، بەم هەنگاوە پەلانە و لێدوانە نابەرپرسانە، جەنابی پارێزگار زەرەری لە سێ لایەن دا: لە خۆی ، لە گەلی تورکمان و لەو لایەنەی کە پشتگیری دەکات، کەرکوک شارێکی هاوبەشە، بەڕێوەبردنی پێویستی بە دانایی، لێبووردەیی و خزمەتگوزاری هەیە، نەک درووشم و لێدوانی ئاڵۆزکەر.
جەنابی پارێزگار، هێشتا زوو بوو بۆ ئەوەی ئەم خیانەتە بکەیت.
س. ع
