شەبل زێدی، سەرۆکی هاوپەیمانی خزمەتگوزارییەکان، سەبارەت بە پێویستی پەسەندکردنی یاسای حەشدی شەعبی و بوونى چەک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
زێدی ڕایگەیاند، دوای داگیرکردنی عێراق و سەرهەڵدانی ململانێ نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، کە بووە هۆی داڕمانی سیستەمی ئەمنی و کەوتنی وڵات بەدەست داعشەوە، بە هەوڵى هۆشیاریی جەماوەر و پشتیوانی مەرجەعییەت، پرۆسەی ئەمنی سەرلەنوێ داڕێژرایەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لاوازی دەوڵەت بووە هۆی دروستبوونی پێگەیەک کە لە قۆناغی بێدەسەڵاتیدا بوو؛ بەمەش چەکی عەشیرەت دروستبوو کە تاک پشتی پێ دەبەست و گەیشتە چەکی حزب یاخود ئەو گرووپانەى کە پێوەی بەستراوەتەوە، تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی بە ڕاشکاوی مەزارگە پیرۆزەکان پێویستیان بەوە بێت چەکێک هەبێت، کە پارێزگاری لە سەلامەتی خۆیان و ئەندامانیان و جەماوەرەکەیان بکات.
باسی لەوەشکرد، ئێستا دوای بوژاندنەوەی دەزگا ئەمنییەکان لەگەڵ بوونی حەشدی شەعبی، ئەم چەکە بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاشتی کۆمەڵایەتی، مەترسی ڕاستەقینە لە بەکارهێنانی چەک لە شەڕە ناوخۆییەکاندا، بەتایبەتی لەگەڵ نەمانی دوژمنی دەرەکی کە چەکەکە ڕوو لەوان کراوبوو.
لە کۆتاییدا وتی: پێویستە یاسای حەشدی شەعبی پەسەند بکەن و بەهێزی بکەن و پەرەی پێبدەن و ئامادەی بکەن و ڕێکی بخەنەوە، هەروەها دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا بێت؛ چونکە چەکی دەرەوەی دەوڵەت هەڕەشە لە یەکێتی عێراق و داهاتووی دەکات و هەڕەشە لە ئاشتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی دەکات و ڕێگری لە بەدیهێنانی دەوڵەتێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات.
جێگەى ئاماژەیە، ٣٠ـى ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتا مۆڵەتە بۆ ڕێکخستنەوەی چەکى گرووپە چەکدارەکان، هەروەها کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام تا ئیستا بەشێک لەو گرووپانە ئامادەنین چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
هـ.ئ
