بەپێی ئاماری کۆکراوەی ڕۆژنیوز، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە باشووری کوردستان ٣٩ ژن بوونەتە قوربانی، کە ١٦ـیان کوژراون و ٢٣ـیان بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە، سەبارەت بە دیاردەی کوشتنی ژنان و هۆکارەکان، سەمیرا محەمەد چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
"نەتوانراوە کوشتنی ژنان وەک تاوانێکی گەورە سەیر بکرێت"
سەمیرا محەمەد لە باسکردنی هۆکارەکانی زیادبوونی کوشتنی ژنان دەڵێت، کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا لە بواری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتییەوە پێش نەکەوتووە، کە ڕەوتی کۆمەڵگە بە ئاراستەیەک بڕوات کوشتنی ژنان وەک تاوانێکی گەورە بناسرێت، هەر بۆیە لەم مانگەدا کوشتنی ژنان زیاد بووە و پاساوی کۆمەڵایەتی بۆ کوشتنی ژنان دەهێنرێتەوە و بە شێوەیەک ڕەوایەتی پێ دەدرێت، وەک ئەوەی ژن تاوانبار بێت و کۆمەڵگە مافی ئەوەی هەبێت بە کوشتن سزای بدات، هەروەها تێکشکاندنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و شێوازی هەڵەی وەرگرتنی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە نوێکان، بوونەتە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی ژنکوشتن.
"نەبوونی یەکدەنگی ژنان بۆشایی لە کۆمەڵگەدا دروستکردووە"
ئەو چالاکوانە باس لەوەش دەکات، ناهۆشیاریی ژنان و نەبوونی یەکدەنگی لەنێوان چالاکوانان و ڕێکخراوەکاندا کەلێنێکی تر لە کۆمەڵگەدا درووست دەکات، کەلێنێک کە ژنانی قوربانی لە زۆر حاڵەتدا بەبێ پشتیوانییەکی بەهێز بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانیان جێدەهێڵێت.
دەشڵێت:هێشتا ئەو هەنگاوانە نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی کە کۆمەڵگە هەست بە سڵمێنەوە و ترس بکات لەوەی دەست ببات بۆ کوشتنی ژنێک و بزانێت بەرامبەر ئەو کردارە ڕەتکردنەوەیەکی بەهێزی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و وەک تاوانبارێک سەیر دەکرێت.
"لە میدیاکان پاساو بۆ بکوژانی ژنان دەهێنرێتەوە"
سەمیرا محەمەد چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان جەخت لەوە دەکاتەوە، هەندێک میدیاکان بکوژانی ژنان لە کۆمەڵگەدا بە شێوەیەک نیشان دەدەن کە گوایە پاڵەوانن، یان پاساوی بۆ کردارەکانیان دەهێنرێتەوە و بە کوشتنی ژن ڕەوایەتی دەدرێت، ئەگەر لایەنی حکومەت بە بەرپرسیار بزانین، یاساکانی پەیوەندیدار بە خراپ ەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن، یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و یاسای نەهێشتنی توندوتیژی هەن، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردنی یاسادایە.
بە بڕوای ئەو چالاکوانە، دەبێت دەسەڵاتی حکومەت ئەو پەیامە بە ڕوونی بگەیەنێت کە هیچ کەسێک، تەنانەت باوکیش، بە پاساوی ئەوەی بەخێوکەری کچەکەیە، مافی ئەوەی نییە ژیانی ئەو کۆتایی پێی بهێنێت، پێویستە سزا و دۆخی یاساییی تاوان بە شێوەیەکی ڕوون بۆ تاک دیاری بکرێت، تاک بزانێت ئەگەر دەست ببات بۆ کوشتنی کەسێک، چ سزایەکی چاوەڕێی دەکات، ئەمەش دەتوانێت هۆکاری دروستبوونی ترسێکی یاسایی بێت بۆ ڕێگریکردن لە ئەنجامدانی تاوان و هەڵبژاردنی ڕێگای یاسایی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
"پێویستە حکومەت بە یاسا کار بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان بکات"
سەمیرا محەمەد هەروەها ئاماژە بە کەمی هۆشیاریی یاسایی لە کۆمەڵگەدا دەکات و دەڵێت، هۆشیاریی یاسایی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەمە و پێویستە حکومەت کارێکی زۆرتر لەسەر ئەم بوارە بکات، حکومەت هێشتا نەیتوانیوە ئەو متمانە و هۆشیارییە درووست بکات کە خەڵک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پەنا بۆ ڕێگای یاسایی بەرن، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا کێشەکان بە شێوەی کۆمەڵایەتی و عەشایەری چارەسەر دەکرێن و پشتگیرییەکانیش لە هەمان چوارچێوەدا دەبن، پێویستە حکومەت یاسا و جۆرەکانی سزا بە شێوەیەکی ڕوون بۆ هاووڵاتیان بناسێنێت، بۆ ئەوەی تاک بزانێت هەر کردارێکی تاوانکارانە چ پاشەکەوتێکی یاسایی هەیە و پێش ئەوەی دەست بۆ تاوانێک ببات، چەندین جار بیر لە ئەنجامەکانی بکاتەوە.
"نابێت ژنانی ڕۆژنامەنووس بەرانبەر نادادپەروەرییەکانی ژنان بێدەنگ بن"
سەمیرا محەمەد چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز دەڵێت، ژیانی خۆت هی خۆتە هیچ کەسێکی تر مافی ئەوەی نییە ژیانت لێ وەربگرێت، ئەو ژنانەی لە میدیاکاندا کار دەکەن یان دەستیان داوەتە پرسی ژنان، نابێت لەبەرامبەر ئەو هەموو نادادپەروەرییە و ناحەقییەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، بێدەنگ نەبن، ژنان دەبێت دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن و بە یەکەوە داکۆکی لە مافەکانیان بکەن، بۆ ئەوەی هێزێکی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی درووست بکرێت، هێزێک کە کۆمەڵگە لەوە بترسێت لە پێگەی ژن کەم بکاتەوە، ژیانی لێ وەربگرێت یان ژنان بکاتە قوربانی.
س.خ