تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی دوو ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ژنێکی گەنجی کورد بەناوی بەفرین ئەحمەدوەش خەڵکی گوندی کەچەڵەی سەر بە پارێزگای ورمێ لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو ژنە گەنجە لە کاتی هێرشکردنی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵی هەردوو مامەکەی، بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کراوە.

باس لەوەشکراوە، سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم ژنە بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان تا ئێستا ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک بدەن.

ئەوە لەکاتێکدایە، سێ ڕۆژ لەمەوبەر هەواڵی گەمارۆدانی ئەم گوندە لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و دەستبەسەرکردنی سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی عەیوەز بێهنموون، شەعبان ئەحمەدوەش و ئیبراهیم ئەحمەدوەشی بڵاو کرایەوە.

هاوکات، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٥٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنی ژنێکی کورد بەناوی پەروین ڕاسق قزلباش و خەڵکی شارۆچکەی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ، کە لەلایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەر کرا و هێشتا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

پەروین ڕاسق قزلباش، تەمەنی ٣٣ ساڵە و سەرەڕای سەردان و بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکەی، بەڵام ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی ڕژێمی ئێران خۆیان لە هەر جۆرە وەڵامدانەوەیەک بەدوور گرتووە.

س.خ