شەڕ و ململانێ لە ناوچەکە بەردەوامە و کاریگەری لەسەر هەر چوار بەشەکەی کوردستان داناوە، لەو چوارچێوەیەدا ڕژێمێ ئێران بەردەوام هێرش دەکاتە سەر باشووری کوردستان و بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات، سەلام عەلی، چاودێری سیاسی بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
سەلام عەلی، بە ڕۆژنیوزی وت: هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە، بە مەبەستی بەرفراوانکردنی ناوچەی جەنگەکە و لێدانە لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، هەروەها ڕژێمی ئێران لەو ناوچانەدا کە کاریگەری هەبووە، بە بەردەوامی هەوڵی تیرۆرکردنی هێزە دژبەرەکانی خۆی داوە، لە هەرێمی کوردستانیش بەردەوام هەوڵی تیرۆرکردنی کادر و سەرکردەی حزبە شۆڕشگێڕییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە.
سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر وتیشی: تیرۆرکردنی کەسایەتییە شۆڕشگێڕییەکانی ڕۆژهەڵات لە شاری هەولێر، جێی گومانە و پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە دەسەڵاتدارانی ئەو شارە یان بە ئاگاییەوە بەرپرسیارییەتی ئەو شۆڕشگیڕانەی کە لەو ناوچەیەدان لە ئەستۆ بگرن، یان ئاگاداریان بکەنەوە کە بچنەوە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەو چاودێرە سیاسییە باسی لەوەشکرد، ئەوەی لە ئێستادا ڕۆڵێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینێت، تەنها پژاکە، چالاکییەکانی پژاک ترسێکی زۆری لای دوژمن درووستکردووە، لەم ماوەی پێشوودا ڕژێمی ئێران چەند هاووڵاتییەکی لە شاری بانە شەهیدکرد و پژاکیش تۆڵەی ئەو هاووڵاتیانەی لە ڕژێم کردەوە و ڕایانگەیاند، دەستدرێژیکردن بۆ سەر هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ وەڵام نامێنێتەوە.
سەلام عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، پژاک چەند جارێک هەوڵیداوە لەگەڵ حزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەرەیەکی هاوپەیمانی درووست بکەن، لەگەڵ بوونی کەموکوڕییەکانیشیدا بەرەیەکی هاوپەیمانیان درووستکردووە، نابێت وەکو باشووری کوردستان هەر حزبە و هێزێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، بەڵکو پێویستە سوپایەکی ڕزگاری نیشتیمانی پێکبهێنن و بە یەکگرتوویی کار بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی کێشەی ناوخۆیی درووست نەبێت.
لە کۆتاییدا سەلام عەلی وتی: دەوڵەتی تورکیا پێیوایە ئازادبوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان مەترسی لەسەر ئەویش درووست دەبێت، بۆیە دەیەوێت هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە یارمەتییە دەرەکییەکان بێبەش بکات، بەڵام بەرژەوەندی هێزە هاوپەیمانەکان و ئەمریکا لەوەدایە، کە هێزە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوشانی ئەوان بەشداربن لە جەنگەکە و لەو ڕێگەیەوە ئێران لاواز ببێت.
ئ پ
