لەناوجەرگەی سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەنادا، چایخانەیەک بە ناوی "پەرلەمان" هەیە تەمەنی بە هێندەی مێژووی هاوچەرخی عێراق دەبێت، سەرەڕای سادەیی دیمەنى چایخانەکە، ئەم چایخانەیە لە ساڵی ١٩٣٣ـوە دروستکراوە و بووەتە مەڵبەندێکی گەرموگوڕ بۆ دیبەیت و گفتوگۆی سیاسی.

عەماد فەنی، خاوەنی چایخانەکەیە و بە ڕۆژنیوزى وت: هەڵکەوتەی سیاسیی شوێنەکە بێ قوربانی نەبووە، زۆرجار ڕۆشنبیران و ئەندامانی چایخانەکە بەهۆی هەڵوێست و چالاکییە سیاسییەکانیانەوە لەلایەن دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە، گرتن و سزای دادوەری بونەتەوە.

نهێنیی ناونانی ئەم شوێنە بە "پەرلەمان" دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەشوهەوا تایبەتەی لەناو چایخانەکە هەبووە، عەدنان هاووڵاتییەکە و دەڵێت: دانیشتنەکانی ناو چایخانەکە تەواو لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەچوون، ڕۆژانە بازرگانان، چالاکوانان، کەسایەتییە سیاسییەکان و پیاوانی ئاینی لە دەوری یەک کۆدەبوونەوە؛ باس لە گرفتە گشتییەکان دەکرا، ڕا و بۆچوون ئاڵوگۆڕ دەکرا و جیاوازیی بیروڕاکان بە ڕێزەوە وەردەگیرا، تەنانەت کار دەگەیشتە ئەوەی ئامادەبووان لەسەر پرسیار و بابەتی ڕۆژ لە نێوان خۆیاندا دەنگدان ئەنجام بدەن.

تا ئـێستاش چایخانەی پەرلەمان بەردەوامە لە پاراستنی مۆرکی ڕەسەنی خۆی، شوێنێکە کە تێیدا هاووڵاتیی ئاسایی دەبێتە پەرلەمانتار؛ بە ئازادی گفتوگۆ دەکات، ڕەخنە دەگرێت، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و دەنگ دەدات، ئەگەرچی بڕیارەکانی ناو ئەم پەرلەمانە میللییە لە سنووری دەرگای چایخانەکە تێنەپەڕن، بەڵام وەک سەکۆیەکی زیندووی ئازادیی ڕادەربڕین و فکرى مێژوویی سەماوە بە زیندوویی ماوەتەوە.

هـ.ئ

10 وێنە
1 / 10