قۆناغەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی لە ڕووی زانستییەوە

لە ڕووی زانستییەوە، گۆڕانی دیمۆگرافی لە ڕێگەی کڕین و فرۆشتنی موڵکەوە بە چەند قۆناغێکی یەکدوایەکدا تێدەپەڕێت:

لاوازیی ئابووریی سەرەتایی، بەهۆی قەیرانی دارایی یان لاوازیی دابینکردنی بژێویی دانیشتووانی ڕەسەن، زەوی و زار دەخرێتە بازاڕەوە و سەرمایەداریی نێودەوڵەتیی یان ناوخۆیی ئەم هەلە دەقۆزنەوە بۆ کڕینی موڵکەکان بە نرخێکی گونجاو.

بێگومان ئەم پرۆسەیە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی خانووبەرە و هەڵاوسان و گرانیی کە لە ئابووریدا بە "پەرەپێدانی چینایەتیی ناوچەکان" ناسراوە و ئەودۆخەش وادەکات دانیشتووانە ڕەسەنەکە توانای مانەوەیان نەمێنێت و ناچار بە کۆچکردن دەبن بۆ پەراوێزی شارەکان یان ناوچەکانی تر، هەر بۆیە ئەو بۆشاییەی درووستبووە، بە خاوەن موڵکە نوێیەکان پڕ دەبێتەوە و نەخشەی دیمۆگرافی دەگۆڕێت.

ڕەهەندە جیهانییەکانی دیاردەکە

بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە، دەکرێت بڕوانینە چەند ئەزموونێکی جیهانی کە دیمۆگرافیا و کولتووریان تێدا گۆڕاوە:

لە کیشوەری ئەفریقا ملیۆنان هێکتار زەویی کشتوکاڵی فرۆشراون بە وڵاتانی دەوڵەمەند و کۆمپانیاکانی چین و هیندستان، دەرەنجامەکە بریتی بووە لە دەرکردنی جووتیارانی خۆجێیی و لەناوچوونی کولتووری کشتوکاڵی نەریتی و سەرهەڵدانی شەپۆلی کۆچی بەکۆمەڵ.

دیسان دارستانەکانی ئەمازۆن (ئەمریکای لاتین)، کە فرۆشتنی ڕووبەرە فراوانەکانی دارستان بە کۆمپانیاکانی کشتوکاڵی و کانزاکاری، بووەتە هۆی تێکدانی ژینگەی هۆزە ڕەسەنەکان و کۆچپێکردنیان، هەروەها تێکچوونی زمان و دابونەریتی ئەو ناوچانە.

هەروەها دوورگەکانی زەریای هێمن و ئەورووپا (وەک هاوای، ئیسپانیا و یۆنان)،  فرۆشتنی زەوییە کەنارییەکان بە گەشتیاران و سەرمایەداران وایکردووە دانیشتووانی بیانی ببنە زۆرینە، ئاستی بژێوی بە جۆرێک بەرزبێتەوە کە خەڵکی ڕەسەن ناتوانن لە زێدی خۆیاندا بژین.

لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەتیش، کرانەوەی بازاڕ و نەرمکردنی یاساکان وایکرد کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان کۆنترۆڵی زەوییە بەپیتەکانی ئوکراینا و ڕۆمانیا بکەن، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جووتیارە سەربەخۆکان و کۆچکردنی گەنجان.

دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دیاردەکەدا

کاتێک ئەم مۆدێلە جیهانییە بەراورد دەکەین بە دۆخی ئێرە، دوو جۆر گۆڕانکاریی سەرەکی بەدی دەکرێت:

  • گۆڕانی پیلان بۆ دانراو و سیاسی لە (ناوچە دابڕێنراوەکان) لە نموونەی ناوچەکانی وەک کەرکووک، خانەقین و مەخموور و هەروەها شێوازى فرۆشتن و دەستبەسەرداگرتنی زەوی زیاتر ڕەهەندێکی سیاسی و ئەمنیی هەبووە (وەک سیاسەتی تەعریب لە ڕابردوو و ئەمڕۆدا).

 

  • گۆڕانی ئابووری و بازاڕی ئازاد؛ هەرێمی کوردستان بە نموونە:

کڕینی موڵک لەلایەن هاووڵاتییانی عەرەبی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە زیاتر سرووشتێکی بازرگانیی و سەرمایەداریی هەیە، گەڕان بەدوای سەقامگیریی ئەمنیی و هەلی وەبەرهێنان هۆکاری سەرەکییە بەڵام هەرچەندە پاڵنەری سیاسیی ڕاستەوخۆی لە پشتەوە نییە، بەڵام هەمان کاریگەریی درێژخایەنی هەیە لەسەر دیمۆگرافیای شارەکان.

دەرئەنجام

دیاردەی فرۆشتنی زەوی بە ڕێژەیەکی بەربڵاو تەنها مامەڵەیەکی بازرگانیی کورتخایەن نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی کاریگەرە کە نەخشەی دیمۆگرافی و ناسنامەی کولتووریی ناوچەکان دادەڕێژێتەوە.

ئەزموونە جیهانیی و ناوخۆییەکان پێمان دەڵێن؛ بەبێ بوونی یاسای توند و ڕێکخراو بۆ پاراستنی خاوەندارێتیی زەوی و ڕێگریکردن لە قۆرغکاریی سەرمایە، پێکهاتە ڕەسەنەکان هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەی کاڵبوونەوە و لەدەستدانی زێدی خۆیاندان، لەبەر ئەوە، پاراستنی زەوی لە بنەڕەتدا، پاراستنی مانەوە و کولتوورە.

ئـ.ع