دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی سەبارەت بە دەستگیرکرنى چەند فەرمانبەرێک بە تۆمەتى دزی و بەرتیل وەرگرتن لە پارێزگاى نەجەف، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی نەجەف چوونەتە سەر لقی دەستەی خانەنشینیی نیشتیمانی و یەکێک لە لقەکانی بانکی ڕەشید لە پارێزگاکە، دوای گەڕان و بەدواداچوون توانویانە ئەوە ئاشکرا بکەن، کە ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی بانکەکە بڕی مووچەی خانەنشینێکی کۆچکردوویان بۆ چەند ساڵێک دزیووە.

هاوکات تیمەکانیان دوو فەرمانبەری یاساییان لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی نەجەف دەستگیرکردووە، لەسەر پێشینەی داواکردنی بەرتیل لە کەسێک، لە کاتی وەرگرتنی قۆناغی یەکەمی بڕی بەرتیلەکەکەدا دەستگیرکراون.

ئاماژەی بەوەشکراوە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەفی تایبەتمەند بە دۆسییەکانی دەستپاکی، بڕیاری ڕاگرتنی تۆمەتبارانی بەپێی ماددەی (٣١٥، ٣٠٧) لە یاسای سزادان داوە، بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەکاندا.

هـ.ئ