نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانى دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەوى نوری مالیکی و جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانى دەوڵەتی یاسا پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داهاتووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، و ڕێگاکانی بەهێزکردن و گەشەپێدانیان لە بواری جیاجیادا کرا، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵاتدا بگوونجێت و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و سەروەری و سەربەخۆیی عێراق بپارێزێت,

ئاماژەی بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکە باسی لە هەوڵەکانی حکومەت کرا لە بواری کۆنتڕۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، مالیکی جەختی کردەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی لیژنەیەکی پێکهێناوە کە بەم زووانە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتدا دەست بە کارەکانی دەکات، بە مەبەستی دۆزینەوەی ئامرازی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆسەیە.

مالیکى جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە، بە شێوەیەک کە یەکێتیی هەڵوێستی نیشتمانی گەرەنتی بکات و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بپارێزێت، دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکانی مەرجعن لە بەڕێوەبردنی دۆسیە ئەمنی و سەربازییەکاندا.

لە لایەنی خۆیەوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا ستایشی ڕۆڵی سیاسیی نوری مالیکی و بەشدارییەکانی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیری و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان، پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ هەڵوێستەکانی کە پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەت دەکەن لە چارەسەرکردنی دۆسییە نیشتمانییەکان و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت.

جێگەى ئاماژەیە، ٣٠ـى ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتا مۆڵەتە بۆ ڕێکخستنەوەی چەکى دەستی گرووپە چەکدارەکان، هەروەها کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام تا ئیستا بەشێک لەو گرووپانە ئامادەنین چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

هـ.ئ