وەزارەتی دەرەوەی چیللی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داخستنی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئێران ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئامانج لەو بڕیارە ڕێکخستنەوەی سەرچاوەکان و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام جەختیش لەوەکراوەتەوە، کە ئەم بڕیارە واتای پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناگەیەنێت.

ئاماژە بەوەشکراوە  سەرجەم کار و خزمەتگوزارییە کونسوڵییەکانی هاووڵاتیانی چیللی لە ئێران دەگوازرێنەوە بۆ کونسوڵگەرییەکەیان لە ئەنقەرە.

ئەم هەنگاوەی چیللی لەکاتێکدایە پێشتر خوسيه ئەنتۆنیۆ كاست سەرۆکی ئەو وڵاتە دووپاتیکردووەتەوە کە ئەوان هاوپەیمانی ئازادی و دیموکراسیین و لەهەمان کاتیشدا هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە سەرکۆنەکردووە.

ئـ.ع