محەمەد ئەمین جووتیارە كوردەكەی گوندی شەناغەی سنووری پارێزگای کەرکووک، سەبارەت بە سزادانى دارایی لەلایەن دادگاى کەرکووکەوە و تانەدان لە بڕیارەکەى دادگا، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیارى نوێی خستەڕووو.
محەمەد ئەمین ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای تاوانەكانی كەركووك بڕیاریدا بە سزادانی بڕی یەك ملیۆن دینار بەسەرماندا، بڕیارەكەی دادگا نادادپەروەرییە و لەسەر ئاستێكی باڵاتر تانەی لێدەدەین، بۆ ئەوەی مافەكانی خۆمان وەربگرینەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو پرسە پەیوەستە بە چارەنووسی پرسێكی نیشتیمانیی و تەنیا پرسی من نییە، بۆیە هەموو لایەك دڵنیا دەكەمەوە بەردەوام دەبم لە پارێزگاریكردن لە خاكی كوردستان، هەتا دڵۆپێك خوێنمان تێدابێت بەرگریی لەخاك و خەڵك دەكەین، ئەو زەوییانەش كە بوونەتە كێشە، زەوی كوردانە و پێویستە بگەڕێندرێنەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان.
لەبارەی بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی كەركووكیشەوە، محەمەد ئەمین، جوتیارە كوردەكە وتی: دڵنیام ئەو بڕیارە دەستێوەردانی تێداكراوە و ئەو بەڵگانەی خستوومانەتەڕوو لە دادگاییەكەدا، بەسە بۆ ئەوەی ڕاستییەكان دەربخات، كە سەربازەكەی عێراق هەوڵی خنكاندنی من دەدات، نەك من دەستدرێژییم كردبێتە سەری.
جێگەى ئاماژەیە، ١٧ـى شووباتی ٢٠٢٥ لە گوندی شەناغە، سەربازێکی سوپای عێراق لە كاتی هەوڵدان بۆ دابەزاندنی محەمەد ئەمین لەسەر تراكتۆرەكەی کە زەوییەکانی داگیرکرابوو، بە ملپێچەکەی ڕایکێشا، بەڵام دواتر سكاڵای لە دژی جووتیارەكە تۆمار كرد.
هـ.ئ

