ڕۆژی ١٠ـی ئەم مانگە “یاسای چوارچێوە” لە پەرلەمانی تورکیا پەسەند کرا کە پەیوەستە بە چارەسەری پرسی کورد و جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، یاساکە کاردانەوەی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە هەر لە تەڤگەری ئازادی کوردستانەوە تا نووسەر و رۆژشنبیران و گەل بە گشتیی، چونکە تێیدا ئەرک و ڕۆڵی رێبەر ئاپۆ دیاری نەکراوە، هەروەها لە بنەما سەرەکییەکانی دەستووردا گۆڕانکاری نەکراوە لەو بارەیەوە ئارام حاجی یاساناس و توێژەر قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد.
" دەبوایە لە سەر بنەمای دەستوور مامەڵە بکرایە"

ئارام حاجی دەڵێت: لە پرسێکی ئاوا هەستیار و پڕ لە ململانێ دەبوایە لە سەر ئاستی دەستوور گۆڕانکاری بکرایە و بنەما سەرەکییەکانی دەستوور هەموار بکرایەتەوە، بەڵام وەک بینیمان لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانی پڕۆژە یاسایەک دەستیپێکرد و پەسەند کرا، گرفتە بنەڕەتییەکە لە چەند ڕەهەندێکی جیاوازدایە، دەبوایە لەسەر بنەمای دەستوور بوایە، بۆیە وا دەڵێین چۆن ئەم یاسا سەرەڕای دانپێدانان و لە سەرەتادا ئەرێنی مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بەڵام وەک هەر یاسایەکی تر مەترسی هەڵوەشاندنەوەی هەیە.
ئارام حاجی وتیشی: واتە ئەگەر گۆڕانکاری لە دەستووردا بکرایە ئەوکات زیاتر جێی متمانە دەبوو، بەڵام ئەم یاسایە هەرکات بیانەوێت بە زۆرینە دەتوانن هەڵیبووەشێننەوە، لە جەوهەردا دەبوایە لە سەر بنەمای دەستوور مامەڵە بکرایە، بەڵام ڕێگرییەکانی بەردەم هەموارکردنەوەی دەستوور ئەم پڕۆژە یاسای لێ بەرهەم هات، لایەنێکی تری نەرێنی ئەم یاسایە ئەوەیە کە لایەنە سزای و ئەمنییەکەی لە پێشە کە ئەمەش گومانەکان زیاتر دەکەن.
" تورکیا دەبێت دان بە ڕەوایەتی بەرخۆدانی کورددا بنێت"
لە بەردەوامی قسەکانیدا ئارام حاجی دەشڵێت: تورکیا بۆ سەر خستنی پڕۆسەی ئاشتی پێویستی بەوە نییە بێت یاسایەک دەربکات کە زیاتر لایەنی سزای لە پێش بێت، ئەمە لە کاتێکدا لایەنی بەرانبەر بۆ تێکۆشانەکەی ڕەوایەتییەکی تەواوی هەیە کە تەڤگەری ئازادییە و بەکارهێنانی ناوی تیرۆر دژایەتی پرۆسەکەیە لە لایەن تورکیاوە، تورکیا دەبێت دان بە ڕەوایەتی بەرخۆدانی کورددا بنێت، چونکە بەڕێوەبەری ئەم تەڤگەرە چەندین جار خاوەنی دەست پێش خەری ئاشتییە نەک ئەوەی دەوڵەت بەو شێوەیە باسی دەکات.
ئەو یاساناسە باسی لەوە کرد، لایەنێکی ئەرێنی ئەوەیە کە لە تورکیا پرسێک هەیە و پێویستی بە چارەسەرە، ئەمە سەرەتایەکەی باشە لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیاوە کە هەمیشە ئینکاری لە بوونی نەتەوەیی، نیشتیمانی و کلتوری کورد دەکرد، دەبوو لە لایەنی حکومەتی ئەنقەرەوە بە زمانێکی جیاواز لەوەی لە ناو یاساکەدا هاتووە مخاتەبەی پڕۆسەی ئاشتی بکرایە، بۆ ئەم قۆناغە پێویستە تەڤگەری ئازادی دەست بە بنەماکانی تێکۆشانییەوە بگرێت و دیاریکردنی پێگەی ڕێبەری ئەم تێکۆشانە کە ڕێبەر ئاپۆیە مەرجی سەرەکیبێت.
" ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت مسۆگەر بکرێت"
ئارام حاجی ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک بڕیار لە چارەسەرکردنی پرسێکی ئاوا گرنگ و چارەنوسساز دەدرێت پێویست ناکات دەوڵەت بەو شێوەیە نزیک بێتەوە و ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت مسۆگەر ببێت چیتر لە زیندان نەمێنێتەوە، نازانین بۆ دەوڵەت ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ناکات گەل داواکاری هەیە، دەیەوێت تێبگات لەوە بابەتەکە چییە، با ڕێبەر خۆی بێت ڕاستەوخۆ قسە بکات و کۆبوونەوە بکات، دەرفەتەکانی ڕێبەرایەتی بۆ ئاشتی و دیموکراسی فەراهەم بکرێت.
لە کۆتایشدا ئارام حاجی دەڵێت: دەبێت بە یاسا ڕێگە خۆشبکرێت بۆ کاری ئازاد، ناکرێت کەجەکە هەر لە قەندیل بێت بۆ نوێنەری کەجەکە بەشداری دانوستاندنەکانی پەرلەمان بکات، ئەمانە پرسیارن ئەگەر تورکیا نییەتی ڕاستە بۆ دەست و پەنجە لەگەڵ پرۆسەی ئاشتی نەرم ناکات، بۆ تورکیا شوناسی تیرۆر دەسەپێنێت لە کاتێکدا ئەوە خۆی دایناوە و لە جەوهەردا شتێکی دیکەیە، تورکیا دەبێت بزانێت بەردەوامیدان بە بەرخۆدان لە لایەن ڕێبەر و تەڤگەرەوە و گۆڕانکاری ناوچەکە تورکیای ناچار بە پڕۆسەی ئاشتی کردووە و نەک لاوازی بەرخۆدان.
هـ.ح
