دەستەی دەستپاکیی عێراق، سەبارەت بە دەستگیرکردنی پێنج بەرپرس بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە سامانی گشتیی لە پارێزگای بابل، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەستەکە ڕایگەیاندووە، تیمێکیان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی بابل پێکهێناوە؛ بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو زانیارییانەی پێیان گەیشتبوو سەبارەت بە بوونی سەرپێچی لە (بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی تەلیعە) کە یەکێکە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی لە بابل، کە خۆی لە دەرکردنی نووسراو بەرامبەر بە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانوبەرە (تاپۆ) دەبینییەوە بۆ هەڵگرتنی دەستبەسەرداگرتن لەسەر (٨) موڵک کە بەپێی یاساکانی مادەی (٢٥) فرۆشرابوون؛ بە مەبەستی تۆمارکردنیان بە ناوی سوودمەندبووانەوە، بە پشتبەستن بە وەسڵی دارایی وەهمی (سەختە)، بێ ئەوەی ئەو بڕە پارانەی کەوتوونەتە سەر موڵکەکان بۆ حساباتی شارەوانی بدرێن.
ئاماژە بەوەشدراوە، دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی زانیارییەکان و بەدەستهێنانی بڕیاری دادوەری، تیمەکە چوونەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی و توانیویانە بەڕێوەبەری شارەوانی و جێگرەکەی و ژمێریار و یاسایی و بەرپرسی هۆبەی موڵکوداراییەکان دەستگیر بکەن، هاوپێچی دەستبەسەرداگرتنی دۆسییەی ئەو موڵکانەی کە سەرپێچییەکەیان دەگرتەوە.
ڕوونیشیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە لە هەوڵێکدا بۆ داپۆشینی سەرپێچییەکە، تۆمەتباران وەسڵی دواخراویان ئامادەکردووە.
دەستەی دەستپاکی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی ڕێکارە یاساییە گونجاوەکان، تۆمەتباران و دەستبەسەرداگرتووەکان (وەسڵ و بەڵگەکان) خراونەتە بەردەم دادوەری تایبەتمەند.
ب. جـ
