ئەمڕۆ، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سەبارەت بە داخستنی چەند بنکەیەکی کۆڕەک تیلیکۆم لە شاری بەغداد، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستەی ڕاگەیاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، چەند ڕێکارێکی مەیدانی گرتەبەر بۆ داخستنی ژمارەیەک بنکەی سەر بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم لە بەغدادی پایتەخت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێکارەکان داخستنی سێ سەنتەری فرۆشتنی کۆمپانیاکە لە ناوچەکانی (عەرەسات، شەقامی فەلەستین و مەنسوور) دەگرێتەوە، سەرباری داخستنی بنکەی سەرەکیی کۆمپانیاکە لە ناوچەی جادریە، ئەمەش بە ئامادەبوونی تیمە تایبەتمەندەکانی دەستەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جێبەجێ کراوە.

دەستەکە ئەوەشی خستەڕوو، ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی دەستەکە دێت، بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی سەبارەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەرچوون، هەروەها بۆ تەواوکردنی ئەو پێداویستییە یاسایی و ڕێکخستنییانەی پەیوەستن بە ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیاکە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە حکومی و ئەمنییەکان.

لە کۆتاییشدا دەڵێت: بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری ڕێکاری پێویست، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکان بەپێی یاسایی، بە جۆرێک کە مافەکانی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندیکردن پارێزراو بن.

س. ع