پەرلەمانتارانى هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سەبارەت بە ناردنى ناوى کاندیدەکانیان بۆ وەزارەتی ناوخۆ و خوێندنی باڵا عەلی زەیدى، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێن.

عوسمان شەیبانی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵبژاردنی هەردوو وەزیرەکە لە ڕۆژانی داهاتوودا، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ناوی کاندیدەکانی بۆ هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ناردووە.

هەروەها عەلی دەڕاجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بژاردەکان لەبەردەم سەرۆکوەزیران فراوان بن و دەسەڵاتی هەڵبژاردنی هەبێت، هاوپەیمانییەکەیان بۆ هەر وەزارەتێک سێ ناوی پێشکەش کردووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، دەوڵەتی یاسا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆ سێ ناوى پێشکەش کردوون، ئەوانیش بریتین لە: فەریق قاسم عەتا، یاسر مالیکی و فەریق عودەی سەمیر.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵاش بە هەمان شێوە سێ ناویان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.

١٤ـی ئایاری ئەمساڵ، لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر ١٤ کاندیدی کابینەی حکومەت درا، کاندیدی نۆ وەزارەت مابوون کە کاندیدی چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا ڕەتکراونەتەوە و متمانەیان وەرنەگرتووە.

هـ.ئ