پڕۆفیسۆری بە ناوبانگی بواری شوێنەوارناسی، دەیڤد وێنگرۆو لە وتارێکی نوێیدا باسی گرنگیی بەرهەمە مێژوویی و فەلسەفییەکانی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەکات و شیکردنەوە و تێزەکانی ڕێبەر ئاپۆ، سەبارەت بە مێژووی کۆن و مرۆڤایەتی پشتڕاست دەکاتەوە.
وێنگرۆو لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لەم ناوچەیەدا توانیوێتی گەورەترین داهێنانە ژیارییەکان بەبێ بوونی سیستەمێکی سەرکوتکار و زۆرەملێ بەدی بهێنێت، ئەمەش هیوایەک بۆ بونیادنانی جیهانێکی دوور لە چەوساندنەوەی دەسەڵاتەکان دەبەخشێت.
باسیلەوەشکردووە، پێش مێژوویەکی درێژ و لە کاتی ئەنجامدانی توێژینەوەی شوێنەواری لە بناری چیاکانی زاگرۆس و دەوروبەری هەڵەبجە، لە ڕێگەی مرۆڤناسی کۆچکردوو دەیڤد گرێبەر پێشەکیی کتێبی "مانیفێستۆی کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی ڕێبەر ئاپۆی پێگەیشتووە.
هەروەها وێنگرۆو وتی: تێڕوانینەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەربارەی سەردەمی چاخەبەردینە نوێیەکان (نیۆلیتیک) و گەڕان بەدوای ڕەگی کۆمەڵگە جێگرەوەکاندا، بە تەواوی لەگەڵ دۆزینەوە شوێنەوارییەکانی ناوچەکەدا دەگونجێن، بە تایبەت تابلۆی دێرینی ئەشکەوتی "دەربەندی گاور" لە قەرەداغ کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و وەک هێمایەکی کۆن بۆ چەوساندنەوە و ژێردەستەیی مرۆڤەکان دەردەکەوێت.
شوێنەوارناس جیهانی وێنگرۆو لە درێژەی وتارەکەیدا وتیشی: سیستەمەکانی سەرکوت و تاڵانکاری کە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەریانهەڵدا، تاوەکوو ئەمڕۆش بە شێوازی جۆراوجۆر وەک "تەکنۆ-فیودالیزم" بەردەوامن، بەڵام تیۆرییەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ئەوە دەسەلمێنێت کە شێوازەکانی ئازادیی مرۆڤیش دەتوانن لە قۆناغە جیاوازەکاندا سەرلەنوێ سەر هەڵبدەنەوە.
دەشڵێت: سەردەمی چاخی بەردینی نوێ لەم ناوچەیەدا، سەرچاوەی داهێنانە گەورەکانی مرۆڤایەتی بووە وەک کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، چنین، پیشەسازیی کانزا و تەلارسازی، کە سەرجەمیان بەبێ هەبوونی پێکهاتەیەکی دەسەڵاتخوازی یان بونیادێکی ماددیی زۆرەملێ لە ناوچەیەکی بەربڵاودا گەشەیان کردووە و بڵاوبوونەتەوە.
هەروەها وێنگرۆو سەرنج بۆ مێژووی تراژیدیی ناوچەکە ڕادەکێشێت، کە چۆن یەکەمین شۆڕشە کەلتوورییەکانی مرۆڤایەتی، دواتر خرانە خزمەت سیستەمەکانی داگیرکاری و تاڵانکارییەوە و بۆ ماوەی چوار هەزار ساڵ ناوچەکەیان کردە گۆڕەپانی یارییە خوێناوییەکانی ئیمپراتۆریەتەکان.
لەکۆتایی وتارەکەیدا وێنگرۆو ڕایگەیاند، لە جیهانی ئەمڕۆدا ماسکی دەسەڵاتەکان کەوتووە و چیتر پاشاکان ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە، بۆیە دژایەتیکردنی ڕوانگە جەوهەرییەکانی ئۆجالان کارێکی ئەستەمە، چونکە ئەو بە وردی لەم خاکەدا پرسیارێکی چارەنووسساز دەورووژێنێت، کە ئایا ئەم سیستەمە چەوسێنەرەی ئێستا، بەڕاستی تاکە بژاردەیە کە مرۆڤایەتی لەبەردەستیدا بێت؟
دەربارەی ژیان و میراتی زانستیی دەیڤید وێنگرۆو:
- پێگەی ئەکادیمی و بەرهەمی جیهانی
دەیڤد وێنگرۆو، پڕۆفیسۆری بەناوبانگی بەریتانی لە بواری شوێنەوارناسیی بەراوردکارییە لە زانکۆ (UCL)ـی لەندەن و دەرچووی زانکۆی ئۆکسفۆردە، وێنگرۆو بە یەکێک لە بیرمەندە هاوچەرخە هەرە کاریگەرەکانی جیهان دادەنرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەگەڵ مرۆڤناسی کۆچکردوو دەیڤد گرەیبەر، کتێبی ناوداری جیهانیی "دەستپێکی هەموو شتێک: مێژوویەکی نوێ بۆ مرۆڤایەتی"یان نووسی کە وەرگێڕدراوەتە سەر دەیان زمانی جیهانی.
- پڕۆژەی فیکری و پەیوەندی بە کوردستانەوە
پڕۆژەی فیکریی وێنگرۆو لەسەر بنەمای تێکشکاندنی ئەو تێڕوانینە باوە بونیاد نراوە کە دەڵێت: پێشکەوتنی مرۆڤایەتی بەبێ بوونی دەسەڵاتی سەرکوتکار مەحاڵە، وێنگرۆو لە ڕێگەی توێژینەوە و کنەوپشکنینە مەیدانییەکانی لە کوردستان (بەتایبەت لە ناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە)، لەگەڵ تێڕوانینە فەلسەفییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هاوڕایە و بە بەڵگەی شوێنەواری دەسەلمێنێت کە مرۆڤەکان لە چاخی بەردینی نوێدا، کۆمەڵگەی پێشکەوتوویان بەبێ بوونی سیستەمی چەوسێنەر بونیاد ناوە.
بـ. قـ
