لە سایەی نەبوونی چارەسەری کاریگەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر، عێراق ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی زیادتر بووەتەوە، ڕووداوەکان دەریانخستووە کە کەلێنی نێوان سیاستە ڕاگەیەندراوەکان و واقیعی مەیدانی ڕوو لە فراوانبوونە، ئەمەش مەینەتییەکانی ژنان قووڵتر دەکاتەوە و سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لاواز دەکات.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نامەیەکی بەپەلەی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و تێیدا داوای کرد هەنگاوی بڕیاربدەرانە بنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزادان و گەرەنتیکردنی پاراستنی مافەکانی ژنان و کچان، لە نامەکەدا جەختی کردەوە عێراق هێشتا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ دەبێتەوە، کە پێویستی بە ئیرادەیەکی سیاسیی جدی هەیە، بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییان.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، سەرۆک وەزیرانی عێراق نزیکەی سێ مانگ پیش ئێستا دەستبەکاربووە، سەرەڕای بەڵێنەکانی لە بەرنامەی حکومەتەکەیدا، پێشکەوتنی بەرچاوی لە دۆسیەی مافەکانی مرۆڤدا بەدەستنەهێناوە، ڕێکارەکانی پەیوەست بە بەهێزکردنی ژنان و پشتگیریکردنی ڕێکخراوە سەربەخۆکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە سنووردار هەژمار کرد، کە ناگونجێن لەگەڵ قەبارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم کۆمەڵگەی عێراقی.

نامەکە باسی لە دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان کرد و بە باو و بڵاو وەسفی کرد، لە سایەی ڕێگرییە کۆمەڵایەتی، عەشایەری و ئایینییە پارێزگارەکاندا کە بەسەر کۆمەڵگەدا زاڵن، هەروەها جەختیشی لە نەبوونی ئاماری فەرمی، ڕاستیی ڕوودانی تاوانەکانی کوشتن بە پاساوی پاراستنی شەڕەف کردەوە ، ئەمەش پێویستی بە دەستوەردانی یاسایی بڕیاربدەرانە هەیە بۆ پاراستنی قوربانییان.

لە نامەکەیدا، لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕەخنەی لەو یاسایانە گرت کە مافەکانی قوربانییەکان توندوتیژی لاواز دەکەن، ژنان لە عێراقدا بێبەشن لە ئامرازەکانی پاراستنی بەرامبەر هەڕەشەی کوشتن، داواشی لە دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن کرد، کە لە پێشینەی کارەکانیاندا یاسایەکی گشتگیر پەسەند بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەر و دابینکردنی پەناگەی ئارام بۆ ئەو کەسانەی ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە.

هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی بەردەوامیی گوشارەکانی سەر ئازادیی دەربڕین کرد، لە ساڵانی دواییدا ئامانجگرتنی سیستماتیکی چالاکوانان، توێژەران و ڕۆژنامەنووسان بەخۆیەوە بینیوە، سەرچاوەکان ڕوونیان کردووەتەوە،کردەوەکانی ڕفاندن زیادی کردەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پاشەکشەیە لە ئەمنی بۆ کارمەندان بەتایبەتی لە بواری گشتیدا.

ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای لە حکومەتی عێراق کرد، ڕاگرتنی فەرمی و دەستبەجێ بەسەر سەرجەم بڕیارەکانی سێدارەدا بسەپێنێت، گەرەنتی دابینکردنی کەناڵی دادپەروەریی کاریگەر بکات بۆ ڕزگاربووانی ئەشکەنجەدان، هەروەها بەکارهێنانی نەیاسایی هێزی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بڵاوکردەوە، بەتایبەتی لە شاری کوت.

لە دۆسیەی سزای لەسێدارەداندا، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای لە سەرۆک وەزیران کرد، کە ڕاگرتنی فەرمی و دەستبەجێ بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە ڕابگەەیەنێت کە ساڵانە بە دەیان بڕیار دەردەچن، زۆربەی ئەم بڕیارانە پەیوەستن بە کێشەکانی تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا بێبەشن لە پێوەرەکانی دادگاییپێکردنی دادپەروەرانە و شەفاف.

ڕێکخراوەکە نیگەرانیی قوڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی باسیان لە وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە تۆمەتباران کردووە لەژێر گوشاری ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە بەندیخانەکانی عێراقدا، پەسەندکردنی بڕیارەکانی لەسێدارەدان لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە دەبێت بوەستێنرێت تا سەرجەم دۆسیەکان پێداچوونەوەی گشتگیریان بۆ دەکرێت و دڵنیابوونەوە لە نەبوونی پێشێلکاریی یاسایی.

سەرەڕای ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەپێی زانیارییەکان، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ هوشیاریی دا لە مەترسیی بەردەوامی هەزاران سزادراو کە لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی جێبەجێکردن دەبنەوە.

 لە کۆتایی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ بانگەوازەکەیدا جەختی لە پێویستیی کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بە کردەوەکانی ئەشکەنجەدان، دابینکردنی قەرەبووی دادپەروەرانە بۆ ڕزگاربووان،  گەرەنتیکردنی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو پێشێلکارییانە کردەوە.

هـ.ئ