بەپێی بەدواداچوونەکانی ڕۆژنیوز نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرمالی بازرگانی لە بازاڕەکانی دهۆکدا گەیشتووەتە ١١٥٠ بۆ ١٢٠٠ دینار و ئەم هەڵکشانی نرخەش بارگرانییەکی دارایی گەورەی لەسەر شانی شۆفێران و کرێکاران درووست کردووە کە بەوتەی خۆیان توانای بەردەوامبوونیان نەماوە.
هاووڵاتییەک کە ماوەی چەند کاتژمێرێکە لە سەرەی بەنزینخانەیەکی حکومی چاوەڕێ دەکات بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، سوتاین لەبەر ئەم گەرمایە و ئەمە ساڵانە بەتایبەت لە وەرزی هاویندا دووبارە دەبێتەوە و کەسیش بە هانامانەوە نایەت
ئەو هاووڵاتییە وتیشی: هاووڵاتی بەم دۆخە خراپەی داراییەوە پێی ناکرێت بەنزینی بازرگانی بەو نرخە گرانە بکڕێت کە کوالێتیشی زۆر خراپە و زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەیەنێت.
چاودێرانی ئابووری لەو بڕوایەدان کە بەرزبوونەوەی نرخەکان و درووستبوونی ئەم سەرە درێژانە دەرئهنجامی نەبوونی چاودێرییەکی توندە لەسەر کۆمپانیاکانی هاوردەکردنی سووتەمەنی و دەستوەردانی قۆرخکارانەیە کە بازاڕی دهۆکیان لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و بە ئارەزووی خۆیان نرخەکان دیاری دەکەن بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
دیمهنی درێژ و بێزاركهری سهرهی بهنزین بووەته ترێندی تۆڕه كۆمهڵایهتییهكان و هاووڵاتییانی ئهم ناوچەیە پێیان وایە ئەم دۆخە تەنها کێشەی نەبوونی سووتەمەنی نییە بەڵکو قەیرانی متمانەیە لە نێوان هاووڵاتی و دەسەڵاتدا و دەڵێن کاتێک هاووڵاتی لە هەرێمێکدا کە خۆی بە خاوەنی سامانی نەوت دەزانێت بەم شێوەیە لەبەر چەند لیترێک بەنزین و بەم گەرمایە ژیانی دەخاتە مەترسییەوە ئەمە مانای ئەوەیە دامەزراوەکانی حکومەت لە ئەرکی سەرەکی خۆیان کە پاراستنی بەرژەوەندی هاووڵاتییە دابڕاون و بوونەتە تەماشاکەرێکی بێدەنگ لە ئاست ئەو قۆرخکاری و بێسەروبەرییەی لە بازاڕدا دەگوزەرێت.
لە کاتێکدا دانیشتوانی دهۆک چاوەڕێی دەستێوەردانی خێرای حکومەت دەکەن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بە کوالێتی باش و نرخێکی گونجاو بەڵام دەنگی ناڕەزایەتی هاووڵاتییان و داواکاری چاودێران تا ئێستا وەڵامێکی کردەیی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدەست نەهێناوە.
سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ناڕەحەتییانەی بەهۆی چاوەڕوانییەکی بێ کۆتایی لە سەرەی بەنزینخانەکاندا دەیبینن بەڵام هێشتا هیچ بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ چارەسەری کێشەکە نەکراوە و ئەمە وای کردووە نیگەرانییەکان لە شەقامی دهۆک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بێت و خەڵک بێهیوای خۆیان لە بەرامبەر ئەم دۆخە بەردەوامە دەرببڕن و داوا بکەن چیتر ئەم قەیرانە وەک دۆخێکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت و لێپرسینەوە لەو لایەنانە بکرێت کە بازاڕی سووتەمەنیان لە دهۆک شێواندووە و خەڵکیان لە بێهیواییدا بەجێهێشتووە.
ب. جـ
