ماوەی چەند هەفتەیەکە حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی گەندەڵکاران، گەورەترین گەندەڵکاری تازە دەستگیرکراو عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ پاڵاوگەکانە، کە بە ملیۆنان دۆلاری دزیوە و دەیان موڵک و ماڵی بە پارەی دەوڵەت کڕیوە. دوای دەستگیرکردنی، شوێنی دزینی پارەکان و ناوی هەندێک گەندەڵکاری دیکەی ئاشکرا کرد، بەڵام تا ئێستا حکومەت نەیتوانیوە دەستی بگات بە بەرپرسە باڵاکان.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە؛ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران تا کەی بەردەوام دەبێت؟
پرۆسەی ڕاوەدوونان یان دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە عێراقدا کاتی نییە و بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەم بابەتە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ململانێ و هاوسەنگیی هێزە سیاسییەکان؛ زۆرجار کەمپینەکانی دژە گەندەڵی لەگەڵ گۆڕانی حکومەتەکان یان نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکاندا چڕتر دەبنەوە، هەروەها فشاری شەقام و نێودەوڵەتی کاریگەریی هەیە؛ حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بۆ ڕازیکردنی شەقامی عێراقی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ناچارن دۆسیەی نوێی گەندەڵی هەڵبدەنەوە.
بەشێک لە شیکەرەوانی سیاسی پێیان وایە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق هەر دەبوو کارێک بکات کە بەدڵی ئەمریکا بێت، چونکە گەشتی ئەمریکای لەپێش بوو؛ ئەگەر زەیدی ئەو هەڵمەتەی دژی گەندەڵکاران و هەوڵەکانی بۆ چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان نەکردایە، دۆناڵد ترەمپ پێشوازیی لێ نەدەکرد.
شیکەرەوان نموونەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سوودانی دەهێننەوە، ئەویش دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیران، هەڵمەتێکی گەورەی دژی گەندەڵکاران ڕاگەیاند و توانیان گەورەترین گەندەڵکار (نوور زوهێر) دەستگیر بکەن، کە ملیۆنان دۆلاری دزیبوو، بەهۆی گەورەیی قەبارەی دزییەکەشیەوە میدیاکانی عێراق ناوی "دزیی سەدە"یان لێنا، بەڵام دواتر ئازاد کرا و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتە. بۆیە زەیدی ناتوانێت گەندەڵکارە گەورەکان و بەرپرسە باڵاکان دەستگیر بکات، بەڵکو تەنیا ئەو کەسانە دەستگیر دەکات کە لە ئاستی خوارەوەن.
هەڵمەتی دژە گەندەڵکاران دژ بە کێیە و کێ دەپارێزێت؟
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ناوەندە شیکارییەکان و ڕێکخراوی ڕوونبینیی نێودەوڵەتی، زۆرجار هێرش و دەستگیرکردنەکان ئەو بەرپرسە پلە ناوەند و فەرمانبەرە باڵایانە دەگرێتەوە کە پشتیوانییەکی سیاسیی بەهێزیان نەماوە، یان سەر بەو لایەنە سیاسییانەن کە لە کاتی خۆیدا لە دەسەڵاتدا بوون یان کێشەیان لەگەڵ لایەنە سەرەکییەکانی بڕیاردا هەیە.
هاوکات ئەم هەڵمەتە بەرپرسە گەورەکانی گەندەڵی دەپارێزێت؛ تا ئەو کاتەی کەسایەتییەکی دیار یان لایەنێکی سیاسیی بەهێزی دەسەڵات لە پشتی بێت، لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، چونکە لێدان لە سەرکردە گەورەکان ڕەنگە هاوسەنگیی هێز لە بەغداد تێکبدات.
ئەم پارە دزراوانە بۆ کوێ دەچن و لەکوێ دەپارێزرێن؟
ئەو پارانەی لە ناوخۆی عێراقدا لە ڕێگەی دەستەی دەستپاکی یان دادگاکانەوە دەگەڕێنرێنەوە، دەچنە هەژماری تایبەتی وەزارەتی دارایی و دەخرێنە سەر هەژمارێکی تایبەت لە بانکی ناوەندیی عێراق بۆ ئەوەی دواتر بخرێنەوە ناو بودجەی گشتیی دەوڵەت، یان دەخرێتە ناو سندوقی گێڕانەوەی پارەکانی عێراق، کە سندوقێکی فەرمییە بۆ کۆکردنەوەی ئەو پارانەی لە ناوخۆ و دەرەوە دەستیان بەسەردا دەگیرێت.
کێشەکانی بەردەم گەڕانەوەی پارە دزراوەکان چییە؟
بەشە هەرە زۆرەکەی پارە گەندەڵییەکان لە عێراقدا نامێننەوە، چونکە بۆ کڕینی موڵک و وەبەرهێنان لە دەرەوە بەکاردەهێنرێت. بەشێکی زۆری ئەم پارانە دەبرێنە وڵاتانی دراوسێ (وەک ئوردن، تورکیا، ئیمارات) یان وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا، لەوێش دەکرێنە موڵکی نیشتەجێبوون، پشک لە کۆمپانیاکان، یان پڕۆژەی وەبەرهێنان.
هەروەها کێشەیەکی دیکە ئەوەیە، گەندەڵکاران بۆ ڕاکردن لە بەدواداچوونی یاسایی، پارە و موڵکەکان بە ناوی خزم، دۆست یان کۆمپانیای وەهمییەوە لە دەرەوەی وڵات تۆمار دەکەن، یان بەشێک لە پارەکان لە ڕێگەی سیستمی حەواڵە یان کۆمپانیاکانی گۆڕینەوەی دراوەوە دەگوازرێنەوە بۆ ئەو بانکانەی کە سیستمی پاراستنی نهێنیی بەهێزیان هەیە.
جێگەی ئاماژەیە، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتییەوە بەردەوام هەوڵی گێڕانەوەی ئەو پارانە دەدات، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی ڕێکارە یاساییەکانی وڵاتانی دەرەوە و گۆڕینی شێوازی پارەکان بۆ سەرمایە و موڵک، گێڕانەوەیان پرۆسەیەکی زۆر خاو و قورسە.
هـ.ئ
