دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٥، شنگال لەژێر دەسەڵاتی چەتەکانی داعش ئازادکرا، لە نزیک شارۆچکەی خانەسۆر گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە، کە تەرمی ٦٢ شەهیدی فەرمانەکەی تێدا بوو، لەو کاتەدا بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بەبێ ئەنجامدانی پشکنینی  (دی ئێن ئەی) یان ئاشکراکردنی ناسنامەی قوربانییەکان، ئەو تەرمانەیان وەک پڕوپاگەندە لە نزیک مەزارگەی شەرەفەدین بەخاکیان سپاردن.

ئەوەش یادەوەریی و هەستی بنەماڵەی شەهیدانی بریندار کرد، چونکە ئەوان ساڵانێک لە هەوڵدابوون بۆ ئەوەی بە تەواوی بە ناسنامەی ئازیزانیان بگەن و بەپێی ڕێوڕەسمەکانی ئاینی ئێزدی بەخاکیان بسپێرن.

هەربۆیە ئەمڕۆ، دامەزراوەی پزیشکی دادوەریی بەغداد و دەستەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، یەکەم هەنگاوی فەرمییان نا، لیژنەی تایبەت لە بەرامبەر مەزارگەی شەرەفەدین ئامادە بوو، تۆماری بنەماڵەی شەهیدان درووستکرد.

 چاوەڕوانیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا بە مەراسیمێکی فەرمی دەست بە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە بکرێت، هەروەها تەرمەکان بۆ ناسینەوەیان ڕەوانەی ناوەندی پزیشکی دادوەری لە بەغداد دەکرێن و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە.

2 وێنە
1 / 2

س. ع