لە کامپی یەکەمی بحێرەوە تا مەخموور، چیرۆکێکی پڕ لە ئازار و بەرخۆدانی دانیشتووانی ئێستای مەخموورە لە هەشت هەوارگەدا، ئەمڕۆش لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیکدا چاوەڕوانی بانگەوازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانن، کە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانەیان بۆ بڕەخسێت یان تا کۆتایی بەردەوام دەبن لە تێکۆشان! ئەمڕۆش دەپرسین پەنابەرانی مەخموورر چۆن دەگەڕێنەوە؟

ئەگەر زێدی خۆیان بەجێ نەهێشتبایە چییان بەسەر دەهات، ئایە بەبێ ئەوان تیکۆشانی ئازادیی گەلی کورد لە چی ئاستێکدا دەبوو؟ بۆچی ناچار بوون کۆچ بکەن، بۆ زێدی خۆیان بەجێهێشت، کێ ناچاری کردوون کۆچ بکەن؟ بۆچی ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد و هیوایان بە چی بوو و چی ڕوویدا؟ سەرەڕای ئەوەی باکووری کوردستانیشیان بەجێهێشت، بۆچی هێرشیان کرایە سەر؟ بۆچی هەشت شوێنی پڕ لە ئازار و بەرخۆدانیان گۆڕی؟ بۆچی لە لە ژێر چیای قەرەچۆغ و لە چۆڵەوانیدا لەبیرکران و لە مەخموور نیشتەجێ بوون؟ لەگەڵ بانگەوازی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا، دوای ٣٢ ساڵ ئەو پەنابەرانە چۆن دەگەڕێنەوە؟ مەرج و داواکارییەکانیان چین؟

بەرخۆدانێکی بێهاوتا، چیرۆکێکی پڕ لە ئازار و تێکۆشان، هیوا و چاوەڕوانی گەڕانەوەی شکۆمەندانە، ئەمە چیرۆکی ئەو پەنابەرانەیە کە لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) نیشتەجێ بوون.

هەوڵ دەدەین لەم زنجیرە دۆسییەیەدا وەڵامی ئەو پرسیارانەی سەرەوە بدەینەوە، قۆناغی پڕۆسەی پەنابەربوون، هۆکار و ئازار و بەرخۆدانی ئەو هەشت هەوارگەیە باس دەکەین کە خەڵکی مەخموور گۆڕیویانە، لە یەکەم ڕۆژەوە بۆ مەخموور، ئەو زانیارییانەی کە لە خەڵکی کامپەکەوە وەرمانگرتووە و ئەوانەی خۆیان شایەتحاڵی ڕووداوەکان بوون، یەک بە یەک باسی دەکەین.

لە بەشی یەکەمدا باس لە هۆکاری کۆچبەربوونی خەڵکی کامپەکە دەکەین لە باکووری کوردستانەوە، بۆچی دانیشتووانی کامپی مەخموور گوندەکانی خۆیان بەجێهێشت، بۆچی ناچاربوون کۆچ بکەن؟

بۆچی ناچار بە پەنابەربوون کران؟

بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە کەم تا زۆر لە مێشکی هەموواندا دیارە، بەڵام ئایە هۆکاری سەرەکی کۆچکردن بۆ باشووری کوردستان چی بوو؟ ئەمە گرنگە، بەوانیان وت، "بڕۆن بۆ باکووری عێراق" ئەمە عەقڵییەتی دەوڵەتێک بوو، ئەم عەقڵییەتە بووە هۆی کۆچی هەزاران کورد، بووە هۆی سوتاندنی هەزاران گوند، بووە هۆی تاڵان و کاولکاری و کۆمەڵکووژی.

لە ساڵانی نەوەدەکاندا دەوڵەتی تورک دەستی کرد بە سووتاندنی گوندە کوردنشینەکان، دەستی بە کۆمەڵکووژی کرد و ئەمەش بووە هۆی کۆچی هەزاران کەس، لەو سەردەمەدا تەڤگەری گەریلاکانی ئازادی هەبوو، هەروەها سەرهەڵدانی خەڵک دژی سیاسەتی جینۆساید پەرەی دەسەند، بەڵام لە بەرامبەر ئەم بەرخۆدان و داخوازییەی گەلدا، سیاسەتی جەردەوانی و سووتاندنی گوند، گرتن و ئەشکەنەجە جێبەجێ دەکرا، خەڵک جەردە و چەتەکانیان قبووڵ نەدەکرد، چونکە چەتەکان برایان بە برا دەکوشت.

دەوڵەت دژی تەڤگەری ئازادی، وڵاتپارێزان و کوردان، خودی چەتە کوردەکانی بەکاردەهێنا، بۆیە دژی ئەو سیاسەتانە هەزاران کورد ڕوویانکردە شارە گەورەکانی تورکیا، بەشێکی زۆریان چوونە وڵاتانی ئەورووپا، بەڵام هەزاران کەسی دیکە کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی بۆتان بوون، ڕوویان کردە باشووری کوردستان، لەناکاو بەهۆی کۆمەڵکووژییەوە هەڵهاتن، کاتیان بۆ دیاری کرابوو، ئەگەر نەڕۆشتایەن بۆردوومان دەکران.

سەبارەت بە هۆکاری پەنابەربوونی خەڵکی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور)، مامۆستا حسێن کارا کە لە یەکەم ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ لەناو خەڵكی کامپی مەخمووردا ژیاوە و شاهیدی زۆربەی ڕووداوەکان و هێرشەکان و ئازار و بەرخۆدانەکان بووە، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

مامۆستا حسێن کارا هۆکاری سەرەکی پەنابەربوونی خەڵکی کامپی مەخمووری بۆ ڕوونکردینەوە.

"بەزۆر و زۆرداری ناچار بە پەنابەربوون کراین"

بە وتەی حسێن کارا هۆکاری کۆچبەربوونی دانیشتوانی مەخموور سیاسەتی دەوڵەتی تورک بوو بەرامبەر بە پرسی کورد، چارەسەرەکەی ئەو لەسەر بنەمای توندوتیژی و سەربازی بوو، کارا دەڵێت: "دەوڵەت ویستی لە ڕێگەی سەربازییەوە پرسی کورد چارەسەر بکات، بۆیە ئامرازەکانی توندوتیژی بەکارهێنا، لەبەرامبەر وڵاتپارێزان، حزبوڵا، کۆنتڕا و ژیتەمی دامەزراند، کوردیان دەکوشت و فڕێیان دەدایە بیرەوە.

چوار هەزار گوند چۆڵ کران، دەیانویست سیستەمی چەتە لەو گوندانە دابمەزرێنن و دژی تەڤگەری ئازادیی بەکاری بهێنن، ئەم گەلە قبووڵیان نەکرد چەک هەڵبگرن و بچن دژی منداڵەکانیان بەکاری بهێنن، دوای ئەوەی خەڵک چەتەیان قبووڵ نەکرد، دەوڵەت توندوتیژی بەکارهێنا، بە واتایەکی تر دەوڵەت خۆی ئەم گەلەی ناچار بە پەنابەریی کرد.

دەوڵەت دەیوت 'واز لە گەندەکانتان بێننن و بچنە عێراق، دەوڵەتێکی کوردی لەوێ هەیە، بڕۆ بۆ ئەوێ'، وەک ناونیشان ئاماژەی بە هەرێمی کوردستان کردووە، لە ١٥ـی نیسانی ١٩٩٤ بەرپرسانی دەوڵەت ئەم لێدوانەیان بۆ خەڵک دا، ئەم گەلە بە زۆر ناچار بە پەنابەربوون کرا، دەوڵەت کوێستانەکانی لێ قەدەغە کردین، ڕێگەی بە کەس نەدەدا کشتوکاڵ بکات، ژیانی نەهێشت، دەکرا خەڵک ڕووبکەنە شارە گەورەکانی تورکیا، بەڵام هەمان سیاسەت لەوێش جێبەجێ دەکرا، چەوساندنەوەیەکی گەورە هەبوو، بۆیە تەنها یەک چارەسەر هەبوو، ئەویش هەڵهاتن بوو، ئەم گەلە بۆ پاراستنی شکۆیان گوندەکانیان بەجێهێشت و پەنابەر بوون.

سبەی-بەشی دووەم

خەڵکی مەخموور دوای ئەوەی گوندەکانیان بەجێهێشت ڕوویان کردە کوێ؟ یەکەمجار لە کام کامپ نیشتەجێ بوون؟ بارودۆخی کامپی یەکەم چۆن بوو، کێ خاوەنداری لێکردن، چۆن سەرەتا پێگەی خۆیان وەک پەنابەری سیاسی بەدەست هێنا؟ لە بەشی دووەمدا باسی ئەو بابەتانە دەکەین.

بـ. قـ