لە ساڵی ١٩٧٥دا، کورد دەرئەنجامی نەبینراوی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بوو؛ لە دەقی ڕێککەوتننامەکەدا تەنانەت 'ناوی کوردیش' نەهاتبوو، بەڵام قورسترین باجیان دا، کۆبوونەوەی ناتۆ (NATO) کە لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، شایانی ئەوەیە وەک خاڵێکی مێژوویی لەم جۆرە تۆماربکرێت و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

بە گشتی هەمووان لە هەڵسەنگاندنەکانی دوای کۆبوونەوەکەدا، سەرنجیان خستە سەر گرنگیی جیۆپۆلەتیکیی تورکیا، کە گرنیگییەکی بەرەو زیادبوون دەچێت، تەنانەت وترا کە ئەنقەرە لە ڕێگەی دەریای ڕەش، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕێڕەوەکانی وزە، بەڕێوەبردنی کۆچبەران و پیشەسازیی بەرگرییەوە، بووەتە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی سەردەمی نوێ، ئەم هەڵسەنگاندنە نادروست نییە؛ بەڵام کەم کوڕیی تێدایە.

بنیاتێکی نوێی ئەمنی

چەمکی (NATO 3.0) کە ئەم ماوەیە زۆر مشتومڕی لەسەر دەکرێت، نیشانەی ئەم گۆڕانکارییە گەورەیەیە، دوای (NATO 1.0) کە لەسەر گەمارۆدانی یەکێتیی سۆڤیەت بنیاد نرابوو، (NATO 2.0) کە دەستوەردانی لە ناوچەکانی وەک بەڵکان، ئەفغانستان، لیبیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، ئەمڕۆ قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات، لە چەقی ئەم قۆناغەدا چیتر تەنیا هێزی سەربازی بوونی نییە؛ بەڵکو پیشەسازیی بەرگری، توانای بەرهەمهێنان، تەکنەلۆژیا، زنجیرەی دابینکردن و سەقامگیریی ئابووریشی لەگەڵدایە، چیتر بەرگری تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا دروست ناکرێت، بەڵکو لە ناو کارگە و تاقیگەکاندا بونیاد دەنرێت.

 

تورکیایش هەوڵ دەدات خۆی وەک ئەکتەرێکی هەرە گرنگی ئەم بونیادە نوێیە نیشان بدات، بەڵام گرنگیی جیۆپۆلەتیک بۆ هیچ دەوڵەتێک هەمیشەیی نییە، ئەورووپا ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیادا کار دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا توانای بەرگریی خۆیشی لە نوێوە بونیاد دەنێتەوە، لەبەر ئەوە، نابێت ئێمە دۆخی ئەمڕۆ وەک شتێکی نەگۆڕ ببینین، بەڵکو پێویستە وەک پرۆسەیەکی بونیادنانەوەی بەردەوام تەماشای بکەین.

کاتێک ئێمە جووڵە دیپلۆماتی و ئەمنییەکان، کە لە عێراقەوە تا سووریا، و لە ناتۆوە تا یەکێتیی ئەورووپا درێژ دەبنەوە، پێکەوە هەڵدەسەنگێنین، ئەنجامێکی بڕاوە بەدەستەوە نادات؛ بەڵام دەبینین کە هەوڵ دەدرێت پرسی کورد لە ناو بونیادی ئەمنیی نوێی ناوچەکەدا لە نوێوە پێناسە بکرێتەوە.

لە ساڵی ١٩٧٥دا پرسی کورد دەرئەنجامی نەبینراوی ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بوو، ئەمڕۆیش بە هەمان شێوە، دەبێتە یەکێک لە چەقە نەبینراوەکانی ئەو سیستەمە ئەمنییە نوێیەی کە خەریکە بونیاد دەنرێت.

کورد ڕێگەنادات عەقڵە ستراتیژییەکەی خۆیان ڕادەستی هیچ ناوەندێکی نێونەتەوەیی بکەن

ئەو ڕووداوانەی لە مانگی کانوونی دووەمدا لە حەلەب ڕوویان دا، ئەوەیان سەلماند، کە سیستەمی نێونەتەوەیی چیتر وەک پێشوو ئاسایش بۆ کورد دابین ناکات، کۆبوونەوەی ناتۆ لە ئەنقەرەش نیشانی دەدات کە چۆن بونیادی ئەمنیی نوێی هەمان سیستەم، خەریکە دروست دەبێت، لە یەکەمیاندا ئەو سیستەمەمان بینی کە داڕما؛ ئەمڕۆیش ئەو سیستەمە دەبینین کە خەریکە بونیاد دەنرێت.

ئەم قۆناغی پێناسەکردنەوە نوێیە نەک تەنیا لە پەیوەندییە دیپلۆماتییەکاندا، بەڵکو لە جێگیرکردنی ئەکتەرە نوێیەکانیشدا خۆی دەنوێنێت، بۆ نموونە؛ ئەحمەد شەرع کە پێشتر وەک سەرۆکی ڕێکخراوێکی سەر بە قاعیدە دەناسرا و ئەمڕۆ وەک سەرۆککۆماری قۆناغی ڕاگوزەری سووریا دێتە پێشەوە، بە پاڵپشتیی تورکیا چووە ناو کایەی ڕەوایەتی نێونەتەوەییەوە، ئەکتەرێک کە تا ئەم دواییانەش بە ڕابردووی جیهادیی خۆی دەناسرا، دەبێتە یەکێک لە دەموچاوەکانی سیستەمە ئەمنییە نوێیەکە؛ بەڵام هەوڵ دەدرێت بزووتنەوەی کورد کە ساڵانێک لە دژی داعش شەڕی کرد، لە دەرەوەی ئەم چوارچێوەیە بهێڵدرێتەوە.

 ئەم دۆخە جارێکی دیکە نیشانی دەدات کە سیاسەتی نێونەتەوەیی نەک لەسەر بنەمای پێوەرە ئاکارییەکان، بەڵکو بەپێی هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییە گۆڕاوەکان، بەڕێوە دەچێت.

ئەنجامی هاوبەشی هەر دوو پرۆسەکە یەکە: کورد ناتوانن عەقڵە ستراتیژییەکەی خۆیان تەسلیمی هیچ ناوەندێکی نێونەتەوەیی بکەن.

ئەم دەستنیشانکردنە بە واتای دابڕان لە جیهان نایەت، ئەزموونی ڕۆژئاوا ڕوونترین نموونەی ئەم بابەتەیە و کوردان کە گرنگترین هێزی زەمینیی هاوپەیمانیی نێونەتەوەیی بوون لە دژی داعش، بە پێشکەشکردنی قوربانیی گەورە ڕەوایەتییان بەدەست هێنا؛ بەڵام کاتێک هاوسەنگییە سیاسییە نوێیەکانی سووریا بونیاد دەنران، توانرا وابکرێت لە پڕۆسەکانی بڕیاردان دوور بخرێنەوە، ئەمە شتێکی سەیر نییە، سیاسەتی نێونەتەوەیی زۆربەی جار نەک بە ئەمەکداریی ئاکاریی، بەڵکو بە هاوسەنگیی بەرژەوەندییە گۆڕاوەکان، بەڕێوە دەچێت، لەبەر ئەوە، بابەتەکە لایەنگری یان دژایەتیکردنی ناتۆ نییە، بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ بەبێ ئەوەی ببێتە پاشکۆی چ هێزێکی نێونەتەوەیی و بەبێ ئەوەی هیچ ئەکتەرێکیش لە سەرەتاوە بکاتە دوژمنی خۆی، بتوانێت توانایەکی وا لە پەیوەندییە ستراتیژییەکاندا پێش بخات کە ئیرادەی سیاسیی خۆی پێ بپارێزێت.

سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی کورد شتێکی نوێ نییە، لە کاتی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە و تا ئێستا، سیاسەتەکانی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنەوەی ئەنقەرە، ناسیۆنالیزمی عەرەبیی ڕژێمی بەعس لە عێراق، بیرکردنەوەی دەوڵەتی ئەمنی لە سووریا و دەسەڵاتە ناوەندگەرەکانی ئێران، بە ڕێباز و ئایدۆلۆژیای جیاواز گەیشتنە هەمان ئامانج: نەناسینی کورد وەک بکەرێکی سیاسیی سەربەخۆ.

ڕوانین و بنەمای هەموو ئەم پڕۆژانە یەک شت بوو: دەکرێت ئیرادەی سیاسیی کورد بشکێنرێت، بە تێپەڕبوونی کات بتوێنرێتەوە یان بە تێکەڵکردنی لەناو ناسنامەکانی دیکەدا لەناو ببرێت، مێژووی سەدەی ڕابردوو ڕاستییەکی دیکەی دەرخست: ڕژێمەکان گۆڕان، سەرۆکەکان گۆڕان، هاوپەیمانێتییەکان هەڵوەشانەوە؛ بەڵام پرسی کورد لەناو نەچوو، کورد نەک هەر خۆڕاگرییان کرد، بەڵکوو بوونی خۆیان لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و نێونەتەوەییەوە لە نوێوە دامەزراندەوە.

لەم ڕووەوە ڕەنگە گرنگترین وانەی سەدەی دووەم لێرەدا بێت: کێشەکە چیتر ئەوە نییە ئایا کورد لەسەر پێ دەمێنێتەوە یان نا؛ بەڵکو کێشەکە ئەوەیە کە چۆن ئەم خۆڕاگرییە مێژووییە وەربگێڕێتە سەر دامەزراوەییبوونی هەمیشەیی، توانای ئابووری و عەقڵێکی ستراتیژیی هاوبەش.

ڕەنگە دانوستان دەرفەتێک بێت، بەڵام بە تەنیا گەرەنتی نییە

ئەمڕۆ لە دەورووبەری ئەو پڕۆسەیەی لە تورکیادا بەڕێوە دەچێت، دیپلۆماسییەتێکی چڕ لە ئارادایە، دەستەواژەکانی وەک 'خاڵی مێژوویی'، 'پێچی کۆتایی' و 'قۆناغی هەستیار' بوونەتە بەشێک لە زمانی سیاسیی ڕۆژانە.

ئەستەمە مرۆڤ لە ئەمڕۆدا بزانێت، کە ئەم پڕۆسەیە چۆن کۆتایی دێت، بەڵام پێویستە مرۆڤ ئەو چێوە دووبارەبووانەی دەوڵەتیش ببینێت: ڕاهێنانی کورد بە هەستی چاوەڕوانی، گۆڕینی ئەم چاوەڕوانییە بۆ ئامرازێک بە مەبەستی بەڕێوەبردنی وزەی کۆمەڵایەتی، و لە کۆتایی پڕۆسەکەشدا، پێشکەشکردنی هەنگاوگەلێکی سنووردار وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی.

پڕۆسەی چارەسەریی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥ نزیکترین نموونەیە بۆ ئەم بابەتە، ئەو دەقەی لە ١٠ خاڵ پێکهاتبوو و لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥دا لە کۆشکی دۆڵماباغچە لە گواستنەوەی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا خوێندرایەوە، هەنگاوێکی وا خاوەن بەهای ڕەمزیی بەرز بوو بۆ دروستکردنی ئەو چاوەڕوانییەی کە پڕۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و مێژوویی، بەڵام تەنیا دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێک، پرۆسەکە هەرەسی هێنا، لە ناوەندی شارەکانی کوردستاندا شەڕ و پێکدادانی گەورە ڕوویان دا؛ شارەکان وێران کران، و لە یادەوەریی کۆمەڵگەدا تراومای قووڵ و شکانگەلی هەمیشەیی دروست بوون، ئەم ئەزموونە نیشانی دا کە ئەو کەشە سیاسییەی لە ڕێگەی چاوەڕوانییەکانەوە دەخولقێنرێت، هەمیشە لەگەڵ ئەو ئەنجامانەی لەسەر زەمینی واقعدا دەکەونەوە، وەک یەک نین.

ئەمڕۆش کەشێکی چاوەڕوانیی هاوشێوەی ئەوە دروست دەبێت؛ بەڵام ناوەڕۆکی چوارچێوەی یاسایی و کاتی جێبەجێکردنی هێشتا نادیارن، نیشاندانی ئەم هاوشێوەییە نیشانەی ڕەشبینی نییە، بەڵکو پێویستیی گەڕانەوەیە بۆ یادەوەریی مێژوویی، چونکە ڕەنگە دانوستان دەرفەتێک بێت، بەڵام بە تەنیا کایەکە ناگەیەنێتە گەرەنتی.

ئەرکی سەرەکیی بەردەم کورد ئەوەیە، کە تەواوی ئاسۆ سیاسییەکانی خۆیان بە ئەنجامی پڕۆسەیەکەوە گرێ نەدەن و خۆیان بەڕێوەبردنی ئەم چاوەڕوانییە بگرنە دەست.

کوردان چیتر کوردی پێشوو نین

جا بۆیە، بۆ لەمەو دوا تەنیا مشتومڕەکانی پەیوەست بە یەکێتیی نەتەوەیی بەس نین، ئەوەی پێویستە، پەرەپێدانی میکانیزمگەلێکی نوێیە کە بتوانن ماتەوزەی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی ئەو کوردانەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەوانەشی لە تاراوگە دەژین، لە دەوری دیدگایەکی هاوبەش بۆ داهاتوو یەکبخەن.

سیاسەتی کورد لە تەواوی سەدەی یەکەمدا، زیاتر لە ناو ئەو کایە سیاسییانەدا دەجووڵایەوە کە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی لێی دەژیان پێشکەش دەکران، ئەنقەرە، بەغدا، دیمەشق و تاران، لە هەمان کاتدا ئاسۆی سیاسەتی کوردیان دیاری دەکرد، بەڵام پرسی سەرەکیی سەدەی دووەم لە شوێنێکی دیکەیە؛ کورد جیا لە ناو سنووری ئەو دەوڵەتانەی لێی دەژین، چۆن لە سەر ئاستی جیهانیدا توانایەکی سیاسی، ئابووری و ڕۆشنبیری بنیاد دەنێن؟

لەنێو جەرگەی ئەم پرسەدا، ئابووریش جێگەی دەبێتەوە، سیاسەتی کورد هەرچەندە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە کایەکانی ئاسایش، ناسنامە و دیپلۆماسیدا ئەزموونی گرنگی بەدەست هێنابێت، بەڵام لە بابەتی ستراتیژیی ئابووریدا نەیتوانیوە بگاتە هەمان توانای دامەزراوەیی، لە کاتێکدا هێزی ئابووری، تەنیا بنەمایەک نییە بۆ خولقاندنی سەقامگیری؛ بەڵکوو بنەمایە بۆ خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی، نوێنەرایەتیی سیاسی و کارایی نێونەتەوەیش.

سەرمایەی تاراوگە، هەوڵەکانی پەیوەست بە تەکنەلۆژیا، فۆندی بۆرسەکان، سەنتەرەکانی توێژینەوە، تۆڕە میدیاییە سەربەخۆکان و میکانیزمە یاساییە نێونەتەوەییەکان، ژێرخانی ستراتیژیی سەدەی دووەم بنیاد دەنێن، چونکە بەبێ توانای ئابووری، دیپلۆماسی، ئەکادیمیا و نوێنەرایەتیی سیاسی ناتوانرێت بە بەردەوامی ڕابگیرێن.

ناتۆ خۆی لە نوێوە پێناسە دەکاتەوە، ئەورووپا بونیادێکی نوێی ئەمنی و ئابووری ڕێک دەخات، تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران لە ناو قەیران و وەرچەرخانەکانی خۆیاندا بەدوای هاوسەنگیی نوێدا دەگەڕێن، لە ساڵانی داهاتوودا لە هەر چوار پارچەکەدا پرۆسەی جیاواز لە یەکتر ڕوو دەدەن؛ شەڕ و پێکدادانی نوێ، ڕێککەوتنی نوێ و شکانگەلی نوێ دێنە ئاراوە.

بەڵام پرسی بنەڕەتیی بەردەم کورد ئەوە نییە، کە لەم پڕۆسانە کامەیان بە سەرکەوتووانەتر بەڕێوە دەچێت، پرسی بنەڕەتی ئەوەیە کە ئایا کورد سەرەڕای هەموو ئەم جیاوازییانەش، دەتوانن هێزێکی وا هەمیشەیی دروست بکەن کە بتوانێت ئەزموونە مێژووییە هاوبەشەکان، ئیرادەی سیاسی و بوونی کۆمەڵایەتیی خۆیان بپارێزێت یان نا.

لە تەواوی سەدەی یەکەمدا، کورد زۆرجار ناچار بوو لە ناو سنووری ئەو دەوڵەتانەی لێی دەژی بیر بکاتەوە و بجووڵێتەوە، بەڵام سەدەی دووەم تەنیا نابێتە سەدەی چوار پارچەکە، بەڵکو دەبێتە سەدەی "پارچەی پێنجەم"یش، چونکە ئەو بە ملوێنان کوردەی کە بڵاو بوونەتەوە و لە چوار لای جیهاندا دەژین، چیتر تەنیا کۆمەڵگەیەکی نێو تاراوگە نین؛ بەڵکو لە کایەکانی وەک سیاسەت، ئابووری، ئەکادیمیا، یاسا، تەکنەلۆژیا و میدیاشدا، هەڵگری توانایەکی جیهانین کە چوار پارچەکە بە یەکەوە دەبەستێتەوە.

ڕەنگە سبەی لە تورکیا پڕۆسەیەکی دیکە دەست پێ بکات، لە عێراق هاوسەنگییەکان بگۆڕێن، سووریا لە نوێوە دابڕێژرێتەوە و ئێران بچێتە قۆناغێکی نوێوە، بەڵام لە ناو هەموو ئەم وەرچەرخانانەدا، تاکە هێزێک کە بتوانێت بەردەوامیی تێکۆشانی کوردستان بپارێزێت، ئەوەیە کە پارچەی پێنجەم خۆی ڕێک بخات، دامەزراوەکانی خۆی بونیاد بنێت و چالاکتر بێت.

سەدەی یەکەم، سەدەی تێکۆشانی مان و نەمانی کوردان بوو؛ سەدەی دووەم دەبێت ببێتە سەدەیەکی لەو جۆرە کە بتوانێت ئەم خۆبوونەی بە جیهانەوە ببەستێتەوە، ئابووریی خۆی پێشبخات و عەقڵە ستراتیژییە هاوبەشەکەی خۆی ئاوا بکات.

جیهان جیهانی پێشوو نییە، کوردیش چیتر کوردی پێشوو نین.

ڤ.م