ساڵێک تێپەڕ دەبێت بە سەر مەراسیمی سیمبولی چەک سوتاندنی گەریلاکانی ئازادیی، لە ماوەی ئەم ساڵەدا چی ڕوویدا؟ گرنگترین هەنگاوەکانی ئەم قۆناغە چیبوون و چۆن گەلی کورد و ڕێبەرەکەی توانی بۆ تەواوی جیهانی بسەلمێنن کە گەلێکی ئاشتی خوازن و خاوەن پڕۆژەی چارەسەرین، لەمبارەیەوە ڕۆژنیوز لە ئەشکەوتی جاسەنە لەگەڵ دوو چاودێر و بەشداربووی مەراسیمەکە، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کەنەکە و نەورۆز فازیل چاودێری سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، هەڵسەنگاندن دەکات و ئەو پرسانە دەخاتە بەرباس.

لە دەستپێکدا تایبەت بە ئەرک و ڕۆڵی ژن تیشک دەخەینە سەر پێشەنگایەتی ژنان، هاوکات ئەرک و بەرپرسیارێتییان لەم قۆناغەدا، لەو بارەیەوە نەورۆز فازڵ، چاودێری سیاسی دەڵێت: پرسی ژن لەناو تەڤگەری ئاپۆییدا یەکلاکەرەوەیە لە سەرکەوتنی تێکۆشاندا، چونکە مێژووی پرسی ژن بەستراوە بە مێژووی سەردەمی نیۆلۆتیکەوە، کاتێک ژن ڕۆڵی دایک دەبینێت و توانای بەڕێوەبردنی هەیە، کە کڕۆکەکەی بوونی ژنێکی بەئیرادە و مۆڕاڵ بووە.

نەورۆز فازڵ

دەشڵێت: ئەو ئەقڵییەتەی ژنی سەرکوت کردووە و بە درێژایی مێژوو ڕێگربووە لە تێکۆشانی ژنان، ئەقڵییەتی پیاوسالارییە ئەو دەسەڵات و زهنییەتەیە، کە ژنی بەکەم بینیوە و باڵادەستیی پیاوی زاڵ کردووە، بەڵام لە تەڤگەری ئاپۆییدا ژنان گەڕێندرانەوە بۆ ڕاستینەی خۆیان، کە تێیدا جێگەی ژنان لەناو تەڤگەردا شایەنی وجود و ڕاستینەی خۆیەتی.

نەورۆز فازیڵ وتی: سووتاندنی چەک بە پێشەنگایەتیی ژنێک، سەلماندنی ئیرادەی ژنی ئازادە، ئەو ئەقڵییەتە پیاوسالارییەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و فەلسەفەی ئایینیدا کە ژن تێیدا لە پێناو بەرژەوەندیدا دەکرێتە کۆیلە، هەمووی ڕەت کردووەتەوە؛ بۆیە جیاوازیی ژن و پیاو لە نێوان ئەم تەڤگەرەدا بوونی نییە. هەر ئەوەش هۆکار بووە کە فکری ئازادیی ژنان لە دەرەوەی بازنەی تەڤگەریشدا گەشە بکات، بگاتە قۆناغێکی باڵا و ژنێکی ئازاد بێنێتە بوون.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەشڵێت: لێرەشەوە، لە هەموو پرسەکانی کۆمەڵگەدا (ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازی)، جێدەستی ژن دیارە کە سەرچاوەکەی تەڤگەری ئاپۆییە. دەبینین کاریگەریی ئەم ژنانە تەنیا لە ناوخۆدا نییە، بەڵکوو بووەتە جیهانی. کەواتە بیرۆکەی بەڕێز ئۆجەلان لە چوارچێوەی زانستی ژندا (ژنۆلۆژی) بووەتە پڕۆژەیەکی گەورە و لە جیهاندا لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت. ئەوەی لە ساڵی ڕابردوودا بینیمان کە ژنێک ڕێبەرایەتیی ٣٠ گەریلا دەکات (١٥ ژن و ١٥ پیاو)، پەیامێکە بۆ جیهانی سەرمایەداری، میلیتاریزم، ئایینگەری و ئەقڵییەتی دەوڵەت-نەتەوە کە هەمیشە پێگەی ژنی بچووک کردووەتەوە.

هەر سەبارەت بەو پرسە گرنگە، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، وتی: دەرکەوتنی ژن لە تەڤگەری ئاپۆییدا، دەرکەوتنی ژنە بە مانا ڕاستەقینەکەی خۆی و گەڕانەوەیەتی بۆ سروشتی خۆی کە دەتوانێت بڕیاردەر و داهێنەر بێت، توانیویەتی ئەو مافانەی لە لایەن سیستەمی سەرمایەدارییەوە قۆرغ کرابوون، وەربگرێتەوە.

دکتۆر حەکیم

وتیشی: چەمکی (ژن، ژیان، ئازادی) کە ئێستا بووەتە سیمبول، مانایەکی فەلسەفیی قووڵی هەیە. سیستەمێک لە جیهاندا بەڕێوە دەچێت کە هەوڵی بەکاڵاکردنی ژنان دەدات، بەڵام لە دروستبوونی پەکەکە، بەرخۆدانی زیندانیان و شەهیدانی ژندا پێمان دەڵێت کە ژن جێگەی ڕاستەقینەی خۆی گرتووە، توانیویەتی جیاوازیی ڕەگەزی پشتگوێ بخات، و کۆمەڵگەی بەرپرسیار کردووە لە ئاست پەروەردەکردنی نەوەیەکدا کە ژنان و کچان نەبنە چێژەی سەرمایەداری و ژنان ببنە سیمبولی گۆڕانکارییەکان.

وتیشی: ئەو کەسەی خاوەنی ئەو هێز و پارادایمەیە کە توانیویەتی ئیرادەی ژن دەربخات، محاڵە دەرکی بەوە نەکردبێت کە ژن دەتوانێت ڕابەرایەتیی پرۆسەیەکی گەورەی وەک ئاشتی بکات کە لە بەرژەوەندیی گەل و ناوچەکەدا بێت.

ڕۆژ نیوز: دووای تێپەڕبونی ساڵێک بەسەر قۆناغی سومبولی سووتاندنی چەک لە لایەن گەریلاوە، پێتان وایە چی پەیامێکی گەیاند و لەماوەی ساڵێکدا گرنگترین هەنگاوەکان چیبون لە لایەن هەردوولایەنەوە؟

دکتۆر حەکیم وتی: تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر سووتاندنی چەکەکاندا کە پرۆسەیەکی گرنگە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاریی سیاسی و سەربازی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن. بانگەوازی باخچەلی وەرچەرخانێکی گرنگی مامەڵەکردنی دەوڵەت بوو لەگەڵ دۆزی کورددا؛ لەو چوارچێوەیەدا بەڕێز ئۆجەلان پڕۆژەیەکی پێشکەش کرد بە ناوی (پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک)، کە هەموو ڕەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و مێژووییەکانی بەیەکەوە گرێدا. بەتایبەت کە لە درێژایی مێژوودا ئەم ناوچەیە لە شەڕدا بووە و بووەتە هۆی پەرتەوازەیی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ببنە ژێرپێی بەرژەوەندیی زلهێزەکان.

ئاماژەی بەوەشدا کە کاتێک بەڕێز ئۆجەلان پرسی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی دەخاتە ڕوو، لە بەرامبەردا پەکەکە بە ماوەیەکی کورت وەڵامی داواکارییەکەی ڕێبەر ئاپۆ دەداتەوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا وەک پێویست بەدەم پرۆسەکەوە نەهاتووە. خەمی بەڕێز ئۆجەلان بۆ ئاشتی، خەمێکی ستراتیژی بوو، لە هەموو دید و تێڕوانینەکانیدا پێمان دەڵێت ئاشتی ستراتیژە نەک تاکتیک، بۆ گەلی کورد باوەڕێکی قووڵە.

وتیشی: بینیمان لە ساتی دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتیدا چی پێشوازییەک کرا، ئەمەش پێمان دەڵێت کە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە لە ناوخۆدا دەرکیان بەوە کردووە کە پێویستە پشتگیری لەم پرۆسەیە بکەن. لە ماوەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پرۆسەکەدا، نە گەلی کورد و نە ڕێبەرەکەی هیچ سازشێکیان لە بەرخۆدان و تێکۆشان نەکردووە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، تەنیا فۆڕمی قۆناغی چەکداری گۆڕا بۆ قۆناغی خەباتی سیاسی و ئینتیگراسیۆن.

نەورۆز فازڵ وتی: ئاشتی پرۆسەیەکی چڕی سیاسی، دیپلۆماسی و ئەخلاقییە. لەم قۆناغەدا دەتوانرێت پێناسە بۆ مۆدێلێکی تازەی تێکۆشان بکرێت، کە تێیدا بەردەوامیدان بە فۆڕمەڵەنەکردنی سیاسەتی چەکداری، دەگۆڕێت بۆ سیاسەتی مەدەنیی. لێرەوە دەبێت ئەوە بزانین کاتێک ڕێبەرێک داوا دەکات شەڕی چەک نەمێنێت و ببێتە کارکردنێکی سیاسی و دیپلۆماسی بە شێوەیەکی مەدەنی لە چوارچێوەی تورکیایەکی دیموکراتیکدا، لەنێو کۆمەڵگەدا کاردانەوەکان ئاسان نابن؛ بۆیە هەڵسەنگاندن، شرۆڤە و شیکاریی قووڵی دەوێت کە دەبێت بە شێوەیەکی ئاقڵانی و سیاسی شیکاریی بۆ بکرێت.

ئەم قۆناغە نوێیە، ئەم نوێبوونەوەیەش هەموو کەس قبووڵی ناکات، چونکە هەڵەتێگەیشتنێک هەیە لە نێو خەڵکدا بەرامبەر تەڤگەری ئازادی و سیاسەتی ڕێبەر ئاپۆ؛ چونکە تێگەیشتن لە فکر و پەیامەکانی ڕێبەر ئاپۆ شرۆڤە و شیکاریی قووڵی دەوێت، بەو پێیەی مۆدێلێکی نوێی پارادایم پێشکەش دەکات لە چوارچێوەی ڕەتکردنەوەی پارادایمی سەرمایەداریدا. بۆیە مۆدێرنیتەی دیموکراتیک و فەلسەفەی ئۆجەلان بناغەیەکی زۆر جیاوازە لە سیاسەتی کلاسیک کە بەدرێژایی مێژوو لەبەردەم خەڵکدا بووە. کەواتە ئەم مۆدێلە لە تێکۆشان، گەڕانەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ ناوەڕۆکی کولتووری و مێژوویی کە پەیوەندیدارە بە کۆمەڵگەی سروشتییەوە، ئامانجیەتی لەوێوەوە ڕایەڵەیەکی کۆمەڵایەتیی سروشتی لە نێوان تەڤگەر و گەلدا دروست بکات.

زۆر لایەن بەرژەوەندییان لەگەڵ پرۆسەکەدا نییە، لە چوارچێوەی شەڕی تایبەتدا هێزێکی بەرەنگاری دروست دەکەن بۆ چەواشەکردنی گەل، بزووتنەوەکە و چاودێرانی پرۆسەکە. ئەوەی لە جاسەنەدا ڕوویدا، دیدگایەکی مێژوویی قووڵی بەبیر هێناینەوە، چونکە جاسەنە خاوەن مێژوویەکی ڕاستەقینەی بەرگری و بەرخۆدانە؛ چیاکان، دۆڵەکان و شاخەکان هەمیشە هاوکاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بوون.

کاتێک ڕۆژنامەی (بانگی حەق) و هێڵی تەڤگەری ئاپۆیی بانگی ئاشتی دەستپێدەکەن، کەواتە گرێدانێکی ڕۆحی، مەعنەوی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و سیاسی لە نێوان ڕایەڵەکانی مێژووی کوردا هەیە. جاسەنەش مێژوویەکی نوێیە کە پیشانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیی دا کە بەردەوامیی مرۆڤی کورد، بەردەوامیی ژینگە، ژیان و بەرخۆدانییەتی.

ئاکەپە-مەهەپە دەیەوێت دەسەڵاتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا فراوانتر بکات، چونکە سیاسەتی فاشیزم هەمیشە کار لەسەر فراوانکردنی قازانج و بەرژەوەندییەکان دەکات، بەڵام لە دیدی بەڕێز ئۆجالانەوە، پرۆسەی ئاشتی پرۆسەیەکی ئەخلاقییە کە دەیەوێت ئاشتەوایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێنێتە کایەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی چۆن کۆمەڵگەی دیموکراتیک بونیاد بنێت و چۆن ئینتیگراسیۆن لە نێوان تورک و کورددا لە بەڕێوەبردندا بونیاد بنرێت. ئەمانە هەمووی گرنگن و دەبێت هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی پێویستیان بۆ بکرێت تا نیشان بدرێت پرۆسەی ئاشتی لە چ قۆناغێکدایە، هاتنی ٣٠ گەریلا بە ڕێبەرایەتیی ژنێک و سووتاندنی چەکەکانیان، پەیامێکی ڕاستەقینە بوو وەک وەڵامێک کە نیشانیدا لەگەڵ هێڵی ئاپۆیدا هاوئاهەنگن.

سبەی بەشی دووەم بڵاو دەکرێتەوە.

ئ.پ