ساڵێک تێپەڕ دەبێت بە سەر مەراسیمی سیمبولی چەک سوتاندنی گەریلاکانی ئازادیی، لە ماوەی ئەم ساڵەدا چی ڕوویدا؟ گرنگترین هەنگاوەکانی ئەم قۆناغە چیبوون و چۆن گەلی کورد و ڕێبەرەکەی توانی بۆ تەواوی جیهانی بسەلمێنن کە گەلێکی ئاشتی خوازن و خاوەن پڕۆژەی چارەسەرین، لەمبارەیەوە ڕۆژنیوز لە ئەشکەوتی جاسەنە لەگەڵ دوو چاودێر و بەشداربووی مەراسیمەکە، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەی کوردستان کەنەکە و نەورۆز فازیل چاودێری سیاسی و ئەندامی کۆمیتەی ئازادی ئۆجالان، هەڵسەنگاندن دەکات و ئەو پرسانە دەخاتە بەرباس.

دکتۆر حەکیم

سەبارەت بە هەنگاوەکانی پڕۆسەکە لە ماوەی ساڵێک، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم دەڵێت: لە ماوەی پرۆسەی ئاشتیدا هەنگاوەکانی تەڤگەری ئازادی ڕوونە و ئەوەی نییەت پاکیبێت سەلماندوویانە و هەنگاوی گرنگیان ناوە، لە لایەنی تورکیاشەوە هەنگاو نراوە بەڵام هەنگاوەکانی تورکیا بە پێی پێویستی قۆناغەکە نییە، هەرچەند گفتوگۆ کردن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان هەیە و کۆمسیۆن درووست کراوە، بەڵام گرفتی تورکیا ئەوەیە ئیرادەیەکی یەکگرتوو نییە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد، چوارچێوەیەکی یاسایی دانراوە، بەڵام تەڤگەری ئازادی دەڵێت ڕێبەر ئاپۆ دەبێت بەردەنگی سەرەکی بێت و پێگەی دیاری بکرێت.

وتیشی: جەوهەری پرۆسەی ئاشتی ئازادی بەڕێز ئۆجالانە، کاتێک تەڤگەر دەڵێت: ئۆجالان بەردەنگە واتە دەوڵەت دەبێت هەلومەرجی بەڕێز ئۆجالان بگۆڕێت، تا بتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی، نەتەوەکانی تورکیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم پرۆسە ئاڵۆزە ١٠٠ ساڵییە بەڕێوەبەرێت، ئەوەشی تورکیا لێی دەترسێت بە دڵنیاییەوە هەڵوەشانەوەی فاشیزم و سیستمی کۆنی دەوڵەتە، چونکە ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالان و چونە ناو پرۆسەکە واتە گۆڕانکارییەکی گەورە و جۆری لەناو سیستمی دەوڵەتی تورکیادا.

دەشڵێت: ناتوانین بڵێین تورکیا هیچی نەکردووە، بەڵام تورکیا گرفتێکی هەیە، لێرە سەرکردایەتییەک، پارتێکی سیاسی و پرۆژەی هەیە بۆ ئاشتی و وە بوێریش هەیە، بەڵام لەناو تورکیادا غیابی بوێری هەیە، غیابی ئیرادەیەکی یەکگرتووی هەیە، ئەوەتا ئێستا ململانێیەکی سیاسی گەورە لەناو هێزە سیاسییەکاندا هەیە، ئەوەتا ئەو شارانەی کە دژایەتی گەلی ئێمە دەکرا و قەیوم دادەنرا ئێستا لەسەر جەهەپە و لایەنەکانی تر  فەرز دەکرێت.

نەورۆز فازیل

هەروەها نەورۆز فازیل چاودێری سیاسی وتی: تەڤگەری ئاپۆیی بە نییەتێکی ڕاستگۆیانە بەشداری پرۆسەکە بوو یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکان هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بوو، بەڕێز ئۆجالان دەڵێت حیزب کاری نەماوە بەڵکو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەنجومەن و کۆمۆنەکان کار بکەن لە ناوکۆمەڵگەدا لە ژنان، گەنجان و تەواوی توێژەکان پێشەنگی بکەن تا بەشداری گەل هەبێت بۆ بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی، تەڤگەری ئاپۆیی متمانەی جددی بەڕێبەرەکەی هەیە کە بەردەنگی یەکەمی پرۆسەکەیە و داوای مافی هیوای بۆ دەکات، کە یەکێکە لە خاڵە جەوهەرییەکانی سەرکەوتنی پرۆسەکە، تا بتوانێت ئازادانەتر گفتوگۆ و هەڵسەنگاندن بکات بۆ پرۆسەکە.

وتیشی: دەوڵەتی تورکیا تاکتیکی نزیکی پرۆسەکە دەبێت کە دەیەوێت دەستکەوتی زیاتری دەستکەوێت و بێ دەرکردنی یاسا گەریلا چەک دابنێت، کەواتە پرسی یاسایی و دەستوری بابەتێکی گرنگە کە ئەو کۆمسیۆنە داوای لێکراوە کە ئەو پرسە دیاری بکات، لایەنێکی تر ئەوەیە دەوڵەتی قوڵ لە گەڵ دەوڵەتی تورکیا لەسەر بنەمای قازانج و بەرژەوەندی لە ناکۆکیدان کە تا ئێستا نەیتوانیوە پرسەکە بگەیەنێتە ئاستێکی باشتر کە گەلی ئێمە بگەیەنێتە ئەو باوەڕییەی کە بڵێن ئەوە تورکیا گەیشتۆتە قۆناغێکی باشتر، کەواتە دیموکراسی خۆجێی کرۆکی سەرکەوتنە بۆیە کورد لەو ڕێگەیەوە تێکۆشانی خۆی درێژە پێدەدات، ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیش کاتێک سەردەکەوێت کە دیموکراسی خۆجێی سەرکەوێت.

جەختی لەوەش کردەوە، تورکیا ئەقڵییەتی تیرۆری کۆتایی پێنەهێناوە ئەوەش فاشیستیە، پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکرات ئەوە ناوە حەقیقەتەکەیەتی، ئەردۆگان خۆی پێشوازی لەو وەفدە دەکات کە دەچنە لای ڕێبەر ئۆجالان، بەڵام دیارە بۆ خەڵەتاندنی گەل ئەوە دەکات و ناوی تیرۆر لە پرسەکە دەنێت، خوێندنەوەی بۆ دەکرێت کە سیاسەتی هەڵخڵەتاندن پەیڕو بکات تا بیەوێت کورد ڕادەستببێت یاخود بەریەککەوتنی لایەنە کوردییەکان درووستبێت، بۆیە پێموایە ئێستا تورکیا لە قۆناغێکدایە کە ناتوانێت لە پرۆسەکە دەرچێت.

لە تورکیا پرۆسەی ئاشتی هەیە بەڵام سەرۆکی میت دێتە عێراق ئەمە سیاسەتێکی دوو فاقییە لە پرۆسەکەدا و ئەمە جۆرێکە لە پیلانگێڕی، ڕایەڵەکانی خۆی بەهێز دەکات ناهێڵێت خەڵک بچێتەوە گوندەکانی خۆیان و سوپای داگیرکاری دەکات لە خاکی کوردستان ئەمانە پێشێل کاری پرۆسەی ئاشتین و تورکیا ناتوانێت پێشی بخات، بۆیە ئەم قۆناغەی کە تورکیای تێدایە نە دەتوانێت بە تەواوی پرۆسەی ئاشتی پێشی بخات، نە دەتوانێت پرۆسەی ناحەکیمانەی خۆی درێژە پێبدات.

نەورۆز فازیل: بەڕێز ئۆجالان بە توانای خۆی و باوەڕبوون بە گەل و تەڤگەرەکەی پرۆسەیەکی بەم شیوەیە پێش خستووە تورکیا لەوە دەترسێت، ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا پشگیری پرۆسەی ئاشتی دەکەن چونکە ڕی گرە لە خوێن ڕشتن، بەمەش تورکیا دوجاری کێشەی سیاسی بۆتەوە.

سەبارەت بە پێکنەهێنانی یەکێتی نەتەوەیی و کێن ئەو لایەنانەی کە بەربەست دروست دەکەن، هەرچەندە تەواوی لایەنەکان لە گوفتاردا بانگەشەی یەکڕیزی دەکەن بەڵام لە کرداردا پێکنایەت، دکتۆر حەکیم عەبدول کەریم وتی: کەنەکە پرۆژەی بەڕێز ئۆجالانە و هەوڵی خۆشی داوە بەلام ئەوانەی ڕێگرن دەوڵەتانی داگیرکەرن تورکیا و وڵاتان لە ئاستی نێودەوڵەتی ڕێگرە، لایەنی ناوخۆیش هەیە ڕێگرە کە پارتی دیموکراتی کوردستانە، کەنەکە ئیرادەیەکی بەهێزی هەیە و داوای کردووە کورد ببێتە خاوەنی هێزێکی یەکگرتوو، پرۆسەی ئاشتی دەبێت هەموو هێزەکان پشتیوانی بکەن وەک ئەوەی بەڵێنیان داوە، پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی گەلی کوردە.

سەبارەت بەوەی کە دووای ساڵێک لە وەک دوو شاهیدی پرۆسەکە چۆن لە پرۆسەکە دەڕوانن، دکتۆر حەکیم عەبدولکەریم، وتی: لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا هەموو هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ پشتیوانیکردنبووە لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، بەڵام لە ئەگەری پاشەکشەی دەوڵەتی تورکیا وەک بەڕێز قەرەیلان وتی تەڤگەر و گەلی ئێمە خاوەن تەکنیک و توانای بەهێزن و دەست لە بەرگری کردنی ڕەوا هەڵناگرن و دەبێت هەموان پشگیری بکەن، لە ئەگەری پاشکشەی دەوڵەت ئەوا تەڤگەری ئازادی توانای پاراستنی گەلی کوردیان هەیە و پێویستە تەواوی گەل و ئازادی خوازان هەڵوێستیان دژی ئەو لایەنە هەبێت کە پرۆسەی ئاشتی ناوێت.

لە ئیستادا کێشەی کورد یەک پاکێجە شکستی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان زیان بە ڕۆژئاوا دەگەیەنێت هانی دەوڵەتی عێراق دەدات پاشەکشە بکات لە مافە دەستوریەکانی کورد لە باشوور چون سیاسەتی ئەمریکا جەخت لە ناوەندی بوونی دەوڵەتانی ناوچەکە دەکاتەوە  وکاری بۆ دەکات.

نەورۆز فازیل دەڵێت: دەبێت تورکیاش ئاشتی قبوڵ بکات، چونکە ئاشتی پرسێکە سەدان کێشەی تورکیا چارەسەر دەکات  وکۆمەڵگەی تورکیا دیموکراتی دەبێت و کۆمەڵگەی فاشیست نامێنێت ئەمە جگە لە بەهێزبوونی ئابوری  وپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانی، بۆ کوردیش وەچەرخانە و ئاشتی لە ناوچەکە بەهێز دەبێت و یارمەتی دەرە بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە وڵاتانی تر، ئەگەر سەریش نەگرێت زەرەرمەندی گەورە دەوڵەتی تورکیا دەبێت و متمانەی نامێنێت.

نەورۆز فازیل: بە پێی ئەو زەڕوریەتەی کە دەیبینین دەبێت تورکیا ئاشتی قبوڵ بکات، چونکە ئاشتی سەدان کێشە و گرفتی گەڵانی تورکیادا چارەسەر دەکات، لە ڕووی سیاسیی و ئابورییەوە پێش دەکەوێت، بۆ کوردیش وەرچەرخانێکی گەورە دەبێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاسدا، لە ئەگەری سەرنەکەوتنیشی تورکیا دۆڕاوی سەرکی دەبێت.

لە کۆتاییشدا ئاماژەی بەوەدا، شکستی پڕۆسەی ئاشتی بۆ کوردیش قەیرانێکی سیاسیە و دەکەوێتە شەڕەوە دیسان بەڵام پاراستنی ڕەوا بەکار دەهێنێت، کە هێزی گەلە، هەموو ئەو هێزانەی پشگیری پرسی ئاشتیان کردووە لە ئەگەری شکستی پرۆسەکە پێویستە هەڵوێستیان هەبێت و نەچنە بەرەی دەوڵەت  و پشتی گەلی کورد بگرن.

ئ.پ