لەم بابەتەدا یەکەم پرسیار کە بە مێشکماندا دێت ئەوەیە کە بۆچی بە درێژایی دوو مانگ هیچ دیدارێک نەکرا و دواتر بۆچی دیدارێکی لەم شێوەیە ئەنجامدرا. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان، لەم پرۆسە دوو مانگییەدا لەنێوان شاندی دەوڵەت و ڕێبەر ئاپۆ و سکرتارییەتی ئیمراڵیدا دیدار و دانوستاندنەکان درێژەی هەبووە. بە تایبەتی گەڕان بە دوای چارەسەردا کراوە بۆ ئەو خاڵانەی کە ڕێککەوتنیان لەسەر نەکرابوو و ئەو مژارانەی کە لایەنەکان قبووڵی ناکەن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەناو ڕای گشتیدا بڵاوکرایەوە، دانوستان سەبارەت بەوە دەکرێت کە ئەو یاسای چوارچێوەیەی دەردەکرێت، هەموو ئەندامانی تەڤگەری ئازادی (بەڕێوبەران و ..هتد. بەبێ جیاوازی)، هەموو زیندانییان و ئەو سیاسییانە لەخۆبگرێت کە لە دەرەوەی وڵاتن. بابەتێکی گرنگی تر ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ ببێتە خاوەنی هەلومەرجی ژیان و کارکردنی ئازاد. تەڤگەری ئازادیی کوردستان و زۆرێک لە چین و توێژە سیاسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بابەتە بریتییە لە مەرجە سەرەکییەکانی پرۆسەکە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ڕای گشتیدا بڵاوبووەتەوە، لایەنی دەوڵەت هەوڵدەدات هەموارکردنەوەی یاسایی بۆ مانگی تشرینی یەکەم دوابخات. ڕێبەر ئاپۆ هەموو جۆرە دواخستنێکی زۆر بە مەترسیدار دەبینی. دیارە کە تاوەکو دیداری ٢٠ـی تەممووز ئەم بابەتە ببوو بە کێشە.
باشە ئەم قەیرانە چۆن تێپەڕێندرا کە دیداری ٢٠ـی تەممووز ئەنجامدرا و ڕێگەخۆشکەر بوو لە بەردەم یاسای چوارچێوە؟ دەتوانین بڵێین کە لێرەدا، لە دانوستانەکان و مژاری چەقبەستووی پەیوەست بە یاسای چوارچێوەدا ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵێکی وای بینی کە ڕێگەخۆشکەر بوو لە بەردەم پرۆسەکە. وەک چۆن لە ماوەکانی ڕابردووشدا بینیمان کە ڕێبەر ئاپۆ لە دۆخی لەم شێوەیەدا دەتوانێت هەموو جۆرە زیانێک بگۆڕێت بۆ سوود.
هەر خۆی لە جموجۆڵی دوای دیدارەکەوە درک بەوە دەکرێت کە بابەتی دواخستنی یاساکە قبووڵنەکراوە کە یەکێکە لە کێشەکان. هەروەها درک بەوە دەکرێت کە کاتێک یاساکە دەرکرا لانی کەم ٨٠٪ـی زیندانییان (لەناویاندا ئەوانەی ناو سکرتارییەتی ئیمراڵیش) ئازاد دەکرێن، سیاسەتمەدارە دوورخراوەکانی دەرەوەی وڵات دەتوانن بگەڕێنەوە و ئەو گەریلایانەشی دەگەڕێنەوە وڵات، دەبنە خاوەنی ڕێکخراوبوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
بەڵام لەوانەیە بەشێک لەو سیاسییانەی کە سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ بڕدراوەتەوە و بەشێک لە بەڕێوبەرانی گەریلا، یاساکە نەیانگرێتەوە. بێگومان ئاشکرایە کە ئەو کەسانەی باسیان دەکرێت، لە شوێنە سەلامەتەکانی خۆیان، خۆیان دەپارێزن. ئەو شوێنە سەلامەتانە و ئەندامانی تەڤگەر کە لەم ناوچانە کاری خۆیان دەکەن، دەتوانن بۆ بەڕێوەچوونی ئەرێنیی پرۆسەکە ببنە گەرەنتیکار.
سەبارەت بە بابەتی هەلومەرجەکانی کارکردن و ژیانی ئازادی ڕێبەر ئاپۆش ئەوە دەبینرێت کە ڕێبەر ئاپۆ لە دەستپێکی پرۆسەکەوە هەوڵدەدات دۆخی خۆی نەکاتە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەکە. ئەو کەسانەی کە ئەو دەناسن، دەتوانن درک بەوە بکەن کە لە دیداری کۆتاییشدا هەمان شتی کردووە. باڵام تاکە بابەت کە لەوانەیە تێیدا گەریلا و تەڤگەری ئازادیی کوردستان گوێ لە ڕێبەر ئاپۆ نەگرێت، ئەمە بێت. تاوەکو ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، زەحمەتە گەریلا ڕازی بکرێت بە گەڕانەوە بۆ وڵات. لەو بارەیەوە هەرچەندە لە یاسای چوارچێوەدا ڕێبەر ئاپۆ دۆخی خۆی نەکردبێتە کێشەش، لەوانەیە لە هەنگاوی جێبەجێکردنی یاساکەدا کێشە ڕووبدات.
زۆر لایەنی تریش دەزانن کە مامەڵە لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ نیشانەی مامەڵە دەبێت لەگەڵ پرۆسەکە. مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە، مامەڵەی سەرەکیی پەیوەست بە مافەکانی گەلی کورد و پرۆسەی دیموکراتیکبوونی تورکیا نیشاندەدات. هەر بۆیە لە بابەتی متمانەدا بە پرۆسەکە کە هەستیاریی زۆر گرنگ هەن، لەوانەیە لاوازی ڕووبدات.
لە پێش و لە دوای دیداری ٢٠ـی تەممووزەوە دەشێت بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە. لەسەر بابەتی یاسای چوارچێوە کە ئەم دیدارە ڕێگەخۆشکەر بوو لە بەردەمی، چەند شتێک دەشێت بگوترێت. هەر خۆی لەلایەن زۆر لایەنەوە قبووڵدەکرێت کە ئەم یاسایە لە ڕووی یاساییبوونی پرۆسەکەوە دەبێتە دەستپێکێک، دەبێتە زەمینەیەکی گۆڕانکاریی یاسایی ئینتێگراسیۆن و وەکو یاسایەکی بنچینەیی، سوودی دەبێت.
ئەو زەمینە یاساییەی کە یاسای چوارچێوە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنیت، لە زۆر بواردا ڕێگەخۆشکەر دەبێت لە بەردەم ئەوەی کە سزای نوێ بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمیسیۆن و دەستەی نوێ دابمەزرێت. لە هەموارکردنەوەی یاسایی پەیوەست بە ئیدارە خۆجێییەکانەوە تاوەکو گۆڕانکاریی دەستووری و مسۆگەرکردنی ناسنامەی کورد بە دەستوور، زۆر گۆڕانکاری گرنگ لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. هاوشانی ئەوە، بەشداریی گەریلا لەناو ژیانی سیاسی، هەنگاو بە هەنگاو دەچێتە پێشەوە.
لەم هەموو بابەتەدا یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان کە پێویستە لەبیرنەکرێت، دیالەکتیکی تێکۆشان-دانوستانە کە زۆر جار باس دەکرێت. بێگومان لە ئیمراڵی پرۆسەیەکی دانوستان درێژەی پێ دەدرێت، بەڵام ئەو دامەزراوەیەی کە پێویستە یاسا دەربکات، پەرلەمانە. لەبەرئەوە ڕۆڵی لایەنگرانی دیموکراسی و ئازادی لە پەرلەمان گرنگە. لە هەمان کاتدا داخوازییە جەماوەرییەکانی کۆمەڵگە، فشاری ڕای گشتیی دیموکراتیک و ڕێکخراوبوونی کۆمەڵایەتی لە هەموو خاڵەکانی پرۆسەی دانوستاندا دەستی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز دەکات، فشار دەخاتە سەر دەوڵەت کە هەنگاو بنێت.
ئەو یاسایانەی دەردەکرێن، لەوانەیە بە دڵی هەمووان نەبن، بەڵام زۆر گرنگە کە لەم پرۆسەیەدا متمانە بە ستراتیژیی ڕێبەر ئاپۆ و هەنگاوە سیاسییەکانی بکرێت، بەم مەبەستە درێژە بە تێکۆشانێکی چالاک بدرێت و سیاسەتی بنیادنەر درێژەی پێ بدرێت. ڕێبەر ئاپۆ باوەڕی بە خۆی، تەڤگەرەکەی و گەلەکەی هەیە. بۆ ئەم مەبەستەش لەم کاتەدا ستراتیژیی نوێ بەرهەمدەهێنێت و نەرمیی سیاسی پێویست نیشاندەدات. بەڵام ئەرکی هەموومانە کە بۆ ئەوەی ئەم ستراتیژییە جێبەجێ بکرێت، درێژە بە تێکۆشان بدەین و ئەم سیاسەتە بە شێوازی جیاواز بەهێز بکەین.
ب. جـ
