بەم هاوینە هێشتا کوێستانەکانی باڵەکایەتى بۆن و بەرامە و سیمای بەهارەیان هەیە و بەفر و ئاوی سازگار كە لە توانەوەی كەوییە بەفرەكان سەرچاوە دەگرێـت و گوڵ و گوڵزاری ناوچەی پرژە بوونەتە جێێ‌ سەرنجی گەشتیاران و ڕۆژانە چەندین گەشتیار لە ناوچە جیاجیاكانەوە سەردانی دەكەن.

كاروان كەمال، یەكێك لەو گەشتیارانەیە كە لە سلێمانییەوە بەمەبەستی بینینی بەفر لە وەرزی هاوین ڕووی لە ناوچەكە كردووە و دەڵێـت: لە سلێمانییەوە هاتین كە زۆر گەرم بوو بۆ بینینی بەفر لە وەرزی هاوین، بە ڕاستی بەفرێكی زۆر و ئاوێكی سازگار و شوێنێكی زۆر تایبەت و خۆشە، بۆیە گرنگە حكومەت ئاوڕی جدی لەم شوێنە بداتەوە و خزمەتگوزاریی ڕێگاوبان و شوێنی مانەوەی لێ درووستبكات.

كاروان كەمال

وتیشی: ئەم دیمەنانە لە كەم ناوچەی كوردستان و عێراق دەبینین، بەڵام لێرە لە پڕژە بۆ هەمیشە بەفری لێ دەمێنێتەوە ئەوەش وای كردووە كە من بڕیاربدەم هەموو ساڵێك سەردانی بكەم لەم وەرزەدا بۆ چێژ وەرگرتن لە بینینی بەفر و دیمەنە جوانەكانی پرژە.

نەریمان سەلیم، یەكێك لەو كەسانەی كە نزیكە لە شوێنەكە دەڵێت: ئەم بەفرە چەندە بۆ گەشتیاران گرنگە بۆ بینین و چێژ وەرگرتن لێی، ئەوەندە زیاتریش بۆ ئێمە وەك ئەو كەسانەی لەم ناوچەیە دەمێنینەوە گرنگە، چونكە بووەتە هۆی سەرچاوەیەكی باش بۆ كشتوكاڵكردن و  ئاودێری، بۆیە هیواداین ئەوكەسانەی دێتە ئەم ناوچەیە ژینگە و سروشتەكەی بپارێزن و زبڵ و خاشاكی خۆیان لەگەڵ خۆیان ببەنەوە و جێی نەهێڵن.

نەریمان سەلیم

ئەو هاووڵاتییە ئاماژە بەوەشدەکات، ئەم چەند ساڵە وێرای ئەوەی ناوچەكە بە تەواوی لە وەرزی هاوین بووەتە ناوچەیەكی گەشتیاری، بەڵام ڕێگاكەی زۆر خراپ و وێرانە، هیوادارین ئەم ڕێگایە چاکبكرێت و خزمەتگوزاری پێویست بۆ ئەم ناوچەیە دابین بكرێت، چونكە گوناحە ئەم سروشتە جوانە و شوێنە گەشتیارییە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بەم شێوەیە بێـت.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی كەریم محەمەد یەكێك لەو كەسانەی كە لە ڕواندزەوە ساڵانە چەند جارێك سەردانی پرژە دەكات دەڵێت: زستان ڕێگامان گیرابوو بەهۆی بەفر، بەڵام ئێستا گەرمای هاوین ناچاری كردووین سەردانی پڕژە بكەین بۆ بینینی بەفر و خۆفێنككردنەوە بە بەفری پرژە كە جێگایەكی زۆر تایبەت و دڵگیرە.

كەریم محەمەد

كەریم محەمەد، دەشڵێت: من ساڵانە چەند جارێك دێم بۆ بینینی ئەم دیمەنە جوانە و مانەوە لە پرژە كە چێژی زۆری هەیە، لەگەڵیشیدا بەشێك لە بەفری پرژە دەبەمەوە بۆ ساردكردنەوەی ماستاو و دۆ و شەربەت كە تامێكی خۆشتر و تایبەتتری دەداتێ.

هاوینەهەواری پڕژە بە دووری ١٧ كیلۆمەتر دەكەوێتە بەشی ڕۆژهەلاتی شارۆچكەی چۆمان لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە دووریی ١٨٠ كیلۆمەتر لە باكووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێرەوە دوورە، ئەم ناوچەیە بەهۆی ئەوەی لە هاویندا بەفرەكەی دەمێنێتەوە و ئاوێكی سازگار و گوڵ و گوڵزاری زۆری لێیە سەرنجی گەشتیاران ڕادەكێشێت.

 

11 وێنە
1 / 11

ئ پ