ئەحمەد لوعەیبی، وتەبێژی وەزارەتى دادى عێراق، سەبارەت بە هەوڵەکانى وەزارەتەکەیان بۆ گەڕانەوەى زیندانە بیانییەکان بۆ وڵاتەکانى خۆیان، بۆ میدیاکانى عێراق دەدوێت.

لوعەیبی ڕایگەیاند، وەزارەت لە ئێستادا کار دەکات بۆ چالاککردنی ڕێکارە دیپلۆماسییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کردنەوەی کەناڵەکانی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و بیانی کە نزیکەی شەش هەزار زیندانی هاوڵاتى ئەوانن، وەک ئامادەکارییەک بۆ واژۆکردنى یاداشتنامەی هاوکاری و ڕێککەوتننامە کە ڕێگەیان پێدەدات بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاکەیان.

ڕوونیشی کردەوە، ڕێکارەکانی گواستنەوەکە زیندانییە بەندکراوە عەرەب و بیانییەکانی ناو بەشەکانی چاکسازی عێراق دەگرێتەوە، جگە لەوانەی سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، وەزارەت بڕیارێکی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی لەم بارەیەوە وەرگرتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی زیندانییە بیانییەکان شەش هەزار زیندانییە و لە ئێستادا ماوەی سزاکەیان لە دامەزراوە چاکسازییەکانی عێراق بەسەر دەبەن، سەر بە ٦١ وڵاتی عەرەبی و بیانیین، ڕەگەزنامەی سووری لە پلەی یەکەمی ڕەگەزنامە ئامادەبووەکاندایە، دوای ئەویش ڕەگەزنامە عەرەبی و بیانییەکانی دیکە دێن، لە نێویاندا وڵاتانی مەغریب، ئەمریکا، کەنەدا، ڕووسیا، تونس و تورکیا و چەندین وڵاتی دیکە.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەت هەوڵدەدات دۆسییەی زیندانییە بیانییەکان لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نێردە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی پەیوەندیدار چارەسەر بکات، بە فەرمی پەیوەندییان پێوە بکات سەبارەت بە ئەگەری گواستنەوەی هاووڵاتییە زیندانییەکانیان بۆ وڵاتەکانیان، بەجۆرێک ڕێگەیان پێبدات ماوەی سزاکەیان لەناو دامەزراوە چاکسازییەکانی وڵاتەکانی خۆیاندا تەواو بکەن.

لە کۆتایدا وتى: ڕێکارە دیپلۆماسی و تەکنیکییەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە حکومییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکانی ئەم دۆسییەیە بەردەوامە، تا گەیشتن بە دانانی ڕێکارێکى ڕوون بۆ گواستنەوەی ئەو زیندانییانەی کە مەرجەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەبێت بۆ وڵاتەکانیان، بەجۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەش بەدیبهێنێت و مافە یاساییەکانی زیندانییەکان بپارێزێت.

ھـ.ئ