ئێوارەی ڕۆژی دووشەمە، ١٣ـی تەمووزی ٢٠٢٦، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا و تا ئێستاش لەوێیە و نەگەڕاوەتەوە.

ئەمە تەنها سەردانێکی ئاسایی دیپلۆماسیی نییە، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ماوەی ٨ بۆ ٩ ڕۆژ لە ئەمریکا دەمێنێتەوە و شاندێکی گەورەی لەگەڵدایە، کە پێکهاتووە لە ٤٤ بەرپرسی باڵا و ژمارەیەک بازرگان و نوێنەری کۆمپانیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.

پێکهاتەی سەرەکی ئەو شاندە عێراقییەی کە یاوەری زەیدی دەکەن و ئێستا لە واشنتۆنن، پێکهاتوون لە (وەزیرانی دارایی، نەوت، کارەبا، بازرگانی، وەزیری دەرەوە و پارێزگاری بانکی ناوەندیی) ئامانجی سەرەکییان واژۆکردنی زیاتر لە ١٥ ڕێککەوتن و گرێبەستی ستراتیژییە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا، لەبوارە جیاوازەکان، لەوانە:

کەرتی نەوت و غاز، تەندروستی و کشتوکاڵ، چاکسازیی دارایی و متمانەی بانکیی، سندوقی هاوبەشی گەشەپێدان لە داهاتی نەوت، بە مەبەستی پارەدارکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک بەندەری فاو، هێڵی شەمەندەفەر و پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا.

تەکنەلۆژیا و ستارلینک، بۆ هێنانە ناوەوەی پڕۆژەی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی "ستارلینک" بۆ عێراق.

شاندەکەی عێراق دوێنێ، لە واشنتۆنەوە چوونە ویلایەتی تەکساس بە ئامانجی کۆبوونەوە لەگەڵ گەورە کۆمپانیاکانی بواری نەوت و وزەی ئەمریکیی لە شاری هیوستن و بڕیاریشە ڕێککەوتنی گەورە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی وەک (ExxonMobil, Chevron، Halliburton)ـی ئەمریکیی بۆ پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز واژۆ بکرێت.

عەلی فالح زەیدی بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئامادەیی دەربڕیوە لە قازانجی نەوتی عێراق پشکی کۆمپانیاکان زیاد بکات، بۆ نموونە ئامادەیی دەربڕیوە پشکی کۆمپانیای (شیڤرۆن) کە پێشتر لە ١٠٪ بوو زیاد بکات بۆ لە ١٥٪.

هەروەها بە ئامادەیی تۆمباراک نێردەی تایبەتی ترەمپ لە سووریا و عێراق، ئەمریکییەکان تاوتوێی کردنەوەی دوو هێڵی گواستنەوەی وزەیان لە عێراقەوە کردووە، لە ڕێگای سووریا و ئوردنەوە بۆ دەریای ناوەڕاست، ئەمەش وەک جێگرەوەی گەرووی هورمز.

بەڵێنەکەی ترەمپ و چاوەڕوانییەکانی لە بەرامبەردا

بەگوێرەی زانیارییەکان، ترەمپ لەم سەردانەدا بە زەیدی ڕاگەیاندووە، ئەگەر سەرکەوتوو بێت لە چەککردنی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و زەمینەسازیی بۆ ئەم سەردەمە نوێیە لە پەیوەندیی و دۆستایەتی ئەوا لە بەرامبەردا، ئەمریکا ئامادەیە لە زیاتر لە ٢٠ ناوچەی جیاواز لە عێراق و هەرێمی کوردستان، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی دابین بکات.

بەڵام بەدیهێنان و جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتن و گرێبەستانە هەروا ئاسان نییە و ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی و ئاڵنگاریی دەبێتەوە، کە لە ئێستاوە دەرکەوتوون.

کۆتا مۆڵەت؛ دوو ڕووداوی مێژوویی بۆ عێراق!

٣٠ـى ئەیلولی ئەمساڵ وەک دوایین مۆڵەت دیاری کراوە، وەک کۆتا مۆڵەت بۆ چەکدانانى گرووپە چەکدارەکانى عێراق و کشانەوەى هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتیی لە عێراق، لەو ڕێکكەوتەدا ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بۆ شەڕ لە دژی داعش کۆتایی دێت و چیتر بیانویەک بۆ مانەوەی چەک لەدەستی گرووپە میلیشیاکانیشدا نامێنێتەوە.

بە کورتی؛ ئەمە پوختەی ڕێککەوتنەکەی زەیدی و ترەمپە، ٣٠ـى ئەیلولی ئەمساڵ، هێز و گرووپە چەکدارەکان دەبێت بچنە دەرەوەی عێراق و وەبەرهێن و کۆمپانیا و بازرگانەکان لە شوێنیان دێنە ناو عێراقەوە.

هەموو گرووپە چەکدارەکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لەو وادە دیاریکراوەدا کۆتایی بە دۆسیەی چەکی دەرەوەی یاسا لە عێراقدا بهێنن، بەڵام هەروا ئاسان نییە، پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ هەموو گرووپە چەکدارەکان بەو داوایە ڕازی بوون؟

کێن ئەو گرووپانەى ئامادەنین چەک ڕادەست بکەن؟

گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە خۆیان بە "بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامیی" دەناسێنن و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕایانگەیاند، چەک دانانێن و ئامادەن ڕووبەڕووی ھەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببنەوە.

ئەو گرووپانە، پێکهاتوون لە (كه‌تیبه‌كانی سه‌ید شوهه‌دا، كه‌تیبه‌كانی كه‌ربه‌لا، ئه‌نساروڵا ئه‌وفیا، بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با، بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی هه‌ق و كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا)  په‌یامێكی چوار خاڵییان، ئاڕاسته‌ی حكومه‌تی عێراق كردووه‌.

له‌ خاڵی سێیه‌میدا ئەو گرووپانە داوایان كردووه‌، "كۆتایی به‌ بوونی هێزی بیانی داگیركه‌ر له‌سه‌ر خاكی عێراق و ئاسمانەکەی بهێنرێت و ڕێگری له‌ هه‌ر دزه‌كردنێكیش بگیرێت، ئیدی له‌ژێر ناوی سیاسی یان ئه‌منی یاخود ئابووریدا بێت."

له‌ خاڵی كۆتاییشدا هاتووە، "جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ چه‌كێكی پیرۆزمان هەڵگرتووە،‌ به‌تایبه‌ت له‌ وڵاتێكدا كه‌ هێشتا داگیركه‌ر هه‌یه‌، ئه‌م چه‌كه گه‌ره‌نتیكاری به‌رگریكردنە له‌ خاك و پیرۆزییه‌كان."

ئێستا گرووپە چەکدارەکان چۆن لە مامەڵەکردنی زەیدی لەگەڵ ئەمریکا دەڕوانن؟

گرووپە چەکدارەکان دژایەتیی توندی دەکەن، ئەم گرووپانە نەک هەر بوونی سەربازی، بەڵکو گۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکە بۆ "ڕێککەوتنی ئەمنیی دوولایەنە" یان "مانەوەی ڕاوێژکاران" لەژێر هەر ناوێکدا بێت ڕەتدەکەنەوە و وەک پێشێلکردنی سەروەریی عێراق سەیری دەکەن.

بۆ نموونە گرووپەکانى نوجەبا و کەتائیب حزبوڵا متمانەیان بە بەڵێنەکانی ئەمریکا نییە و حکومەت بەوە تۆمەتبار دەکەن، کە لە ژێر فشاری واشنتۆندا کات دەکوژێت.

بۆچی هەڕەشەکانی ئەو گرووپانە دەبێت بە هەند وەربگیرێت؟ چۆن دەبنە ئاڵنگارییەکی سەخت و گەور لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی نوێدا؟

لە ساڵانی ڕابردوودا، هەمان ئەو گرووپانە کەی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئێران لاسەنگ بووبێت، بەتایبەت لە بابەتی نەوت و وزەی عێراق، دەستیان لە کێڵگەکانی نەوت و گازی سرووشتی نەپاراستووە و بەر درۆن و مووشەکیان داوە.

چەندین جار کێڵگە نەوتی و گازییەکان و بارەگای کۆمپانیا بیانییەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، لە ڕێگەی کاتیۆشا، مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو.

بۆنموونە، کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کە لایەن کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی بەڕێوەدەبرێت و دەکەوێتە سنوورى شارۆچکەى چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، ئەم کێڵگەیە زۆرترین هێرشی کراوەتە سەر (لە ساڵانی ٢٠٢٢، ٢٠٢٣، هەروەها لە نیسانی ٢٠٢٤ بە درۆن کرایە ئامانج)، هێرشەکان بوونە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنان و هەناردەی گازی سرووشتیی، هەتا ساڵی ٢٠٢٥ـیش هێرشەکان لەسەر کۆرمۆر هەر بەردەوام بوون.

کێڵگەی نەوتی خورمەڵە ، کە دەکەێتە  باشووری ڕۆژئاوای هەولێرەوە و لەلایەن کۆمپانیاى کار گرووپی پەدەکەوە بەڕێوە دەبڕێت، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا بە چەندین مووشەک و درۆن لە لایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە لە سنووری پارێزگای نەینەواوە هێرشی کرایە سەر.

پاڵاوگەی کەورگۆسک، کە دەکەوێتە سنوورى شارۆچکەى خەباتەوە لە پارێزگاى هەولێر و لەلایەن کۆمپانیاى کار گرووپی پەدەکەوە بەڕێوەدەبڕێت، لە نیسان و ئایاری ٢٠٢٢ـدا، بە مووشەک هێرشی کرایە سەر.

لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش ئەم گرووپە چەکدارانە دەستیان لە کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا نەپاراستووە، لەپێناو ناچارکردنیان بە کشانەوە یان بۆ ناردنی پەیامی سیاسی بۆ واشنتۆن، لەوانە:

کێڵگەی نەوتی زوبێر کە دەکەوێتە پارێزگای بەسرە و لەلایەن کۆمپانیای ئێنیی ئیتاڵی بەڕێوەدەبڕیت، لە ساڵانی ڕابردوودا بە مووشەکی کاتیۆشا هێرشی کراوەتە سەر.

کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قوڕنە؛ کە دەکەوێتە باکووری بەسرەوە و لەلایەن کۆمپانیاى ئێکسۆن مۆبیل ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرا، لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا، چەندین جار بە مووشەکی کاتیۆشا هێرش کرایە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندانی کۆمپانیاکە، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکە بۆ ماوەیەک کارمەندە بیانییەکانی خۆی بکشێنێتەوە.

تەنانەت لە ساڵانی ڕابردوودا چەند کۆمپانیایەک (بەتایبەت ئەمریکییەکان)  لە ترسی هێرشەکانى ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە ئێران، بە یەکجاری بارگە و بنەیان پێچاوەتەوە و لە عێراق کشاونەتەوە.

لە سەرووی هەموویانەوە، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلە، کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی بوو لە عێراقدا، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بە فەرمی پشکی خۆی لە کێڵگەی نەوتی "ڕۆژئاوای قورنە-١" فرۆشت و بە تەواوی لە کەرتی نەوتی باشووری عێراق کشایەوە.

ئەوانیتریش لە دیارترینیان کۆمپانیاکانی، (هالیبێرتۆن و بیکەر هیوز، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی - HKN Energy)ـین لەگەڵ چەندین کۆمپانیای تری بواری سەربازیی و ئابووریی و بازرگانیی و خزمەتگوزاریی.

ئایا مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە یان عێراق لاپەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە؟

پاش گەیشتنی زەیدی و شاندەکەی بە واشنتۆن، ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی نوجەبا، پەیامێکی ئاڕاستە کرد و هێرشێکی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ڕایگەیاند، ناهێڵن ئەمریکا بەردەوام بێت لە “دزینی نەوت و خێروبێری عێراق” و لە خاک و ئاسمانی وڵاتەکە دەریان دەکەن، بۆ ئەمەش ئاماژەی بە هێزی بەرەی مەقاوەمە کرد.

پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ عەلی فالح زەیدی، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ئاستەنگی و ئاڵنگارییانەی هەیە و دەتوانێت گرەوەکە بباتەوە و پەڕەیەکی نوێ هەڵداتەوە بۆ عێراق؟ یان ڕووبەڕووی هەمان ئەزموونی پێش خۆی دەبێتەوە و ڕێککەوتن و گرێبەست و بڕیارەکانی، بۆ هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ، دەبنە مورەکەبی سەر کاغەز؟

ب.گ