هەردوو کەناڵی حەدەس و عەرەبییە پشتبەستوو بە سەرچاوە هەواڵگرییەکانى عێراق زانیارییەکی نوێیان سەبارەت بە هەوڵێکی تیرۆرکردنی سەرۆکی یەکێک لە گرنگترین دەسەڵاتەکانی عێراق بڵاویانکردەوە.
بەپێی هەواڵی ئەو میدیایانە، پلانێکی مەترسیداری گرووپە چەکدارەکان بۆ تیرۆرکردنی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ئارادایە.
هۆکاری ئەو هەوڵە تیرۆرییە، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هەڵمەتە بەردەوامەکانی دادوەرییەوە هەیە لە دژی گەندەڵی و هەنگاوەکان بۆ ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا.
بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییەکان هەڕەشەکان زۆر جدین و ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەو دۆسیە هەستیار و گەورانەی کە دەسەڵاتی دادوەری لە ماوەی ڕابردوودا یەکلایی کردوونەتەوە.
لە بەرامبەر ئەم هەڕەشەیەدا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێوشوێنی توند و پارێزگاریی تایبەتیان بۆ پاراستنی فایەق زێدان گرتووەتەبەر، لە کاتێکدا ژمارەیەک لە هێز و قەوا سیاسییەکان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی دادوەری و سەروەریی یاسا ڕاگەیاندووە.
ئــ.ع
