سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ کۆمپانیا کۆڕەک و قەرزەکان و داخستنى بنکەکانى کۆڕەک، بەلیغ ئەبو کەلل سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بۆ میدیا عێراقییەکان دەدوێت.

بەلیغ ئەبو کەلل ڕایگەیاند، هیچ چارەسەرێک لەگەڵ کۆمپانیای کۆرەک نەماوە، دەستمان بە داخستنی نووسینگەکانی کۆمپانیاکە لە بەغداد کردووە، ئەو پەیوەندییەی لەنێوانماندا هەبوو گەیشتووەتە بنبەست.

ڕوونیشی کردەوە، کێشەی کۆمپانیای کۆرەک هی ئەمڕۆ نییە و سیاسییش نییە، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک وادەی مۆڵەتی پێدراو بە کۆمپانیاکە کۆتایی هات، جگە لەوەی کێشەی تریش پێش ئەوە هەبوون، کۆمپانیاکانی تری کەرتی گەیاندن ڕووبەڕووى ئەم کێشە نابنەوە، بابەتەکە تەکنیکییە نەک سیاسی.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیای کۆرەک پابەند نییە بە بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانەوە، قەرزاری دەستەکەیە بە بڕی نزیکەی ٢٠٠ تریلیۆن دینار، هەروەها قەرزاری باجیشە، لەگەڵ پابەندبوونی دارایی لە دەرەوەی عێراق کە لە ملیارێک دۆلار تێپەڕیوە.

جێگەی باسە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان هەفتەى ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، ڕێکاری کردارییان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی ئەنجام داوە بۆ داخستنی بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای "کۆرەک تێلیکۆم" و سێ لە سەنتەرەکانی فرۆشتنی لە بەغدادی پایتەخت، ئەوەش بۆ جێبەجێکردنی بڕیارە ڕێکخراوەییەکان کە بەرامبەر بە کۆمپانیاکە دەرکراون.

هـ.ئ