وەزارەتی دارایی لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا فالح ساری ڕایگەیاندووە، کە عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێوە بۆ ڕێکخستنی خەرجییە گشتییەکان و بەستنەوەیان بە ئامانج و ئەنجامە بەدیهاتووەکانەوە لە ڕێگەی ناساندنی یەکەم بودجەی لەو جۆرە لە مێژووی عێراقدا.

بودجەی بەرنامە و کارایی سیستەمێکی پێشکەوتووی پلانی داراییە؛ کە تێیدا تەرخانکردنی سامان و خەرجییە گشتییەکان ڕاستەوخۆ بە ئامانجە ستراتیژییەکان، بەرنامە پەسەندکراوەکان و بەرهەمە بەدیهاتووەکانی دامەزراوەکانی حکومەتەوە دەبەسترێتەوە، بە پێچەوانەی بودجە کلاسیکییەکان کە تەنها بۆ دابینکردنی پێداویستییە کارگێڕییەکان (وەک مووچە و خەرجیی ڕۆژانە) تەرخان دەکرێن.

وەک ئاشکرایە بەهۆی پەککەوتنی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و ڕاگرتنی هەناردەکردنی زیاتر لە ٩٠٪ـی نەوتی عێراق گورزێکی قورسی لە ئابووریی عێراق داوە و داهاتی مانگانەی نەوتی لە حەوت ملیار دۆلارەوە بۆ تەنها ملیارێک دۆلار دابەزاندووە.

ئـ.ع