عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران، سەبارەت بە داواکارییەکانیان بۆ گەڕاندەوەى پارەکانیان لە عێراق، بەڵێنی حکومەتى عێراق بۆ گەڕاندنەوەى قەرزەکانی ئێران، بۆ میدیاکانى وڵاتەکەى دەدوێت.

هیمەتی وتی: سەرەڕای ئەوەی ئێران پلانێکی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخی ئابووری، بەڵام هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە تەواوی وەستاوە، بۆیە لە ئێستادا ناچارن ڕوو لە وەرگرتنەوەی شایستە داراییەکانی بكەن لەلای ئەو وڵاتانەی کە پەیوەندیی بازرگانی و پارەدانەکانی لەگەڵیاندا هەیە.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێش جەنگ، ئێران ساڵانە بە بەهای ١٢ ملیار دۆلار کەلوپەل و خزمەتگوزاری هەناردەی عێراق دەکرد، کە چوار ملیار دۆلاری لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق و ٨ ملیار دۆلاری لە مامەڵەی کەرتی تایبەتدا بوو، لە ئێستاشدا پارەی شایستەمان لە بانکی ناوەندیی عێراقدا هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی عێراق بەڵێنی پێداوین کە شایستە داراییەکانمان بداتەوە، بەڵام بەهۆی داخرانی گەرووى هورمز و پەککەوتنی هەناردەی نەوتی بەغداد، دووچاری سەختیی ئابووریی تایبەت بە خۆی بووەتەوە.
ڕوونی کردەوە، عێراق و قەتەر، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی نەوتیان وەک ئێران بووەتە سفر، بەڵام دەتوانن یەدەگی دارایی خۆیان لە دەرەوە بۆ پڕکردنەوەی کوڕهێنان بەکاربهێنن، کە ئەمەش شتێکە ئێران ناتوانێت ئەنجامی بدات بەهۆی بلۆککردنى ئەو داراییانە لەلایەن ئەمریکاوە سزای ئابووری بەسەر تاراندا دەسەپێنێت.
جێگەى ئاماژەیە، عێراق بەشێوەیەکى سەرەکى پشت بە داهاتى نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنى مووچە و پێداویستییەکانى، بەڵام بەهۆى داخستى گەروورى هورمزەوە هەناردەى نەوت زۆر کەمى کردووە، ئەمەش وایکردووە ڕووبەڕووی قەیرانى دارایی و نەختینەیی بێتەوە، تەنانەت مووچەى مانگى ڕابردووى فەرمانبەرانی عێراق بۆ ماوەى چەند ڕۆژێک دواکەوت.
هـ.ئ
