ماڵپەڕی کۆمسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرگریی ئێران سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەپێی کۆڕبەندی ئابووریی جیهانی (WEF) بۆ ساڵی ٢٠٢٥، ئێران لە ڕێزبەندی ١٤٥ی نێوان ١٤٨ وڵاتی جیهاندا دێت بۆ نایەکسانیی ڕەگەزیی لە بوارەکانی پەروەردە، تەندرووستی، ئابووری و سیاسی ژێری کە بە پلەی ١٪ـی تۆمار کراوە، ئەمەش نیشانی دەدات ئاستی بەشداریی هێزی کاری ژنان لە ئێراندا بە تەنها ٢٠.١٪ لە نزمترین ئاستەکانی جیهاندایە و تەنها لە پیش سوودان و بنگلادیشەوەیە.

کۆمسیۆنەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ئاستی بڕیاردان و دەسەڵاتی سیاسی، بەشداریی ژنان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمکراوەتەوە واتە لە کۆی ٢٦٠ نوێنەری پەرلەمانی ئێران، تەنها ١٧ ژن هەن کە دەکاتە ٦.٥٣٪، و لە ۳۱ پارێزگاکەی ئێران هیچ پارێزگارێکی ژن بوونی نییە، لەگەڵ ئەوەشدا، لە کۆی هەزار و ٤٥٦ شاری تۆمارکراو، تەنها ١٦ شارەوانی ژن کار دەکەن کە دەکاتە کەمتر لە ١.٢٪.

باس لەوەشکراوە، تەنیا ٣٪ـی پۆستە باڵا و ناوەندییەکان و ٣٪ـی گشتیی پۆستە  بەڕێوەبەرییەکانی وڵات لە ئەستۆی ژناندایە، سەرەڕای ئەوەی ژنان زیاتر لە ٦٠٪ـی دەرچووانی زانکۆکان پێکدەهێنن، بەڵام بێکاری و ڕەتکردنەوەیان لە بازاڕی کاردا بەردەوامە واتە تەنها ١٤٫٤٪ ژنانی ئێران لە هێزی چالاکی ئابووریدان، لەکاتێکدا ڕێژەی بەشداری پیاوان لە هێزی کاردا گەیشتووەتە ٦٨٫٤٪یە، هەروەها بێکاریی گشتیی ژنان ١٤.٣٪یە بەرامبەر ٦.٢٪ی پیاوان.

لە ڕاپۆرتی کۆمسیۆنەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕێژەی بێکاریی ژنانی گەنجی تەمەن ١٥ تا ٢٤ ساڵ گەیشتووەتە ٣٠.٩٪ بەرامبەر ١٧.٤٪ی پیاوانی گەنج، هاوکات لە کۆی هەر ١٠ ژنی بێکار لە ئێران، حەوت کەسیان خاوەنی بڕوانامەی زانکۆیی بەرزن، پاشان لە کۆی زیاتر لە هەشت ملیۆن ڕێژەی کارمەندانی کەرتی پێشەسازی، تەنها ٨٦٧ هەزار ژن کار دەکەن.

ئەم ئامارانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێکهاتەی یاسایی و کارگێڕی لە ڕێگەی ڕوانگەی ڕەگەزییەوە، پێگەی ئابووری و سیاسییەکان بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ دەبەخشێتە پیاوان و بەشێکی زۆری ژنانی خاوەن بڕوانامە لە بازاڕی کار و ناوەندەکانی بڕیاردان پەراوێز خستووە.

س.خ