ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، سەبارەت بە فشارەکانیان بۆ ناچارکردنى ئەمریکا بۆ کشانەوە لە ناوچەکە، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکییەکان سەلماندیان کە لە زمانی دیپلۆماسی تێنەگەیشتوون، ئەوان سزاکان هەڵناگرن، سەرمایە و داراییە دەستبەسەرگیراوەکانی ئێران ئازاد ناکەن، دەست لەو کردەوانەش هەڵناگرن کە بە گەمارۆی دەریایی وەسفی کردوون.
ئاماژەى بەوەشکرد، مێژوو دەیسەلمێنێت لە بەرامبەر زمانی هێزدا، نەک تەنیا دەبێت ئەم هەنگاوانە بنێن، بەڵکو ناچار دەبن داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکەن و ناوچەکەش بەجێبهێڵن.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باسی ئەگەری گەڕانەوە بۆ بۆردوومانکردنی ئێران کردبوو، جەختی کردەوە ئاڵوگۆڕی ستراتیژیی واشنتن بۆ جەنگی ئابووری دژی تاران، بە مانای دەستبەرداربوون لە بژاردە سەربازییەکان نایەت.
کەناڵی CNN لە سەرچاوەی بەرپرسانی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا لەبری ڕێبازی پێشووی کە پشتی بە پرۆسەی سەربازی دەبەست و لە کۆتایی شووباتی ٢٠٢٦ دەستی پێکردبوو، ئەمریکا ڕوو لە ستراتیژیی خنکاندنی پلە بە پلەی ئابووری بۆ ئێران دەکات.
هـ.ئ
