ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) سەبارەت بە ڕێگەدان بە تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا زانیاری ئاشکرا کرد.
ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئێران ڕەزامەندی پیشان داوە لەسەر تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق بە گەرووی هورمزدا، ئەوەش لەسەر داواکاریی فەرمی حکومەتی عێراق.
هەرچەندە ئاژانسەکەس ئێران وردەکاری زیاتری سەبارەت بە ژمارەی نەوتهەڵگرەکان یان بڕی نەوتەکە نەخستووەتە ڕوو، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە ڕێگە بە تێپەڕبوونیان دراوە.
پێشتر هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندبوو، کە لە کاتی سەردانی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ بەغداد، پرسی کاریگەریی داخستنی گەرووی هورمز لەسەر عێراق و ڕێگەدان بە هەناردەی نەوتى ئەم وڵاتە تاوتوێکراون.
ئەمڕۆش نزار ئامێدی، سەرۆککۆماری عێراق لە هەشتەمین کۆنفرانسی دیالۆگی بەغداد ئاشکرای کرد، ئاسانکاری هەیە بۆ هەندێک لەو کەشتییانەی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمزەوە دەگوازنەوە.
بەپێی داتاکانی دوێنێی کۆمپانیای دەریاوانیی "کەپلەر"، بەهۆی ڕاوەستانی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کەمبووەتەوە، بە شێوازێک کە تەنها حەوت کەشتیی بارهەڵگر لە ڕۆژی پێنجشەمەدا بە گەرووەکەدا تێپەڕبوون.
ئــ.ع
