هونەرمەندی مۆسیقای ڕەسەن و کلاسیکی ئێرانی، هیوا سەیفی زادە، دوای سەپاندنی سزای چوار ساڵ زیندانی بەسەریدا، کورتە ڤیدیۆیەکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردەوە.
لە کورتە ڤیدیۆکەدا هیوا سەیفی زادە ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دوای پێشکەشکردنی کورتەنمایشێک لە شوێنێکدا بە ناوی "عیمارەت-ڕووبەڕوو" دراوە، کە لە شووباتی ٢٠٢٥ـدا بووەتە هۆی دەستبەسەرکردنی.
هیوا سەیفی زادە ئاماژەی بەوەدا، لە کاتی نمایشەکەدا تەنها چەند هۆنراوەیەکی سەعدی شیرازی خوێندووەتەوە و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئەمە چۆن دەکرێت وەک "بڵاوکردنەوەی فەساد و لەشفرۆشی" هەژمار بکرێت.
ئەو ژنە هونەرمەندە ئەوەشی خستەڕوو، کە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە بڕیارەکە دەربڕیووە و داوای کردووە کە دادگای پێداچوونەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ، بەگوێرەی بەڵگەکان و بەرگرییەکان لە دۆسییەکەدا، تۆمەتە ئاراستەکراوەکانی هەڵسەنگێنێت.
هیوا سەیفی زادە ڕایگەیاند، بە ڕێگە یاساییەکان بەدواداچوون بۆ دۆسییەکە دەکات و چاوەڕێی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە دەبێت.
ب. جـ
