ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەرانا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی ژنێکی سیاسی بەندکراو لە زیندانی ئەوین زانیاری خستەڕوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، سزای لەسێدارەدانی ئەرخەوان فەلاحی، بەندکراوی سیاسی، لەلایەن دادگای باڵای ئێران پشتڕاست کراوەتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر بە بڕیاری دادوەر ئەبولقاسم سەڵاواتی، سەرۆکی لقی ١٥ـی دادگای شۆڕشی تاران، بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا بوو.

باس لەوەش کراوە، ئەرخەوان فەلاحی دوای دەستبەسەرکرانی لە سەرەتای ٢٠٢٥ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ـی بەندیخانەی ئەوین گوازرایەوە.

هەروەها ڕوونیش کراوەتەوە، ماوەیەک لە بەندەکانی ٢٠٩ و ٢٤١ـی زیندانی ئەوین، لە ژێر چاودێری پاراستنی ئیتلاعاتی دەسەڵاتی دادوەریدا لە دەستبەسەریدا بووە، لەم ماوەیەدا کەوتووەتە ژێر ئەشکەنجەی توندی دەروونی و هەوڵ دراوە دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەربگیرێت لە پەیوەندی بە تیرۆری دوو دادوەر محەمەد موقەیسە و علی ڕایزەنی.

جێی ئاماژەیە، ئەرخەوان فەلاحی پێشتریش لەگەڵ باوکیدا لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاش ماوەیەک بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە، دواتر لەلایەن لقی ٢٦ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی" سزای دوو ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێندرا، ناوبراو دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی لە زیندانی ئەوین ئازاد کرابوو.

ب.چ