ئێزدییەکان تەنها پێکهاتەیەکی ئایینی نین لەناو کورددا، ئەوان ڕەگی کوردبوونن. ئایینی ئێزدی بە یەکێک لە کۆنترین ئایینە زیندووەکانی جیهان دادەنرێت، ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئیسلام و مەسیحیەت، زمانەکەیان هەر کوردییە، بەڵام لەبەر پاراستنی ئایینەکەیان بە نهێنی هێشتوویانەتەوە، چیای شەنگال و لالش پێش ئەوەی مزگەوت و کڵێسەی لێ بێت، پەرستگای ئەوان بووە.
بۆیە کاتێک داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، هێرشی نەکردە سەر تەنها گرووپێک، هێرشی کردە سەر ئەرشیفی زیندووی مێژووی ئێمە.
بەراورد: بە زۆری سڕینەوە ئەوەی بەسەر ئێزدیدا کرا، قووڵترین شێوەی ئەو سڕینەوە بوو کە بەسەر هەموو کوردێکدا کراوە:
١- سڕینەوە زمان: زمانی کوردی گشتی قەدەغە کرا لە قوتابخانە، ئێزدی ناچار کرا کتێبەکانی بشارێتەوە و تەنها لەبەر بیخوێنێت.
٢- سڕینەوەی خاک: کورد بە عەرەبکردن و ڕاگواستن لە خاکەکەی دەرکرا، ئێزدی لە ٧٤ فەرماندا لە خاکەکەی دەرکرا و هێشتا لە کەمپدایە.
٣- سڕینەوەی ناو: ناوی گوندە کوردییەکان گۆڕدران بۆ عەرەبی، ناوی ئێزدی گۆڕدرا بۆ "شەیتان پەرست" لە کتێبی قوتابخانەکاندا.
٤- سڕینەوەی مێشک: وایان لێکردین بڵێین "ئێمە عەرەبین". بەڵام لە ئێزدیدا وایان لێکردین بڵێین "ئێزدی لە ئێمە نییە" واتە ڕەگی خۆمان ڕەت بکەینەوە.
ئەنجام: سڕینەوەی کوردی گشتی دەیویست بمانکاتە عەرەب و تورک. سڕینەوەی ئێزدی دەیویست بمانکاتە کوردێکی بێ ڕەگ، دەتوانی خاک بگەڕێنیتەوە، بەڵام مێژوو نا.
بۆچی ئێمە خۆمان ئەو برینەمان قووڵتر کرد؟
لەبەر نەزانی و ترس، لەبەر ئەوەی ساڵانێکە لە مزگەوت و قوتابخانەکاندا ئێزدی بە "ئەوانی تر" ناسێنراوە، لەبەر ئەوەی لە ٣٠-٤٠ ساڵی دواییدا ئایین کرا بە ناسنامەی سیاسی و وامانزانی کوردایەتی دەبێت تەنها یەک ڕەنگ بێت. لەبەر بەرژەوەندی سیاسی و لەبەر شەرمی مێژوویی، چونکە بێدەنگی ئێمەش بەشێک بوو لە فەرمانەکان.
هەر کۆمەڵگایەک ڕاستیی خۆی هەیە:
هەر کۆمەڵگایەک ڕاستیی خۆی هەیە، کاتێک لەو ڕاستییە دادەبڕێت دەکەوێتە هەڵدێر. ڕاستی ئێمە فرەڕەنگی بوو. ئەمە لاوازی نەبوو، ناسنامە بوو.
بۆچی ئێستا لە هەڵدێرداین؟ چونکە ویستمان وەک دوژمنەکانمان لێبێت. کاتێک تۆ ئێزدی ڕەتدەکەیتەوە، بە کردەوە دەڵێیت "من تەنها موسڵمانم". ئەی جیاوازیت لە عەرەبی موسڵمان چییە؟
بەڵام کاتێک دەڵێیت: "من کوردێکم کە ڕەگم ئێزدییە، یارسانیم، زەردەشتیم، موسڵمانیم، مەسیحیم تێدایە" ئەو کاتە دەبیتە تاکە هیوای پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا، ئەگەر قودرەتی یەپەگە، یەپەژە و گەریلا نەبوایە کۆتایی بە کورد هاتبوو، بۆیە پاراستنی ئێزدی، پاراستنی خۆمانە. گەڕانەوەیان بۆ شەنگال، گەڕانەوەیە بۆ ناسنامەی خۆمان.
قسەکردن بەس نییە. ئەگەر باوەڕمان وایە ئێزدی ڕەگی ئێمەیە، دەبێت ئەمانە بکەین:
١. گەڕانەوە و ئاوەدانکردنەوە:
شەنگال دەبێت ئاوەدان بکرێتەوە، نەک هەر وەک شار، بەڵکو وەک لانکی مێژوو. گەڕانەوە مافە، خێر نییە. هەموو خێزانێکی کەمپ دەبێت ماڵەکەی بۆ ئاوەدان بکرێتەوە.
٢. قەرەبووی زیانەکان:
دەوڵەت دەبێت قەرەبووی ماددی و مەعنەوی هەموو قوربانیانی ٧٤ فەرمانەکە بکاتەوە. ئەمە پارە نییە، ئەمە دانپێدانانە بە تاوانەکە.
٣. خوێندنی مێژووی ئێزدی:
مێژووی ئێزدی دەبێت بکرێتە وانەیەکی سەرەکی لە قوتابخانەکانی کوردستاندا. منداڵی ئێمە دەبێت لە قوتابخانە فێربێت تاووسە مەلەک فەلسەفەیەکی ئازادییە، نەک ئەو بوختانەی کە پێیان وتووە. نەزانی ترس درووستدەکات و ترس ڕق درووستدەکات.
٤. پاراستن و مانەوەی سیستەمی بەرگری خۆیان:
ئەزموونی شەنگال نیشانی دا تەنها ئەوانەی خۆیان پارێزەری خۆیان بن دەمێننەوە. سیستەمی بەرگری و ئاسایشی ئێزدییەکان کە خۆیان درووستیان کردووە، دەبێت بپارێزرێت و بە فەرمی بناسرێت. پاراستنی شەنگال دەبێت لە دەستی خەڵکی شەنگال خۆیدا بێت.
٥. مۆنۆمێنت و مۆزەخانە:
دەبێت مۆنۆمێنتێکی گەورەی جیهانی لە شەنگال درووست بکرێت کە گوزارشت لە قەبارەی کۆمەڵکوژییەکە بکات، وەک مۆنۆمێنتی هۆلۆکۆست. لە ناویدا مۆزەخانەیەک بێت کە هەموو بەڵگە، ناو، وێنە و چیرۆکی جینۆسایدەکەی تێدا بپارێزرێت بۆ ئەوەی جارێکی تر لەبیر نەچێتەوە و دووبارە نەبێتەوە.
پاراستنی ئێزدی، پاراستنی خۆمانە. گەڕانەوەیان بۆ شەنگال، گەڕانەوەیە بۆ ناسنامەی خۆمان.
ئەم وتارە ڕاو بۆچوونی نووسەر خۆیەتی
س. ع
