ژان-نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس هەواڵی دەرکردنی دوو دیبلۆماتکاری ڕژێمی ئێرانی بڵاوکردەوە.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند: لە وەڵامدانەوەی پێشێلکاری و هەڵسوکەوتی توندی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بەرامبەر بە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران، لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا دوو دیپلۆماتکاری ئێرانی لە فەرەنسا دەردەکرێن.
وەک میدیا جیهانییەکان بڵاویانکردووەتەوە، قەیرانەکە دوای ئەوە سەری هەڵداوە کە مانگی ڕابردوو وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاند؛ دوو کارمەندی باڵیۆزخانەکەیان لە تاران لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە ڕووبەڕووی دەستبەسەرکردن و هەڕەشەی جەستەیی بوونەتەوە، کە ئەوەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی دیپلۆماتکارانە.
چاودێرانی سیاسی، پێیان وایە بڕیاری دەرکردنی دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە فەرەنسا، پەیامێکی زۆر توندی حکومەتی پاریسە بۆ تاران کە پێشێلکردنی سەلامەتیی کارمەندانی باڵیۆزخانەکان بێباکانە تێپەڕ نابێت و دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی دەبێت.
ئـ.ع
