کرێکاران یەکێک لەو توێژانەی هەرێمی کوردستان کە لە بەشێکی زۆری مافەکانیان بێبەش کراون، بەڵام لە ئێستادا لە ڕێگەی فەرمانگەی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی مافەکانی خۆیان لە ئایندەدا دەتوانن گەرەنتی بکەن، لەم ڕاپۆرتەدا ڕۆژنیوز بە وردی کار لەسەر ڕێگاکانی گەیشتن بە دەستەبەریی دەکات.
شیروان مەجید بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی دەڵێت: لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە کە بە پێی یاسای خانەنشینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران کار دەکات، ئامانج لەم یاسایە خزمەتکردنی کرێکارانە بۆ ئەوەی ئایندەیان مسۆگەر ببێت، ئەم یاسایە کار بۆ ئەوە دەکات لە کۆتایدا کرێکاران ببنە خاوەن مووچەی خانەنشینی و کۆمەڵێک مافی تر.

شیروان مەجید، باس لەوەش دەکات، هەر کرێکارێک دەستەبەر دەکرێت خاوەن کارەکەی پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەر مانگانە پارەکەیان بدات، ئەو پارەیە دەچێتە بانکەوە کە سندووقێکی تایبەت بە پارەی کرێکارمان هەیە و سەربەخۆیە.
دەشڵێت: بەداخەوە بەشێک کرێکاران دەترسن و خۆیان تۆمار ناکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری فەوتانی خزمەتەکەیان و بۆیان هەژمار ناکرێت، بۆیە دەبێت کرێکاران قبوڵی نەکەن و ترسیان نەبیت لە دەرکردن لەسەر کارەکانیان یاخود شتێکی دیکە.
بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی، دەشڵێت: کرێکاران یان لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە لە کاتی سەردانکردنی پرۆژەکان یاخود دەتوانن لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (٥٥٠٠) پەیوەندی بکەن، ئەگەر ئەوەش نەبوو دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیمان بکەن و هەموو شتێکیان پارێزراو دەبێت و لێرە سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن و زانیاریمان پێ بدەن، چونکە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی مافی کرێکار و خاوەنکاریش دەپارێزێت و یاسایەکی گرنگە، داواکارم لە ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵی هۆشیارکردنەوەی کرێکاران بدەن و گرنگی ئەم یاسایە باس بکرێت.
ئاهەنگ حەمەساڵح، بەرپرسی بەشی یاسا لە فەرمانگەکەش دەڵێت: کاری ئێمە دەستەبەرکردنی کرێکارانە لە پرۆژەکانی کەرتی تایبەت، کاتێک گرفتێک لە پرۆژەیەکدا هەبێت ئێمە وەک بەشی یاسا گرفتەکە چارەسەر دەکەین، بەردەوام کار لەسەر هۆشیاری کرێکار دەکەین لە پرۆژەکاندا تا خۆیان تۆمار بکەن، یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی یاسایەکە تێیدا مافەکانی کرێکار و ئەرکی خاوەنکارەکانی دیاری کردووە.

ئاهەنگ حەمەساڵح باس لەوەش دەکات، کە گرێبەستی کرێکارانیان لایە و دوو جۆر داوا لە دادگاکان دوای ئەنجامدانی سەرپێچی تۆمار دەکەن کە داوای سزایی و مەدەنین، کرێکاران لە کاتی بوونی هەر سەرپێچیەک لە لایەن خاوەن کارەوە دەتوانن سەردانی بەشی یاسای بکەن لە سەرجەم بەڕێوبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی.
هەروەها شیروان عەبدولڕەحمان لێپرسراوی بەشی خانەنشین و قەرەبوو لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەڵێت: بە پێی یاسای ژمارە ٣٩ـی ساڵی ١٩٧١ـی هەمووارکراو بە یاسای ژمارە ٤ـی ساڵی ٢٠١٢ هەموو کرێکارێک بە پێی یاسا مافی پارێزراوە، لەم هۆبەیەی ئێمە کە هۆبەی خانەنشین و قەرەبووە، کرێکار سێ مافی هەیە کە ئەوانیش "مافی خانەنشین، پاداشتی کۆتایی ڕاژە و ئەژمارکردنی ڕاژەیە" بۆ ژن تەمەنی ٥٥ ساڵبێت و ٢٠ ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا خانەنشین دەکرێت، بۆ پیاویش تەمەنی ٦٠ ساڵ و ٢٠ ساڵ خزمەتی هەبێت ئەوا خانەنشین دەکرێن بە مووچەی ٣٦ مانگی کۆتایی کارکردنی.

شیروان عەبدولڕەحمان دەشڵێت: هەر کرێکارێک لە کاتی کارکردندا توشی بەرکەوتنێک ببێت ئەوا خانەنشین دەکرێت ئەگەر ڕێژەی کەمئەندامییەکەی لە ٣٥٪ زیاتر بێت، لە دوای ئەوەی لیژنەی پزیشکی دەیبینێت و ڕاپۆرتی لەسەر دەدات خانەنشینی بۆ دەبەسترێت.
دەشڵێت: مووچەی خانەنشینی کرێکاران بێ دواکەوتن دابەش دەکرێت، لە ئێستادا کەمترینی٢٢٠ هەزار دینارە، بە پێی بڕیارێکی نوێ بووەتە ٥٠٠ هەزار، پێویستە کرێکاران مووچەی ڕاستەقینەی خۆیان بڵێن تا لە دواتردا سوودمەندبن، داواکارین کرێکاران هۆشیاربن بەرانبەر ئەوەی یاسایەک هەیە مافەکانیان دەپارێزێت.
فازل حەسەن ئەحمەد لێپرسراوی هۆبەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی سلێمانی، دەشڵێت: لەم بەشەی ئێمەدا یاسای دەستەبەرجیبەجێ دەکەین، ڕۆژانە لیژنەکانی پشکنین سەردانی پرۆژەکان دەکەن لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامەکانمان زۆرینەی یاسایین، هەروەها کە سەردانی پرۆژەکان دەکەین پشکنین بۆ مۆڵەتەکانیان دەکەین بزانین کارەکانیان فەرمیە.

فازل حەسەن دەشڵێت: لەگەڵ نوێنەر یاخود خاوەنکار قسە دەکەین و کرێکارەکان دەبینین و تۆماریان دەکەین، یاسای دەستەبەر بۆ کرێکاران ڕوون دەکەینەوە و هۆشیارییان پێدەدەین، بڕی بەشداری بۆ هەر کرێکارێک ١٧٪ـە و لەو ڕێژەیە ١٢٪ـی بڕەکە خاوەن کار دەیدات و ٥٪ـی مووچەی کرێکارەکە دەبێت، پاش کردنەوەی دۆسییە بۆ پرۆژەکان خاوەن کار دەبێت مانگانە بڕی بەشداری کرێکارەکانیان بدات.
فازل حەسەن ئاماژە بەوەش دەکات، لە کاتی سەردانەکانمان بۆ پرۆژەکان خاوەن کار هەمیشە هەوڵی شاردنەوەی کرێکارەکان دەدات بۆ ئەوەی دەستەبەریان بۆ نەکات، یاسای دەستەبەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کرێکار و خاوەن کار ڕێک دەخات، هەر کرێکارێک لەکاتی کارکردندا دووچاری مردن یان حاڵەتێکی نەخوازراو ببێت ئەگەر دەستەبەر نەکرابێت لەلایەن خاوەنکارەکەیەوە ئەوا ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە دەستەبەر بۆ کرێکارەکان بکەن.
بە پێی ئامارە نافەرمییەکان تەنها لە شاری سلێمانی زیاتر لە ٣٠٠ هەزار کرێکار هەیە لە شاگردی دووکانێکەوە تا دەگاتە پزیشکێک کە لە کەرتی تایبەتدا کار دەکات، لەوەش بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە ٦١ هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی سودمەندبوون، لەو ژمارەیەش ٣٢٢ کرێکار بە پێی ئەم یاسایە مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
ئ پ
