دوا بە دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٩دا، کاتێک کە گەلانی ئێران لە ئازادییەکەی نوێدا بە دوای دیاریکردنی مافەکانیاندا بوون، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان، داوای سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک و فیدرالییان لە چوارچێوەی ئێراندا بەرز کردەوە، بەهۆی ناڕوونیی ناوەڕۆکی کۆماری ئیسلامی و ڕەچاونەکردنی مافی چارەی خۆنووسین، جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیفراندۆمی ٣١ـی ئاداری ١٩٧٩دا بە بڕیارێکی یەکدەنگ بەشدارییان نەکرد، ئەمەش وەک ڕەتکردنەوەی هەژموونی ئایینی و سیاسیی کۆماری ئیسلامی سەیر کرا.
گەلانی ئێران لەبەرئەوەى هیچ ئاشنایەتییەکیان لەگەڵ ئەو سیستەمە ئیسلامە نەبوو زۆرینەى بە بەڵێ وەڵامیدایەوە، بەڵام گەلی کورد لە مێژبوو لەو سیستەمە تێگەیشتبوو، بۆیە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو سیستەمە ئیسلامییە ڕەتکرایەوە، ئا لەو کاتەدا گەلی کورد داوای سیستەمێکی خۆبەرێوەبەریی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد.
لە ١٩ـی ئابی ١٩٧٩دا، خومەینی بە فەرمیی فەرمانی "جیهاد"ی دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند و بە تەواوی هێزە چەکدارەکان، سوپای پاسداران و ئەرتەشی سپارد کە بە بێ دواکەوتن ڕوو لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن.
بەکارهێنانی چەمکی جیهاد لە ڕووی سیاسی و ئایینییەوە سەرجەم ڕێکارە یاسایی و مرۆییەکانی سڕییەوە و ڕەوایەتی دا بە بەکارهێنانی قورسترین چەکی سەربازی لە دژی هاووڵاتییانی مەدەنی، کە ئەنجامەکەی داگیرکردنی خێرا و ئازاردان و دانیشتووانی ناوچەکە بوو.
ڕاستەوخۆ دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، سادق خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع ڕەوانەی کوردستان کرا، خەڵخاڵی لە دادگاییکردنی بێبەڵگە و چەند خولەکییدا، سەدان چالاکوان، مامۆستا، پزیشک و خەڵکی مەدەنی لە شارەکانی پاوە، سنە، مەریوان و سەقز گوللەباران کرد، تاوانەکان تەنها شارەکانی نەگرتەوە، بەڵکو کۆمەڵکوژیی زنجیرەیی لە گوندەکانی وەک قاڕنێ و قەڵاتان ڕوویان دا، کە تێیاندا دەیان هاووڵاتیی بێتاوان شەهید کران.
بەپێی بەڵگەنامە مێژووییەکان، لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە ٩٠٠ کەس لەسێدارە دران یان بە شێوەی هەڕەمەکی کۆمەڵکوژ کران.
لە پاڵ پەلاماری هێزەکانی دەسەڵاتی ناوەندی، هەندێک لایەنی حزبی و ناوچەیی، وەک هێزەکانی سەر بە "قیادە موەقەت"، ڕووبەڕووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەوە و بوونە هاوکار لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکاندا. ئەم بەشداریکردنە ئاڵۆزیی سیاسیی زیاتری لە ناوچەکەدا خوڵقاند و برینێکی مێژوویی لە پەیوەندییە ناوخۆییەکانی کوردا دروست کرد کە تاوەکو ئێستاش لە ئەدەبیاتی سیاسییدا باسی لێوە دەکرێت.
چارەکە سەدەیەک زیاتر دوای ئەو فەتوا دژوارە، چالاکوانان و دەستە سیاسییەکانی کوردستان جەخت دەکەنەوە کە فەتواکەی خومەینی تەنها پەیوەست نەبووە بە ساڵی ١٩٧٩، بەڵکو بووەتە بنەمای ڕەفتاری ئەمنیی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە کوردستان، بەردەوامیی سێدارەدانەکان، کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەران، گوشار خستنە سەر چالاکوانانی مەدەنی و بەتایبەت بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ژنانی تێکۆشەر، درێژکراوەی هەمان سیاسەتی "حاشاکردن و سەرکوت"ە کە لە گەلاوێژی ١٩٧٩ بنەماکەی داڕێژرا.
لە ساڵیادی ئەم کۆمەڵکوژییەدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان و ناوەندە مەدەنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی گەلی کورد تووشی شکست بوون، خەباتی مەدەنی، ڕاپەڕینەکانی ساڵانی دوایی و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» نیشانیان دا کە ئیرادەی ڕزگاریخوازی و داواکاریی مافە بنەڕەتییەکان لە ناخی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زیندووە و تا هێنانەدیی دیموکراسی و مافی دیاریکردنی چارەنووس بەردەوام دەبێت.
س.خ
