فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی سەبارەت بە کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانى نێودەوڵەتى لە عێراق و ڕێکخستنەوەى چەکى گرووپە چەکدارەکان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا زانیارى نوێی خستەڕوو.

فالح فەیاز ڕایگەیاند، چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا مایەی خۆشحاڵی و ئاهەنگگێڕانە بۆ هەر کەسێکی نیشتمانپەروەر کە خوازیاری سەقامگیری عێراق بێت، هەروەها قۆناغی دوای کشانەوەکە پێویستی بە ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان هەیە لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە شێوازێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان بگەێنێت.

جەختیکردەوە، چارەسەرکردنی دۆسیەی ڕێکخستنی چەک لە ڕێگەی کردەی سەربازییەوە خزمەت بە سەقامگیری وڵات ناکات و بە هیچ جۆرێک بیرى لێناکرێتەوە، عێراق دەچێتە قۆناغێکی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی، لە کۆتاییشدا چەک بە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا دەبێت.

سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەى بەوەشکرد، ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییانەی ئێستا عێراقی پێدا تێدەپەڕێت، دەبنە دەرفەتێک بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، جیاوازی لە هەڵوێستە سیاسییەکان بە مانای هەڵبژاردنی ململانێ یان دوژمنایەتی لەگەڵ هیچ لایەنێکدا ناهێنێت، دۆسیەی ڕێکخستنی چەکیش بە ڕێگەیەک چارەسەر دەکرێت، کە سەقامگیری وڵات مسۆگەر بکات، بەبێ پەنابردن بۆ بژاردەی سەربازی.

سەبارەت بە دوورخستنەوەى لە پۆستەکەی، فەیاز جەختی کردەوە، هیچ کەسێک ناتوانێت لە پۆستەکەم لاببات جگە لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان.

جێگەى ئاماژەیە، ٣٠ـى ئەیلوولی ئەمساڵ کۆتا مۆڵەتە بۆ ڕێکخستنەوەی چەکى گرووپە چەکدارەکان، هەروەها کشانەوەى هێزەکانى هاوپەیمانان لە عێراق، بەڵام تا ئیستا بەشێک لەو گرووپانە ئامادەنین چەکەکانیان ڕادەست بکەن.

 

هـ.ئ