نووسینگەى ڕاگەیاندنى فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق سەبارەت بە کۆبوونەوەى سەرۆکى ئەنجوومەنەکە و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق پێشوازى لە محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران شاندی یاوەرى کرد، لە دیدارەکەدا، بەدواداچوون بۆ هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە و یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتنە هاوبەش کرا، کە پێشتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا لە بواری یاسایی و دادوەریدا واژۆ کراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاریی نێوان بەغداد و تاران لە بوارە دادوەری و یاساییەکاندا کردەوە.

دوێنێ، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەسەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتنە بەغداد و لەلایەن عەدنان فەیحان جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازی لێکرا، هەر دوێنێ قالیباف لەگەڵ نزر ئامێدی، سەرۆکۆمار و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوانیان تاوتوێ کرد، بڕیاریشە لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆببێتەوە و پرسی ڕێکخستنەوەی چەک لە عێراق تاوتوێ بکەن.

 

هـ.ئ