وەستا کارزان کە لە منداڵییەوە خولیای دروستکردن و دەستکاریکردنی ئامێرە کارەباییەکان بووە، توانیویەتی خولیای منداڵیی بکاتە واقیع و چەندین ئامێری نوێ بەرهەم بهێنێت، لەوانە: ئامێری فەرش‌شۆری ماڵان و کوپەی فۆلکلۆریی ساردکەرەوە.

کارزان محەمەد

یەکێک لە داهێنانە دیارەکانی وەستا کارزان، گۆڕینی کوپەی کۆنى کوردەوارییە بۆ ئامێرێکی ساردکەرەوەی سەردەمیانە، ئەم کوپەیە دەتوانێت ٢٥ بۆ ٣٠ لیتر خواردنەوە لە ماوەی کاتژمێرێکدا بە پلەی گەرمی دیاریکراو سارد بکاتەوە، کوپەکە ڕووپۆش کراوە تا دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەبێت.

سەبارەت بە جیاوازیی نرخ و توانای ئەم ئامێرە، کارزان ئاماژەی بەوە کرد، نرخەکەی زۆر لە بەڕادی ئاسایی بازاڕ (کە نێوان ٤٥٠ بۆ ٥٠٠ هەزار دینارە) کەمترە، لە کاتێکدا دەتوانرێت قەبارەی گەورەتریشی تا ١٠٠ لیتر لێ دروست بکرێت بە بێ ئەوەی مەترسی لەکارکەوتنی هەبێت، بەهۆی ئەم تایبەتمەندییانەوە، خواستی زۆری لەسەرە بەتایبەت بۆ باخەکانی ناوچەکانی خوارووی عێراق.

داهێنانێکی دیکەی ئەم گەنجە، ئامێرێکی تایبەتی فەرش شۆردنە، کە بە چوار فڵچەوە دیزاین کراوە و کارێک کە پێویستی بە کاتژمێرێک ماندووبوون هەبێت، لە ماوەی ١٠ بۆ ١٥ خولەکدا ئەنجامی دەدات، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورەی بۆ کارەکانی ناوماڵ ڕەخساندووە.

سەبارەت بە ڕەچاوکردنی لایەنی سەلامەتی، وەستا کارزان ڕوونی کردەوە، بە ئەنقەست هیچ سویچێکی هەڵکردن و کوژاندنەوەی لەسەر ئامێرەکە دانەناوە، چونکە ئامێرەکە لە شوێنی تەڕ و نزیک ئاودا بەکاردێت و بەم شێوەیە بەکارهێنەر لە مەترسی تەزووی کارەبا دەپارێزرێت.

جگە لەم ئامێرانە، کارزان ئامێرێکی پرێسکردنی بە توانای ٣٠ تۆن دروست کردووە، کە لە کارەکانی خۆی و فیتەرى ئۆتۆمبێلیشدا بەکاردێت.

سەبارەت بە پلانی داهاتووی، ئەوەئ خستەڕوو، هەوڵ دەدات لە وەرزی زستاندا ڕێژەیەکی زیاتر لە ئامێری فەر‌ششۆر بەرهەم بهێنێت بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی هاووڵاتییان، هەروەها خولیای مێژینەی خۆشی دروستکردنی ئۆتۆمبێلێکە بە دیزاینی تایبەتی خۆی لە ئایندەدا.

لە کۆتایدا کارزان محەمەد وتی" بۆ درووستکردنی هەر ئامێرێکی فەرش شۆردن، لانیکەم ڕۆژێکی پێویستە و بۆ درووستکردنی کوپەکەش هەفتەیەکی پێویستە.

7 وێنە
1 / 7

هـ.ئ