تەنانەت کەڕترین کەسیش گوێبیستی قورسی و چڕیی ئەشکەنجەکانی ناو زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەد بووە. تەنانەت ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش وەک سەرۆکوەزیرانێک، بە گوزارشتی "ئەگەر دیوارەکانی زیندان زمانیان هەبووایە و قسەیان بکردایە" ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەشکەنجەکە زۆر قورس بووە. هەرچەندە ئەمەی بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر گەلی کوردیش وتبێت، بەڵام دەربڕینی ڕاستییەک خۆی لە خۆیدا گرنگ بوو.
لە زیندانی ژمارە ٥ـدا بەرخۆدانێکی مەزن دژی ئەشکەنجە و ستەم ئەنجامدرا. بەڵام تەنها وتنی ئەوەی کە "ئەمە بەرخۆدانێک بوو دژی ئەشکەنجە"، نەدیتنی ئەو ڕاستییەیە کە لە زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەدا هەبوو. وتنی ئەوەی کە "هێندە ئەشکەنجەی قورس هەبوو، دەوروبەری ٦٠-٧٠ کەس کۆمەڵکوژ کران، بەمشێوەیە بەرخۆدانی مەزن کرا" بەبێ خستنەڕووی هۆکارەکانی ئەشکەنجەدان و هۆکارەکانی بەرخۆدان لە بەرامبەریدا، بە جۆرێک لە جۆرەکان خزمەت بە شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکات. لەم ڕووەوە زۆر گرنگە ئەو هۆکارانە بخرێتەڕوو کە بۆچی دەوڵەتی تورک لەو ئاستەدا ئەشکەنجەی ئەنجام دەدا؛ ئەو کاتە واتای بەرخۆدانەکە بەنرختر و بەهاداتر دەبێت.
دەوڵەتی تورک دوای دەستووری ساڵی ١٩٢٤، سیاسەتی جینۆسایدی دژی کورد پەیڕەو کردووە. لە کاتێکدا دەستووری ساڵی ١٩٢١ بوونی هەموو گەلان و خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە تورکیادا قبوڵ کردبوو، دەستووری ساڵی ١٩٢٤ بە دروشمی "یەک نەتەوە"، ویستی هەموو گەلان و ناسنامە جیاوازەکان لە ناو تورکبووندا بتوێنێتەوە و لەناویانببات. لەو ڕۆژەوە تا ئێستا، لە ڕێگەی کۆمەڵکوژیی جەستەیی و گوشاری توندەوە، هەوڵدراوە لە ڕێگەی جینۆسایدی کولتوورییەوە بوونی کورد لەناوببرێت. ئامانجەکەش ئەوە بووە کە کوردستان بکرێتە مەیدانی تەشەنەسەندنی نەتەوەسازیی تورک.
لە ساڵانی حەفتاکاندا، چەندین ڕێکخستنی ناڕەزایەتی دژی ئەم سیاسەتانەی دەوڵەتی تورک گەشەیان سەند. لە سەرووی هەمووشیانەوە، ئەو تەڤگەرە دەهات کە سەرەتا بە "ئاپۆچییەکان" و دواتر بە "پەکەکە" ناسرا. ئەم تەڤگەرە لە ماوەیەکی کورتدا لە شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا گەشەکردنێکی خێرای بەخۆیەوە بینی. لەو قۆناغەدا کە تەڤگەری شۆڕشگێڕی دیموکراتیک لە تورکیادا لە هەڵکشاندابوو، ئەم تەڤگەرە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بە زۆر مەترسیدار دەبینرا. چونکە ڕاپەڕینێک دژی سیاسەتی سەرەکیی ستراتیژیی نەتەوەیی دەوڵەتی تورک، کە بریتی بوو لە تواندنەوە و جینۆسایدکردنی کورد لەژێر ناوی تورککردندا، لە ئارادا بوو. لەبەر ئەم هۆکارە، وەک ئەوەی محەمەد عەلی بیراند لە پەرتووکی "١٢ـی ئەیلوول"ـدا ئاماژەی پێکردووە، کەنعان ئەڤرەن و فەرماندەکانی دیکە، بڕیاری ئەنجامدانی کودەتاکە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە هێلیکۆپتەر بەسەر مێردین و ئورفادا دەدەن.
دوای کودەتای سەربازیی فاشیستیی ١٢ـی ئەیلوول، بەتایبەتی کادیر و لایەنگرانی پەکەکە تەنها لەبەر ئەوەی دژی سیاسەتی جینۆسایدی سەر کورد وەستابوونەوە لە زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەددا کۆکرانەوە و ئەشکەنجە دران. دەویسترا ئەو کەسانەی دژی سیاسەتی جینۆسایدی سەر کورد بەرگرییان دەکرد تەسفییە بکرێن و بەم شێوەیەش ئەو سیاسەتە سەرلەنوێ بەهێزتر بکرێتەوە. پێویستە ئەوانەی باسی بوونی ئەشکەنجە لە زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەد دەکەن، ئەم ڕاستییەش بڵێنەوە؛ ئەگەر نا، بەبێ ئەوەی خۆشیان بیهێننە سەر زاریان، پەردەپۆشی ڕاستییەک دەکەن.
ئەوانەی لە زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەدا بەرگەیان گرت و بەرخۆدانیان کرد، هۆشیاری ئەوە بوون کە بۆچی دەسەڵاتی سەربازیی فاشیست ئەشکەنجەیەکی ئاوا قورس پەیڕەو دەکات. نەیاندەویست تەنها لە کەسێتی ئەواندا پەکەکە لە ژێر کۆنکرێتی زیندانەکاندا بنێژن؛ بەڵکو وەک ئامانجێکی ستراتیژتر، لادانی بەربەستەکانی بەردەم سیاسەتی جینۆسایدی سەر کورد دەستنیشان کرابوو. ئەگەر ئەو زیندانییانەی باسیان لە ئازادی، سەربەخۆیی و بەرخۆدان دەکرد، پەشیمانییان پیشان بدایە و دانیان بەوەدا بنایە کە "ئێمە تورکین"، ئەوا لە کەسایەتی ئەواندا ئیرادەی گەلی کورد بەتەواوی دەشکێندرا. لە مێژووی گەلی کورددا قۆناغێکی نوێی پاشەکشە دەستی پێدەکرد. ئاشی جینۆساید خێراتر دەبوو. سەرانسەری کوردستان لە ڕێگەی سیاسەتی جینۆسایدی کولتوورییەوە دەکرایە تورک. ئامانجی ستەمی ناو زیندانەکە ئەمە بوو. بەرخۆدێرانی مانگرتن تا مردنی ١٤ـی تەمووز، لە بنەڕەتدا بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم سیاسەتی جینۆسایدە بەرخۆدانیان کرد و تێکۆشان؛ چونکە هەموو ئەشکەنجەکانیش هەر بەم ئامانجە ئەنجام دەدران.
لە زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەددا، بابەتەکە تەنها ئەشکەنجەدان لەلایەن چەند کەسێکی سادیست یان کوردکوژ نەبوو؛ بەڵکو بوون و پاشەڕۆژی کورد خرابووە ژێر هەڕەشەوە. زەمینەی سیاسی و دەروونی بۆ جینۆسایدکردنی بوونی کورد ئامادە دەکرا. لەم ڕووەوە، بینینی تێکۆشەرانی زیندانی ئامەد لە کەسایەتی بەرخۆدانی ١٤ـی تەمووزدا وەک ئەو بەرخۆدێرانەی کە سیاسەتی جینۆسایدی کوردیان پووچەڵکردەوە، دروستترین پێناسەیە.
ئەگەر لە زیندانی ژمارە ٥ـی ئامەدا بەرخۆدان نەبووایە، بیرکردنەوە لە دەرئەنجامەکانی تووشی ترس و دڵەڕاوکێت دەکات. پێویستە هەر کوردێک بیر لەوە بکاتەوە کە ئەگەر ئەم بەرخۆدانانە نەبووایە و ئامانجی فاشیزمی ١٢ـی ئەیلوول لە ڕێگەی ئەم تێکۆشانەوە لە کوردستان پووچەڵ نەکرایەتەوە، ئێستا دۆخی کورد چۆن دەبوو؟ بێگومان جینۆساید لە کوردستاندا تەشەنەی دەسەند، قووڵتر دەبووەوە و بوونی کورد دەکەوتە مەترسییەوە. بەبێ بینینی ئەم لایەنەی ١٤ـی تەمووز، بەهاکەی بە تەواوی دەرناکەوێت. دەبێت ئەوە ببینین کە بەرخۆدانی مەزنی بوون و مانەوەی کورد، سەرەتا لەم شوێنەوە دەستی پێکردووە.
یادکردنەوەی بەرخۆدانی ١٤ـی تەمووز، بەواتای بەهاپێدان و مانا بەخشینە بە بوونی خودی کورد. هەر هەڵسەنگاندنێکی مێژووی هاوچەرخ بەبێ لێکدانەوەیەکی گشتگیر بۆ ١٤ـی تەمووز، زۆر کەمکوڕ دەبێت؛ تەنانەت لە ڕاستیدا ناتوانرێت وەک هەڵسەنگاندنێکی ڕاستەقینەش هەژمار بکرێت. لەم ڕووەوە، هەڵسەنگاندنی مانگرتنی گەورەی تا مردن لە ١٤ـی تەمووزدا بە شێوازێکی فرەڕەهەندتر، گشتگیرتر و قووڵتر، هاوکارێکی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی دەوڵەتی تورک و دۆخی ئێستای کورد.
سەرچاوە/ ڕۆژنامەی یەنی یاشام
ب. جـ
