لە تورکیادا نکۆڵییەک هەیە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نابینرێت. ویستراوە کە بە ملیۆنان کورد لە ڕێگەی کۆمەڵکوژیی جەستەیی و قڕکردنی کلتوورییەوە، بکرێنە تورک. ماوەی ١٠٠ ساڵە سیاسەت و پراکتیزەکردنێک بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی بڵاوبوونەوەی نەتەوەبوونی تورک. تەڤگەری ئازادیی کورد هەر لە مانیفێستۆی ساڵی ١٩٧٨دا ئەم ڕاستییەی بە ڕوونی نیشان دا.
دەوڵەتی تورک ١٠٠ ساڵە ئەم سیاسەتەی بە شێوازێکی بەرفراوان و هەمەلایەنە بەڕێوە بردووە. تەنها سیاسەتی تورکیا نا، بەڵکو کۆمەڵگەش بە شێوازێک داڕێژراوە کە بوونی کورد ئینکار بکات. بە جۆرێک کە قورسترین تاوان ببووە گوتنی 'من کوردم'. لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا باسکران لە بوونی کورد، بە مێشکی کەسدا نەدەهات. نەدەبوو لە تورکیادا شتێکی وا بگۆترێت! هێنانە سەر زمانی کوردایەتیش قبووڵ نەدەکرا. کاتێک ئەحمەد کایا گوتی، ئەو لە کاسێتە نوێیەکەیدا گۆرانییەکی کوردی دەڵێت، ناڕەزایەتی و هەڵوێستی ئەو کەسانەی لە هۆڵەکەدا بوون هێشتا لەبەر چاومانە. وەک ئەوەی گەورەترین تاوانی کردبێت، هێرشیان کردە سەر ئەحمەد کایا. ئەحمەد کایا بەهۆی ئەوەی هەرگیز چاوەڕێی دۆخێکی وەهای نەدەکرد، شۆک بوو.
تا ئەو کاتەی دەوڵەت باخچەلی بانگەوازی بۆ ڕێبەری گەلی کورد کرد، گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتووری لەسەر ئەم بنەمایە داڕێژرابوو. لە تورکیادا هەر کایەیەک بە زەینییەتێکی وا داڕژاوە کە باسکران لە پرسی کورد و چارەسەرکردنی بە ئاسایی نەدەبینرا. ڕەنگە کەسانێک بڵێن ئەو زەینییەتەی سەردەمی کوشتنی ئۆزال چیتر نییە و کۆتایی پێهاتووە. بەڵام لە ساڵی ١٩٩٣وە تا ئێستا، شەڕی تایبەت شۆڤێنیزم و دژایەتی کوردی ئەوەندە زیاد کردووە کە ئەو زەینییەتە دواکەوتووەی ناو کایەی دەوڵەت و سیاسی، بەناو کۆمەڵگەشدا بڵاوبووەتەوە. بەتایبەتی ئەو شەڕە تایبەتەی کە دوای ساڵی ٢٠١٥ بەڕێوەچوو، تەنها گۆڕەپانی سیاسی نا، بەڵکو گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیشی پیس کردووە. دەوڵەتی تورک بۆ سەرکوتکردنی کورد، پێکهاتەی کۆمەڵگەی تورکیای تێکداوە و پیسی کردووە. ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا لەسەر بنەمای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک پێشی خست، زیاتر لە هەر شتێک ڕووبەڕووی ئەم ئاستەنگە دەبێتەوە.
بەهۆی ئەم ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی ناو تورکیا، ڕێبەر ئاپۆ پرۆسەکە بە وریایی و گرتنەبەری ڕێوشوێنەوە بەڕێوە دەبات. هەم بە ئیرادەیەکی مەزن و هەم بە ئارامگیرییەوە، هەوڵ دەدات ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردن پێش بخات. لەم لایەنەشەوە تورکیا سیاسەت و کۆمەڵگەی خۆی، لەسەر ڕاستی خۆی پەروەردە دەکات. چونکە لە تورکیادا نە ئاوەزی ڕۆشنبیری و نە ئاوەزی سیاسی، بە پێچەوانەی دیالەکتیکی کۆمەڵگەی تورکیا و ڕاستی کۆمەڵایەتی مێژوویی و سیاسی کار دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ هەوڵ دەدات ئەم ئاوەزەش ڕابکێشێتە سەر ڕێگای ڕاست. لەبەر ئەوە باسی پەیوەندییەکانی تورک-کورد لە مێژوودا دەکات و ئەمەش دەسپێرێت بە ڕاستییە مێژووییەکان. ئەم باسکرانەی پەیوەندییەکانی کورد-تورک، بە مانای تێگەیشتن و نزیکایەتی دژی گەلانی دیکە نایەت. خۆی لە ڕاستی کۆمەڵایەتی مێژووییشدا تێگەیشتن، ڕوانگە و پراکتیزەکردنێکی وەها بوونی نییە. دژایەتی و خراپەکاری بەرامبەر بە گەلان و بیروباوەڕەکان، لە ئەنجامی فیتنەی نەتەوەپەرستی مۆدێرنیتەی ڕۆژئاوا و تێگەیشتنی نەتەوە-دەوڵەتەوە هاتووەتە ئاراوە.
ڕێبەر ئاپۆ دەیەوێت ئەم فەلسەفە و زەینییەتە چەوتەش ڕاست بکاتەوە. خۆی لە تورکیادا تا چارەسەری پرسی کورد پێکنەیەت، ئەم شتە نەرێنییانەش تێپەڕ ناکرێن؛ تورکیا نایەتە سەر دۆخی ڕاستی کۆمەڵایەتی مێژوویی، سروشتی و سیاسی خۆی. لە ئێستادا لە تورکیادا زۆر شت لەناو چەواشەکاریدایە. بەڵام کۆتایی ئەم ئەندازیارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە هاتووە.
ئەو یاسایەی لە تورکیا دەرکراوە، ئەگەر لەسەر بنەمای دیموکراتیزەکردن ببێتە سەرەتایەک، ئەو کاتە بەواتا دەبێت. بۆ ئەمەش پێویستە ڕێبەری گەلی کورد لە بارودۆخی ژیان و کارکردنی ئازاددا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. تەنها ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ڕۆڵ بگێڕێت و لە دۆخێکدا بێت کە بتوانێت پرۆسەکە بەڕێوە ببات، ئەو کاتە ئەم یاسایە دەبێتە سەرەتایەک. دەنا هەر بە گوتنی 'ئێمە یاسایەکمان دەرکرد، ئەم شتانە دەکرێن'، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نایەت. بە کورتی و پوختی، ئەم یاسایە بە سەپاندنی یەک لایەنە ناکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەریی تەڤگەریش، لەبەر ئەوە ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێت ڕێبەری گەلی کورد وەک ڕێکخەری (کۆۆردیناتۆری) ئاشتی و بەسیاسیبوون ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و ئەو یاسایانەی دیموکراتیزەکردن کە پرۆسەکە بەرەو پێش دەبەن، دەربکرێن. ڕاگەیاندراوی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکەش، ئەو شتانەی خستە ڕوو کە دەبێت لەمەودوا بکرێن.
پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە سەرەتادا بە تێکۆشانی دیموکراتیزەکردن، دەگاتە سەرکەوتن، لەم ڕووەوە لەمەودواش، دەبێت لە هەر بابەتێکدا باسی دیموکراتیزەکردن بکرێت و تێکۆشانی بۆ بەڕێوە بچێت، لە تورکیادا داواکاری دیموکراتیزەکردن لە هەموو لایەکەوە بەهێزە و لە ئارادایە. لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە دیموکراتیزەکردنیان دەوێت، بەڕێوەبردنی ئەم تێکۆشانە بە شێوازێکی هاوبەش گرنگە، ئەرکی سەرەکی ئەمەیە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی یەنی یاشام
ڤ م
