ئەگەر ئەو یاسایەی باسی لێوە دەکرێت، تەنیا بەپێی خواست و ویستی دەسەڵاتی ئاکەپە دەربچێت، ئەوا پێچەوانەی سرووشتی پڕۆسەکە دەبێت، چونکە لە ئیمراڵی لایەنێک هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە ناوەندەکەیدایە، ئەگەر هاوپەیمانیی ئاکەپە-مەهەپە بیتوانایە بە ئیرادەیەکی تاکلایەنە شتێک بکات، ئەوا خۆی ساڵانێک لەمەوبەر دەیکرد، بەهۆی ئەوەی نەیانتوانی بیکەن، هاوپەیمانیی ئاکەپە-مەهەپە وایکرد، کە دەوڵەت باخچەلی ئەو بانگەوازە بکات، کردنی ئەم بانگەوازە لە بەردەم ڕای گشتیدا، خۆی لە خۆیدا نیشانەیەکی ڕوونە کە ئەم پڕۆسەیە لە دوو لایەن پێکهاتووە.
لەو ڕاگەیەندراوانەی کە بە ناوی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەوە دەدرێن و لە قسەکانی شاندی دەم پارتی وا تێدەگەین، کە یەکەم کەس ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەیی پێشکەش کردووە، دانوستانکاری سەرەکیی کوردان، ئۆجالانە. وترابوو کە حکومەت لەسەر ئەم ڕەشنووسە گفتوگۆ دەکات، دەچێتە ئیمراڵی و دوای ئەوە ڕەشنووسەکە کە تا ئاستێک ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، دەنێردرێت بۆ قەندیل و ڕای ئەوانیش وەردەگیرێت، بەڵام ماوەی دوو مانگە ئەم ڕێوشوێنە جێبەجێ نەکراوە؛ نە چوونەتە ئیمراڵی و نە زانیاریش بە قەندیل دراوە.
لە ماوەی ئەم پڕۆسە دوو مانگییەدا، ئەنجام نەدانی دیدار لەگەڵ ئیمراڵی نیشانی دەدات، کە لەسەر ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە ڕێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە، چوونی شاندی دەم پارتی ئەوە دەخاتە ڕوو کە بۆچوونەکان لە یەکتر نزیک بکرێنەوە، ئێمە لەو زانیارییانەی پەیوەستن بە دیدارەکەوە تێدەگەین بۆچوونەکان تا چەند لە یەکتر نزیک بوونەتەوە یان نا، ئەگەر دەسەڵات بە ڕاستی ئەم پڕۆسەیە بە گرنگ و جددی دەبینێت، ئەوا ڕێککەوتن ئاسان دەبێت. چونکە هەم ئیمراڵی و هەم تەڤگەری کورد بە شێوازێکی عاقڵانی و ئەرێنی لێی نزیک دەبنەوە، ئەگەر چەقبەستوو بێت، ئەمە بەهۆی سەپاندنی تاکلایەنەی دەسەڵاتەوە دەبێت.
ئەو چاوپێکەوتنەی کە ڕووشەن چاکر لەگەڵ ئەندامی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکە دوران کاڵکان ئەنجامی دا، جارێکی تر ئەوەی خستە ڕوو، تەڤگەری ئازادیی کورد لە ستراتیژی تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتیکدا چەندە بەبڕیارە، دوران کاڵکان بژاردە و ئیرادەی چارەسەریی دەستنیشان کرد کە دەیەوێت هەموو پرسەکان لە ناوخۆی تورکیادا چارەسەر بکات، بینرا کە قسەکانی هەندێک لایەن لە تورکیا کە دەیانگوت ئەم پڕۆسەیە زیان بە تورکیا دەگەیەنێت، پووچ و بێبنەمان، ڕایگەیاند، ئەوان داوای تورکیایەکی دیموکراتیکی بەهێز دەکەن، ئەم ڕاستییە ئەوەی نیشان دا کە سیاسەتی دەیان ساڵەی دەوڵەتی تورک لەسەر بنەمای ئەمنی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیی کوردان بە شەڕ، زیانێکی زۆری بە تورکیا گەیاندووە.
کوردیش، وەک چۆن لە ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەریی تەڤگەرەکەدا ئاماژەی پێکراوە، دەیانەوێت لایەنی بەردەنگی دانوستانکاری سەرەکی بە فەرمی بناسرێت و بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاد کار بکات، لە کاتی چارەسەرکردنی پرسەکەدا ئەگەر تۆ دان بە بەردەنگدا نەنێیت، ناتوانیت چارەسەری بکەیت، تۆ ئەو کەسەی کە کورد پێی دەڵێت ڕێبەری منە بە شێوەیەکی ئاشکرا دانی پێدا نانێیت، پاشان بڵێیت من پرسی کورد چارەسەر دەکەم! کەس بڕوا بەمە ناکات، ئەگەر لە ئیمراڵی دانپێدانانێکی یاسایی و فەرمی نەبێت، ئەوا نکۆڵیکردن لە کورد بەردەوام دەبێت. لە پراکتیکدا، گوتنی 'کورد هەیە' هیچ مانایەکی نابێت، بە کورتی، سەرکوتنی پڕۆسەکە بە کردنەوەی دەرگای ئیمراڵی دەبێت.
ئایا ڕێبەر ئاپۆ دەتوانێت بە شێوەیەکی ئازادانە سیاسەت بکات؟ سەرنجی ئەوانەی لە چیان، لەسەر ئەمەیە، ئەگەر ئەم ڕێبەرێتییە ئازاد بێت و بتوانێت سیاسەت بکات، ئەوا هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسییە قەدەغەکراوانەی لە سەرانسەری جیهاندا هەن، دێن و بەشداری تەڤگەرە سیاسییەکەی ئەم ڕێبەرە دەبن.
لە تورکیا هەندێک کەس دەڵێن؛ ئایا ئەوانەی لە چیا و شوێنەکانی ترەوە دێن، دەتوانن خۆیان لەگەڵ ڕەوتی سیاسیی ناو تورکیادا بگونجێنن یان نا؟ بێگومان ئەگەر ئازادیی فیکری و ڕێکخراوەیی تەواو بێت، کەس بەهۆی فیکر و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە وەک تاوانبار سەیر نەکرێت، ئەوا ئەوانەی کە لە هەمووان زیاتر خۆیان لەگەڵ کایەی سیاسیدا دەگونجێنن، هەر ئەوان دەبن. هەناسەیەکی پاک دەبەخشرێتە کایەی سیاسەتی دیموکراتیک.
هەندێک کەس دەڵێن، تەڤگەری ئازادیی کورد خاوەنی هەمان عەقڵییەتی سیاسی و ئایدۆلۆژیی ٣٠ ساڵ لەمەوبەرە و لەبەر ئەم هۆکارەش ناتوانن بچنە ناو ئەم گونجانەوە، ئەوانەی ئەمە دەڵێن، لە نێو عەقڵییەتی سۆسیالیزمی بونیاد نراودان و دەوڵەتپارێزی لە پێشەوەیە. لە تورکیادا سیاسەت دیموکراتیک نییە، بەڵکو سیاسەتێک هەیە لە دەوری دەوڵەتدا دەخولێتەوە، سیاسەتێکی دیموکراتیک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بوونی نییە، تێگەیشتنی سیاسی لە تورکیادا، لە ڕاستڕەوەکانەوە تا چەپڕەوەکان، دەوڵەتپەرستە، سیاسەتی کۆمەڵگەیی زۆر لاوازە؛ تەنانەت ئەوانەشی دەڵێن ئێمە کۆمەڵگەپەروەرین، هێشتا عەقڵییەتی ناوەندگەرێتی و ئۆتۆریتەی خۆیان بەجێ نەهێشتووە.
ڕێبەری گەلی کورد سیاسەتی ئۆتۆریتە و ناوەندگەرێتی ڕەت دەکاتەوە، ئەو سیاسەتەی کە پشت بە بنکەی جەماوەری و خۆجێیی دەبەستێت، وەک سیاسەتێکی دیموکراتیک دەبینێت، ئەو سیاسەتەی ئێستا سەرجەم پارتەکانی تورکیا پەیڕەوی دەکەن، جۆرێکە لە دەوڵەتپەرستی، ئەو سیاسەتەی کە تەنیا پشت بە پەرلەمان دەبەستێت و بەپێی ئەم تێڕوانینە کار دەکات، ناتوانێت عەقڵییەتی دەوڵەتپارێزی لەناو ببات، بەڵام کاتێک سیاسەتی دیموکراتیک کە پشت بە بنکەی گەل و کۆمەڵگە دەبەستێت بەهێز بێت، ئەو کاتە ئەو سیاسەتەی لە پەرلەماندا دەکرێت، دەتوانێت خزمەت بە سیاسەتی دیموکراتیک بکات، ئەگەر نا، دەبێتە جۆرێک لەو سیاسەتەی کە خۆیان دەڵێن لە دژی تێکۆشان دەکەن.
ڕێبەری گەلی کورد کاتێک دەڵێت 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'، دەیەوێت ئەم سیاسەتەی ئێستای تورکیا بگۆڕێت، سیاسەت لە ئێستادا کەوتووەتە ناو بازنەی ڕانتخۆری و بەرژەوەندییەوە، نە بیر لە کۆمەڵگە دەکاتەوە و نە بیر لە تورکیا، ئەگەر پرسە بنەڕەتییەکانی تورکیا چارەسەر نابن، هۆکارەکەی ئەوەیە کە سیاسەت وەک کارێکی کۆمەڵگەیی نابینرێت، بەڵکوو وەک بەرژەوەندی و ڕانتخۆری سەیر دەکرێت.
ڕێبەری گەلی کورد بە هێنانەئارای باسی یاسای بنەڕەتی دەیەوێت سیاسەتێکی لەم شێوەیە لە تورکیادا بچەسپێنێت.
ڤ.م
سەرچاوە: ڕۆژنامەی یەنی یاشام
