بەپێی بەڵگەنامەکان وەزارەتى کارەبا دەستی بەسەر یەکێک لە گەورەترین و بەرفراوانترین تۆڕەکانی گەندەڵی، قۆستنەوەی پلەی وەزیفی و فەرمانبەری بن دیوار لە مێژووی کەرتی وزەدا گرتووە، کە ٥٤٩ ناوی فەرمانبەری بن دیوارى لەخۆگرتووە بە دەستتێکەڵکردن لەگەڵ لایەن و دامەزراوەی دەرەکی، کە دیارترینیان بانکی ڕەشید و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خوێندنی پیشەیین، ناوەکانیان تۆمار کرابوو و مووچەکانیان بۆ بە بانکی کرابوو.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو گەندەڵییە لە ئەنجامى لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بەردەوامەوە ئاشکرا کراوە، ئێستا ناوەکان بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەى بدرێتە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرخی سێیەم بۆ بەدواداچوونی ڕێکارە یاساییەکان.

هاوکات عەلی سەعدی وەهیب وەزیری کارەبا ڕێنمایی دا بە دەرکردنی فەرمانی وەزاریی دەستبەجێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ڕێکار و فەرمانە وەزاری و کارگێڕییەکانی تایبەت بە دامەزراندنی ناوە وەهمییەکان، لە سەرووی هەموویانەوە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنی ئەو تۆمەتبارانەی تێوەگلاون لە بەڕێوەبردنی ئەم تۆڕەدا، سەرەڕای قوڵکردنەوەی وردبینیی گشتگیر بۆ تەواوی دامەزراندن، گرێبەست و زانیارییەکان بۆ زانینی هەر پێشێلکارییەکی تر و دیاریکردنی کەمتەرخەمان.

جێگەى ئاماژەیە، گەندەڵی یەکێکە لە نەخۆشییە هەرە کوشندەکان کە هەرگیز بەرۆکى عێراق بەرنادات، سەرەڕایی ئەوەى هەموو سەرۆکوەزیرانەکان کە دێنە سەر دەسەڵات بەڵێنى بنبڕکردنى گەندەڵی دەکەن، بەڵام دواى تەواوبوونى ماوەی یاساییان دەردەکەوێت، حکومەتەکەیان لە حکومەتەکانى پێشووتر گەندەڵتر بوون.

هـ.ئ

2 وێنە
1 / 2