یاریکردن بە نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان ڕێگایەکە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆ دەستکەوتن و کۆکردنەوەی زۆرترین داهات، جگە لەم هۆکارە هیچ بیانوویەکی دیکەی نییە، ئەمەش بارگرانی و قورساییەکی زۆری خستووەتە سەر شانی هاووڵاتییان و بە پلەی یەکەم زیانە بۆ گیرفانی هاووڵاتییان.
ئێستا نرخی جۆرەکانی بەنزین لە هەرێم چۆنە؟
لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێم سێ جۆر بەنزین بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت (نۆرماڵ، موحەسەن، سوپەر)، نرخەکانیشیان لە چوار پارێزگاکەی هەرێم (هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە جیاوازە.
بۆ نموونە، نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر ١٢٥٠ دینار و لە دهۆک ١٣٥٠ دینار بوو، ئەمڕۆ کرا بە ٨٥٠ دینار، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخەکەی ١١٥٠ دینارە، نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن لە هەولێر و دهۆک ١٥٩٠ دینارە، لە سلێمانی و هەڵەبجە ١٣٥٠ دینارە، سوپەر لە هەولێر و دهۆک نرخەکەی ١٦٩٠ دینارە، لە سلێمانی ١٥٥٠ دینارە.
دوێنێ دووشەمە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕیاریدا نرخی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە نرخی ٧٥٠ دیناری زیاد بکرێت و بە نزینی نۆرماڵی بازرگانییش بۆ ٨٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک کەم بکرێتەوە، ئەم بڕیارە لەبەرژەوەندی هاووڵاتییانە، بەڵام لە زیانی بەنزینخانەکانە.
بڕیارەکەی وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کە نرخەکەی دابەزاندووە بۆ ٨٥٠ دینار لە کاتێکدایە کە هەر بەنزینخانەیەک لیتری بەنزینی نۆرماڵی بە ١٣٠٠ دینار لە کۆمپانیای لاناز و کار کڕیوە، کەواتە بەنزینخانەکان ئەگەر بەنزین بە ٨٥٠ دینار بدەن بە هاووڵاتییان ٤٥٠ دینار زەرەر دەکەن، ئەم ڕێژەیە بۆ هەر تانکەرێک ١٧ بۆ ١٨ ملیۆن دینار زەرەر دەکات.
حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆکی ئاگادار کردووەتەوە هەر بەنزینخانەیەک پابەندی بڕیارەکە نەبێت سزا دەدرێت و بەنزینخانەکەی پێدادەخرێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ ناکرێت، بۆچی؟ وەڵامەکەی ئەمەی خوارەوەیە.
ڕۆژنیوز بە شێوەیەکی مەیدانی سەردانی بەشێکی زۆری لە بەنزینخانەکانی سلێمانی کردووە و پرسیاری ئەوەی لە خاوەن بەنزینخانەکان کردووە، ئەوان دەڵێن: ئێمە هەر لیترێکی بەنزین بە ١٣٠٠ دینار کڕیومانە، ئێستا بە قسەی حکومەت دەبێت بیدەینەوە بە ٨٥٠ دینار، ئەوەش زەرەرێکی زۆری مادییە بۆ ئێمە هەر تانکەرێک زیاتر لە ١٠ هەزار دۆلار زەرەری لێدەکەین.
وتیشی: خاوەن بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆکیش ئەوانیش وەک ئێمە زەرەر دەکەن، بەڵام لە ترسی فشار و هەڕەشەکان ناچار بوون مل بۆ بڕیارەکەی حکومەت بدەن.
هەروەها ڕۆژنیوز پەیوەندی کرد بە بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی و جەختی کردەوە: جێبەجێکردنی بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ ئەمڕۆ لە هەولێرەوە دەستپێدەکات و سووتەمەنی لە پاڵاوگەی لانازەوە دەبێت بگوازرێتەوە بۆ هەموو پارێزگاکان، چاوەڕوانین بەنزین بە نرخێکی جێگیر، بەنموونە لیترێکی بە ٨٢٠ دینار بدرێت بە بەنزینخانەکان و ئەوانیش بە ٨٥٠ دینار بە هاووڵاتییانی بفرۆشن.
بەهمەن شێخ قادر وتیشی: هێشتا بڕیارەکە لە بەشێک لە بەنزینخاکان جێبەجێنەکراوە، بە هۆکاری ئەوەی هاوڵاتییەکە خۆی سووتەمەنیی کڕیوە و دەیفرۆشێتەوە نەک بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومەت، پڕۆسەکە کاتی دەوێت و هەرکات سووتەمەنی بگات بە بەنزینخانەکان بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزین جێبەجێدەکرێت.
لە بەیانی ئەمڕۆوە هێزێکی ئاسایش و پۆلیسی هەولێر و دهۆک لە ئیدارەکانی سۆران و زاخۆ، بەنزینخانە بە بەنزینخانە دەگەڕێن ئەوەی پابەند نەبێت؛ بەنزیخانەکەی پێ دادەخەن و سزای دەدەن تا ئاستی دەستگیرکردن و سزای دارایی، هۆکارەکەش تەنیا ئەوەیە ئەم بڕیارە مەسروور بارزانی دەریکردووە.
پاڵاوگەی کار و لاناز
پاڵاوگەی کار و لاناز دوو پاڵاگەن لە سنووری پارێزگای هەولێر نەوت دەپاڵێون و خاوەندارییەتیان کەسانی نزیکی بنەماڵەی بارزانین، تەواوی بەنزینی هەرێمی کوردستان لەو دوو پاڵاوگەیەوە بەرهەمدەهێندرێت و دابەش دەکرێت.
بەپێی ڕێککەوتنی هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق لە کابینەکەی سوودانی ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم بەبێ بەرامبەر دەدرێت بەو دوو پاڵاوگەیە تاکو بەرهەمەکانی نەوتی سپی و بەنزین و گاز بۆ پێداویستی ناوخۆی هەرێم بەرهەمبهێنن.
ئەو دوو پاڵاوگەیە لە کاتێکدا کە نەوتی ئەم هەرێمە کە سامانی خەڵکی کوردستانە بەبێ بەرامبەر وەردەگرن، بەڵام بەرهەمەکانی ئەو نەوتە کە بەنزین و نەوتی سپی و گاز و بەرهەمی تریشە بە نرخێکی زۆر گرانتر لە هەموو وڵاتانی جیهان بە هاووڵاتییان دەفرۆشنەوە، نرخی ئێستای بەنزین و نەوتی سپی باشترین بەڵگەیە.
ئەگەرچی بەپێی رێککەوتنی هەرێم و بەغدا ڕۆژانە ٥٠ هەزار بەرمیل دەدرێت بەو دوو پاڵاوگەیە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رۆژنیوز کە لە چەند سەرچاوەیەکی تایبەتی خۆیەوە دەستیکەوتووە ئەو بڕە ٥٠ هەزار بەرمیل نییە، بەڵکو لەنێوان ٧٥ بۆ ٩٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانەدایە.
گرانی بەنزینی موحەسەن و سوپەر
جگە لە نرخی بەنزین کە نۆرماڵە، نرخی دوو جۆرەکەی تر کە موحەسەن و سوپەرە ئەوانیش بە خێرایی بەرز بوونەتەوە؟ ئەم دوو جۆرەشیان هەر لە پاڵاوگەی لاناز و کار بەرهەم دەهێندرێن و بە سەروو هەزار دینار بە بازرگانەکان دەفرۆشرێنەوە ئەوانیش لە بازاڕدا بە بەنزینخانەکانی دەفرۆشنەوە.
هەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگەدا وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان بڕیاریدا بە کردنەوەی بازگەکان بۆ هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی، بەڵام ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکرا و تا ئیستاش لە بازگەکان ڕێگە نادرێت بە نزینی بازرگانی بێتە ناو هەرێم، مەگەر بازرگانێک بە پشتگیری دەسەڵاتداران و حزبیی نەبێت.
مەبەستەکەی ئەم ڕێگرییەش بۆ ئەوەیە نرخی ئەو دوو جۆرەی بەنزینیش کە کار و لاناز بەرهەمی دەهێنن دانەبەزێت و بەنزینەکەی ئەوان بە گران لە ناوخۆی هەرێم بفرۆشرێتەوە، بۆیە ڕێگری لە هاتنە ناوەوەی بەنزینی بازرگانی شارەکانی عێراق دەکرێت بۆ ناو هەرێم.
بەڵام پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ ئەوەی دووپاتکردەوە کە فەرمانیان بە بازگەکان کردووە ڕێگە بە هاتنی بەنزینی بازرگانی بدەن، سەرەڕای دووبارەکردنەوەی چەندینجاری ئەم لێدوانە، بەڵام ڕێگرییەکان بۆ هێنانی بەنزین هەر بەردەوامە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێم لەنێوان ملیۆن و ٦٠٠ هەزار بۆ دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەو پێیەش هەرێم ڕۆژانە پێویستی بە پێنج بۆ شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بە پێی هەندێک لە ئامارەکانی ڕۆژانە، بە بەهای نزیکەی ٧ ملیار و ٦٠٠ بۆ ٨٠٠ ملیۆن دینار بەنزین لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت.
چارەسەری گرانی بەنزین
چارەسەری ئەم گرانیەی بەنزین بە دوو ڕێگا دەکرێت، یەکەمیان هەردوو پاڵاوگەی کار و لاناز کە بە بێبەرامبەر نەوت وەردەگرن، بەنزین بە نرخێکی هەرزان و هاوشێوەی پاڵاوگەکانی حکومەتى عێراق لیترێک بەنزین بە ٢٥٠ یان ٣٠٠ دینار بە بازرگانەکان بفرۆشن تا بەنزینخانەکان بە ٤٥٠ دینار بە هاووڵاتییان بفرۆشنەوە، ڕێگای دووەمیش هێنانی بەنزینی بازرگانییە بۆ ناو هەرێم کە ئەمەش کێبڕکێ نرخ درووست دەکات و کاریگەری لەسەر دابەزاندنی نرخەکەی دەبێت.
خاوەن بەنزینخانەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەگەر پاڵاوگەکان ناچار بە دابەزاندنی نرخی بەنزین نەکرێن ئەوا ناچارن ئەوانیش بەنزین نەهێنن یان بیهێنن و هەر بەم نرخەی ئیستا بە هاووڵاتییان بفرۆشنەوە، بەمەش دیسان قەیرانی گرانی بەنزین هەر بەردەوام دەبێت.
لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ دێتە پێشەوە، ئێستا وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان کە بڕیاریداوە بەنزینی نۆرماڵ بکاتە ٨٥٠ دینار، بۆچی چەند ساڵە ئەم بڕیارە نەدراوە؟ چۆن ئیستا دەتوانن بەو نرخە بەنزین بە هاووڵاتیان بفرۆشن، بەڵام چەند ساڵە نەیانتوانیوە؟
بەوتەی بەشێک لە پەرلەمانتارانی هەرێم و شارەزایانی بواری ئابووری، ئەم پرسیارە یەک وەڵامی هەیە ئەویش ئەوەیە کە حکومەتى هەرێم دەتوانێت بە کەمتر لە ٤٥٠ دیناریش بەنزین بداتە هاووڵاتییان، بەڵام نایکات، چونکە ئەو دوو پاڵاوگەیەی کە بەنزین بەرهەم دەهێنن هی دەسەڵاتدارانن و دەیانەوێت لەسەر حسابی گیرفانی هاووڵاتییان خۆیان دەوڵەمەند بکەن.
هەر بە پێی بەدواداچوونەکەی ئاژانسیی ڕۆژنیوز، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گرانی نرخی بەنزین ئەوەیە بەنزین لە هەرێمەوە ڕەوانەی تورکیا دەکرێت و ڕۆژانە سەدان تانکەر بەنزین لە پاڵاوگەکانی کار و لانازەوە دەچێتە تورکیا، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە نرخی ئەو بەنزینەی ڕەوانەی تورکیا دەکرێت کەمترە لەو نرخەی کە لەناوخۆ بە هاووڵاتییان دەفرۆشرێت.
لە بەغداوە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی شارەکانی عێراق بکرێت بە ٤٥٠ دینار، لەوبارەیەوە د. غالب محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بۆ رۆژنیوز ڕایگەیاند، پرسی نرخی بەنزینمان خستووەتە سەر ناو فتوگۆکانی لیژنەی نەوت و گازەوە، دەبێت لە شارەکانی عێراق چۆن نرخی لیترێک بەنزین بە ٤٥٠ دینارە دەبێت لە هەرێمی کوردستانیش بکرێت بە ٤٥٠ دینار.
باسی لەوەشکرد، ئەو هەوڵەی ئەوان لە بەغدا وایکردوە کە وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بە پەلە بڕیاری ئەوە بدات نرخی بەنزینی نۆرماڵ بکاتە ٨٥٠ دینار، بەڵام دەڵێت: ئێمە بەوە ڕازی نابین، دەبێت بەنزین بکرێت بە ٤٥٠ دینار، چونکە کارو لاناز بە بەلاش نەوت وەردەگرن کە موڵکی خەڵکە بۆچی دەبێت بەنزین ئەو نرخە بەرزە بێت لە هەرێم.
ئێستا یەکێک لە مەترسییەکانی دابەزاندنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ بۆ ٨٥٠ دینار ئەوەیە کە ئەم دابەزاندنە لەسەر حسابی کوالێیتییەکەی بێت، واتە بەنزینەکە خراپ بێت و ئۆتۆمبێلەکان تێکبدات، چونکە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمە کراوە و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێل خراپ دەبوون و لەناکاو دەسووتان.
دەرئەنجام لەم زانیاری و ئامارانەوە ڕوون دەبێتەوە، قەیرانەکە حکومەتی هەرێم خۆی درووستیکردووە و ئامانج لێی کۆکردنەوەی زۆرترین پارەیە لە ڕێگای هەردوو پاڵاوگەی کار و لاناز، لە ئەنجامدا هاووڵاتیی زەرەرمەندی یەکەمی ئەم دۆخەیە، لەکاتێکدا کە دۆخی دارایی هاووڵاتییان و مووچەخۆران لە ئاستێکی زۆر خراپ و ناجێگیردایە.
هـ.ح
