ڕۆژ بە رۆژ ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان سەخت و ناڕەحەتتر دەبێت، دواکەوتنی مووچە و بەرزبوونەوەی نرخی پێداویستییەکانی ڕۆژانە و نەبوونى کار و کەسابەت وایکردووە خەڵک ژیانی زۆر زەحمەت و قورس بێت، لەوبارەیەوە هاووڵاتییان بۆ ڕۆژنیوز باس لە بارودۆخی خۆیان و هۆکاری ئەم دۆخەش ڕوون دەکەنەوە.

​هەڵوێست محەمەد

​هەڵوێست محەمەد هاووڵاتییەکی شاری سلێمانیی و دەڵێت: لەگەڵ خراپبوونی بارودۆخەکەدا ناچارین ئەو پێداویستییانەی پێشووتر دەمانکڕی، ئێستا کەمیان بکەینەوە، ئەمەش بەهۆی نەدانی مووچە و خراپی دۆخی داراییەوە، لە چاو پێشووتردا کەمتر ئەو پێداویستییانە دەکڕین، واتە ئەگەر پێشتر فەردەیەک شەکرمان بکڕی بێت، ئێستا کەمتر و بۆ چەند کیلۆییەک کەمی دەکەینەوە، لە زۆر پێداویستیی تریشدا بە هەمان شێوەیە.

مووچەخۆر دەبێت کارێکی تریش بکات تا بژێوی خێزانەکەی دابین بکات.

شازاد سەروەر هاووڵاتییەکی دیکەیەی سلێمانییە و باس لەوە دەکات، حاڵی بازاڕ نە ئەوەندە خراپە و نە ئەوەندەش باشە، بەهۆی ئەوەی خەڵک بە گشتی پارەی پێ نییە،

شازاد سەروەر

نەیتوانیوە هەموو شتێک بکڕێت، من وەک کاسبکارێک دۆخم باشترە لە کەسێکی مووچەخۆر، چونکە مووچەخۆر دەبێت کارێکی تریش بکات تا بژێوی خێزانەکەی دابین بکات.

وتیشی: نرخی شتومەک زۆر بەرز بووەتەوە و جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ جاراندا هەیە، هاوکات خەڵکی خۆمان بەهۆی زۆربوونی کرێکاری بیانییەوە کەمتریان ئیش دەست دەکەوێت، ئەگەر دەستیشیان بکەوێت بە کرێیەکی زۆر کەمتر کار دەکەن.

​عوسمان کەریم دووکاندارە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی و ڕوونیدەکاتەوە، نرخی هەموو پێداویستییە سەرەکییەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە، بەتایبەت لە ڕووی خۆراکەوە وەک برنج، ڕۆن، کەرەستە ڕۆژانە، لەگەڵ ئەمەشدا بازاڕ زۆر لاواز بووە، گەورەترین هۆکاری ئەم بێ بازاڕییە نەدانی مووچەی هاوڵاتییانە.

​عوسمان کەریم

ئەو دووکاندارە وتیشی: نەبوونی مووچە وایکردووە، چیتر گرنگ نەبێت نرخەکان بەرز بن یان نزم، چونکە خەڵک پارەی پێ نییە، لە بازاڕدا لە دوکاندارەکان زیاتر کەسی تر نابینیت و بژێوی ژیانمان بە گشتی چوار بۆ پێنج هەزار زیاتر نییە، جاران تەنها لە چەند ڕۆژی سەرەتای پێدانی مووچەدا جووڵە دەبوو، بەڵام بێ مووچەیی ژیانی هەمووانی پەکخستووە.

نرخەکان زۆر بەرز بوونەتەوە.

یەکێکی دیکە لەو دووکاندارانەی کە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کردووە سیامەند ڕەشیدە و دەڵێت: ئەو کارەی دەیکەم بەشی بژێوی ژیانم ناکات، چونکە بازاڕ زۆر لاواز بووە،

سیامەند ڕەشید

جاران دووکاندارێک دەیتوانی ١٠ ماڵ بەخێو بکات، بەڵام ئێستا وای لێهاتووە کە خۆشی قەرزدار دەردەچێت.

وتیشی: مووچە ٤٧ ڕۆژە دواکەوتووە، هەموومان چاوەڕێی مووچەن، تەنانەت ئەگەر  هاووڵاتییانیش  مووچەکانیشیان وەربگرن، بەشی زۆرێک لە پێداویستییەکان ناکات، چونکە نرخەکان زۆر بەرز بوونەتەوە.

٤٧ ڕۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە، ئەمڕۆ دوای ٤٧ ڕۆژ بڕیارە مووچە دابەش بکرێت، بەڵام دواکەوتنی مووچە وایکردوە کە هاووڵاتییان ژیانیان سەخت و دژوار بێت، وەک هاووڵاتییان خۆشیان باسی دەکەن، ئەو مووچەیەی وەریشی دەگرن سودی لێ نابینن، چونکە بەشێکی زۆری دەبێت بیدەنەوە بە حکومەت و بەشەکەی تریشی لەو قەرزانە بدەنەوە کە ڕۆژانە بۆ خەرجی ڕۆژانەیان کردوویانە.

هـ.ح